ئایا بیردەکەیتەوە لەوەی کارێکی تایبەت بە خۆتت هەبێت؟ بەڕێوەبردنی کۆمپانیایەك سەرکێشییەکی خۆشە و دەتوانێت دڵنیاییەکی کارکردنی باشترت پێببەخشێت وەك لە کارێکی ئاسایی، بەڕێوبەرێك نەبێت بەسەرتەوە وەکو ئەوە وایە لە بەهەشتدا بیت بەڵام دەشبێت ئەوە بزانیت کارێکی زۆر دەکەوێتە ئەستۆت.
ئاساییە هەست بکەیت ئامادەیت پێش وادەی خۆی و ئاساییشە ترسی زۆر دوای وادەی ئامادەبوونت دوات بخات، ئەمە 15 نیشانەن لەوانەیە دەریبخەن کە تۆ ئامادەیت بۆ ئەوەی ببیت بە خاوەن کاری خۆت:
1- حەزت بۆ گەشتە نوێیەکەت هەیە
حەزلێبوونی بابەتەکە هەندێك کات زۆر گەورە دەکرێت، بە تەنیاش حەزلێبوونت بۆ کارەکە بەس نییە بەڵام بنچینهییه، دڵنیابە لەوەی کارەکەت حەزێکی زۆرت بۆی هەیە نەوەك هەروەکو کارەکەی ئێستات بێزاربیت تیایدا.
2- بە تەواوەتی متمانەت بە بیرۆکەکەت هەیە
کاتێك گەشتە نوێکەت دەستپێدەکەیت ڕووبەڕووی زۆرێك لە نەخێر و دەرگای داخراو دەبیتەوە، دەبێت باوەڕێکی بەهێزت بە بەرهەمەکەت یان خزمەتگوزاریەکەت هەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا.
3- بەرهەمەکەت یان خزمەتگوزاریەکەت کە پێشکەشی دەکەیت بازاڕێکی زۆری هەیە
کارێکی باش بریتییە لەوەی خەڵك پارە بدەن بەو شتەی تۆ حەزت لە کردنیەتی، پێش ئەوەی واز لە کارەکەت بهێنی و کۆمپانیایەك دروست بکەیت دڵنیابە لەوەی بەرهەمەکەت یان خزمەتگوزاریەکەت بازاڕی هەیە.
4- هاوپیشەکانت دەناسیت
گەر ئەو کەسانەت لە مێشکدایە کە دەتەوێت لەگەڵیاندا کارەکە بکەیت و ڕەزامەندی ئەوانت لەلایە ئەوا دەکرێت ئامادەبیت بۆ ئەوەی دەستپێبکەیت، بەڵام گەر نیازت ئەوەیە بە تەنیا کارەکە بکەیت ئەوا کەی ویستت دەتوانیت دەستپێبکەیت.
5- نەخشەیەکت هەیە
خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر و چاوەڕوانی کردنی ئەوەی ڕاستەوخۆ گەشتێکی نوێ دەستپێبکات بیرۆکەیەکی باش نییە، پێش ئەوەی واز لە کارەکەی ئێستات بهێنیت دڵنیابە لەوەی نەخشەیەکت هەیە بۆ کارە نوێکەت، نەخشەکەت بە تەواوی داڕێژرابێت یاخود چەند شتێکی سەرەکی لەخۆ بگرێت.
6- بیرۆکەیەکی باشت هەیە لەسەر براندەکەت
براندەکەت ئەو ڕێگەیەیە کۆمپانیاکەت بە خەڵک دەناسێنیت. ئایا گاڵتە ئامێزیت، پرفیشناڵیت یان کلاسیكانە بیر دەکەیتەوە؟ دڵنیابە لەوەی باش براندەکەت دەناسیت و چۆنیش پەیوەندی دەکات بە خەڵکەوە.
7- ئامادەییت تێدایە بۆ ئەوەی زۆر شت فێربیت
ئەزمونی دەستپێکردنی کارێکی سەربەخۆی خۆت زۆر شتت فێردەکات دەربارەی خودی خۆت و بازاڕ، ئامادەبە بۆ فێربوونی ئەم وانانە ئهگەر تەنانەت ڕووبەڕووی بەها و بنەماکانت ببنەوە.
8- دەتوانیت ڕووبەڕووی ترسی شکستهێنان ببیتەوە
ترس لە شکستهێنان دەکرێت بە تەواوی بتوەستێنێت لە جیهانی کاردا، هەموومان هەستی پێدەکەین بەڵام ئهگەر نەتوانیت ڕووبەڕووی ببیتەوە ناتوانیت کارێکی نوێ دەستپێبکەیت.
9- دەتوانیت ڕووبەڕووی ترسی سەرکەوتن ببیتەوە
ئەم خاڵەیان سەیرە بەڵام هەندێك کەس هەن دەترسن لە سەرکەوتن، سەرکەوتن پێشبینی بەرزتر، کاری زیاتر و تێڕوانینی ڕوونتر دەهێنێت لەگەڵ خۆیدا. ئهگەر ئامادەنیت بۆ ئەم شتانە ئەوا ئامادەنیت دەستپێبکەیت.
10- بڕێك پارەت بەدەستەوەیە
هەندێك کار بە پارەیەکی کەم دەستیپێدەکرێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین سەرکەوتن کاتی دەوێت، ئهگەر بڕێك پارەی کۆکراوەت هەبێت یان ڕێگایەکی ترت هەبێت بۆ دەستکەوتنی پارە لە کاتێکدا کۆمپانیاکەت وردە وردە گەشە دەکات، زۆر ئامادەیت وەك لە کەسێك سەرتاپای لە قەرزدابێت.
11- لە نیوەی گۆڕانکاری گەورەدا نیت لە ژیانتدا
گۆڕانکاری گەورە لە ژیانماندا وامان لێدەکەن بمانەوێت کارێکی نوێ بدۆزینەوە، ئەمە شتێکی باشە بەڵام دڵنیابە لەوەی گۆڕانکاریەکەت تەواو کردووە پێش ئەوەی دەستپێکەیت، دەبێت کات بدەیت بە خۆت بۆ باشبوون پاش ئەوە هەوڵی دەستپێکێکی نوێ بدە لە کارێکی نوێدا.
12- ئەزمونت هەیە لە بوارە نوێکەتدا
گەر ئەزمونت هەبێت لەو بوارە کارەی دەتەوێت ئەوا بە تەواوی ئامادەیت بۆ دەستپێکردن، گەر ئەزمونت نییە ئەوا بیر لەوە بکەرەوە کارێکی لاوەکی بکەیت لەپاڵ کارە سەرەکیەکەتدا بۆ پەیداکردنی ئەزمون.
13- زۆر دەربارەی خودی بازرگانی دەزانیت
ناکرێت هەرکەسێك ئیشی هەویری زانی بچێت نانەوخانەیەك بکاتەوە، داواکاریەکانی سەر بازرگانەکان زۆر زیاترە لەوەی خودی کارەکەیان بکەن، ئهگەر زانیاری باشت هەبێت دەربارەی بازرگانی وەکو بەکرێگرتن و بە قەرزدان و بەبازاڕکردن ئەوا لە پێگەیەکی زۆر باشدایت بۆ دەستپێکردنی گەشتەکەت.
14- باشیت لە دابەشکردنی کاتەکانتدا
زۆرینەی کات خەڵك دەیەوێت بازرگانیەکی نوێ دەستپێکات چونکە ڕقی لە بەڕێوبەرەکەیەتی، بەڵام ئایا تۆ هێندە توانات هەیە ببیت بە بەڕێوبەری خۆت؟ بوونت لە جیهانی بازