بنکۆڵکاری

ڕووگەی مووشەكەكان لە بەغداوە بۆ هەولێر

Mic
2021-07-09

لە ئێستادا عێراق بووەتە جێی جەنگی درۆنەكان و كوردستانیش بووەتە بەشێك لەو ململانێیە، ئیستا گروپە چەكدارەكانی نزیك ئێران شەڕی سەنگەر ناكەن و هەركات بیانەوێت بە مووشەك یان بە درۆن هێرش دەكەنە سەر هەولێر و بە ئاسانی ئاسمانی شارەكە دەبەزێنن. 

لە نوێترین هێرشدا، شەوی 6-7-2021 بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو هێرشكرایەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و كۆنسوڵخانەی ئەمریكاش زەنگی ئاگاداركردنەوەی لێدا.

هێرشەكە بە درۆن بووە و درۆن بریتییە لە فرۆكەی بێ فرۆكەوان كە دەكرێت ئۆتۆماتیكی كاری خۆی بكات یاخود كەسێك لە شوێنیكی ترەوە  كۆنتڕۆڵی بكات بۆ ماوەیەكی دورودرێژ.

لەماوەی ساڵی رابردوودا چەندین هێرش كراوەتە سەر فرۆكەخانەی هەولێر و هەموویان بەتەواوی پەیوەندییان پێكەوە هەیە،  سەرجەمیشیان یەك بكەریان هەیە كە گروپە چەكدارە جیاوازەكانی سەر بە حەشدی شەعبی نزیك لە ئێرانن.

درۆنی سەربازی كەمترین ماوەی لە ئاسماندا 50 كیلۆمەترە و دوورترین مەوداش نزیكەی 25 هەزار كیلۆمەترە، بەپێی راپۆرتێكی پێگەی دی دەبلیوی ئەڵمانی ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی درێژخایەنترین پرۆگرامی درۆنی هەیە. 

تەنها لە پێنج ساڵی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئێران، توركیا، ئیسرائیل، و ئیمارات ملیارێك و ٥٠٠ ملیۆنیان لە پرۆگرامی درۆندا سەرف كردووە.

لەمانگی رابردوودا حوسەین سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران رایگەیاند درۆنیان هەیە  كە توانای فڕینی حەوت هەزار كیلۆمەتری هەیە.

بەڵام ئەم درۆنانە نادرێن بە هێزەكانی سەر بە ئێران بەڵكو زۆربەیان درۆنی بچوك و كورت مەودایان هەیە. 

ئەوەی لە هێرشەكەی هەولێردا بەكارهات درۆنی بۆمبی چێنراو بوو كە درۆنێكی ئاساییە و بۆمبێكی پێوە دەبەسترێتەوە و لە جێگەی مەبەست بۆمب و درۆنەكە دەتەقنەوە، بەو پێیەش دەگونجێت ئەوەی هێرشەكەی ئەنجام دابێت لەناو هەولێردا بووبێت. 

ئەم جۆرە تەكنینكە لە بەكارهێنانی درۆن لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەكار دەهێنرێت كاتێك شەڕی دژ بە داعشی دەكرد.

بەپێی وتەی مایكڵ نایتس، شارەزا لە بواری ئەمنی عێراقدا، حوسییەكانی یەمەن و حیزبوڵای لوبنان درۆنی باشتریان پێدەگا وەك لە حەشدی شەعبی بۆیە گروپەكە لەو لایەنەوە كەمێك فەرامۆشكراون و وردە وردە درۆنی پێشكەوتوویان بۆ رەوانە دەكرێ. 

لە ناوەراستی مانگی رابردوو، حەشدی شەعبی نمایشێكی سەربازی ئەنجامدا و تێیدا چەندین درۆنی قەبارە بچوك و گەورەی نیشاندا كە هەندێكیان توانای بڕینی هەزار كیلۆمەتریان هەیە. 

دوای هێرشە درۆنییەكەی هەولێر، گروپی سەرەیا ئەولیا دەم بەرپرسیارییەتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند كە بارەگایەكی نهێنی سیخورانی ئیسرائیلییان كردووەتە ئامانج. 

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو كە "ئەگەر دوژمن دان بە زیانەكانیدا نەنێت ئەوا پێیان دەڵێین چەند زایۆنیمان كوشتووە لە ئۆپەراسیۆنەكەی هەولێر".

بەڵام هێزەكانی هاوپەیمانان دوای هێرشەكە رایگەیاند هیچ زیانێكی ماددی و گیانی نەبووە و تەنها پوش و پەڵاش سووتاوە.

میدیا جیهانیەكان باس لەوەدەكەن، ئامانج لە هێرشەكانی سەر هەولێر و بەدیاریكراویش ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر بنكەكانی هاوپەیمانان پەیوەندی بە قوڵبوونەوەی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریكاوە هەیە.

هەروەها باس لەوەشدەكرێت ئەم هێرشانە وەك فشاری ئێران لێكدەدرێتەوە تا خواستەكانی بەسەر ئەمریكا و هێزە عێراقیەكاندا بسەپێنێت.

ئەوەی پەیوەندی هەیە بە گۆڕانی ئامانجی هێرشەكە  لە بەغداوە بۆ هەولێر قوڵبوونەوەی ناكۆكیەكانی هەولێر و بەغدایە.

ئێران دەیەوێت هێزە سیاسییەكانی هەرێم لەو لایەنانە نزیك ببنەوە كە لە خۆیەوە نزیكن، ئەویش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

پەیامێكی تر ئەوەیە ئێران دەیەوێت ئەو هەڕەشەیەی ئەمریكا پوچەڵ بكاتەوە كە لەئەگەری زیادبوونی هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا باڵیۆزخانەكە بگوازێتەوە بۆ هەولێر وەك پەناگەیەكی ئارام.

ئەم پەیامەش ئەوە دەگەیەنێت ئێران دەیەوێت ئەمریكا دڵنیا بكاتەوە كە لەهیچ شوێنێك پارێزراو نابێت.

ئەو هێرشانەی سەر هەولێر هاوكاتن لەگەڵ ئەو هێرشانەی حوسیەكانی یەمەن بۆ سەر چەند ئامانجێكی سعودیە ئەنجامی دەدەن، ئەمەش بەڕێكەوت نییە و ئێران پێكەوە لە چەند شوێنێك فشاری بۆ ئەمریكا هێناوە.

لەساڵی ٢٠٢٠ەوە شەش جار هێرش كراوەتە سەر هەولێر بە موشەك و فرۆكەی بی فرۆكەوان كە یەكەم هێرش شەوی چوارشەممە 9-1-2020 كرایە سەر فرۆكەخانەی هەولێر تێیدا شەش موشەك ئاراستەی فرۆكەخانەكە كران.


More News

Most Popular

تەندروستی

لە سوڕی مانگانەدا چی بكەم بۆ ئەوەی ئازارم كەم بێتەوە؟

Mic
2023-03-23

بەشێك لە خانمان لەكاتی سوڕی مانگانەدا هەست بە كرژبوون و ئازارێكی تاڕادەیەك قورس دەكەن،  كە وادەكات كارە ئاساییەكانی ڕۆژانەیان بۆ سەختتربێت، بۆ ئەوەی ئازارەكانی پەیوەست بە سوڕی مانگانەت كەم بكەیتەوە ئەم ڕێنماییانە جێ بەجێ بكە:

كاتی سوڕی مانگانە هەوڵبدە شیرینی، چەوری وسوێری و كافاین كە لە چا و قاوەدا هەیە كەم بكەیتەوە.

حەبە ئازارشكینەكانی وەك ئیبوپروفین (٦٠٠-٨٠٠) میلیگرامی بخۆ بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكەت

هەوڵبدە بەشێوازی بازنەیی مەساجی بەشی خوارەوەی سكت بكە.

باشترە خواردنی سەوزە ومیوە زیاد بكەیت لە ژەمەكانت، ژەمەكانت با سوك بن  و زوو زوو خورادن بخۆ.

شتێكی گەرم لە شێوەی " جەوەنە" بخەرە سەر سكت.

خواردنەوە گەرمەكان بخۆوە.

هەوڵبدە دوربكەویتەوە لە سترێس و دڵە ڕاوكێ، پیاسەیەكی كەم یان یۆگا وهەرچالاكییەكی دیكە وادەكات كەمتر هەست بەئازار بكەیت.

هەوڵبدە بە ئاوێكی گەرم خۆت بشۆیت.

بۆچی لەكاتی سوڕی مانگانە هەست بە ئازار دەكەم؟.

لەكاتی سوڕی مانگانەدا دیواری منداڵدان كرژ دەبێت بۆ ئەوەی یارمەتی داماڵینی ناوپۆشی منداڵدان بدات لەكاتی سوڕی مانگانەدا، ئەمەش فشار دەخاتە سەر مولولەی خوێنەكان و وادەكات  ڕۆشتنی خوین بۆ ئەو بەشەی جەستە كەم بێتەوە بەمەش ئۆكسجینی تەواو ناگاتە خانەكانی منداڵدان، لەم حاڵەتەشدا لە نەبوونی ئۆكسجیندا خانەكانی منداڵدان دەست ئەكەن بەدەردانی ماددەی كیمیایی كە دەبنە هۆی هەستكردن بە ئازار،لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ماددە كیمیاییانە دەبنە هۆی دەردانی ماددەیەكی دیكە بەناوی پڕۆستاگلاندین، ئەمەش وادەكات زیاتر دیواری منداڵدان كرژ ببێت و ئازارێكی زۆرتر دروست بكات.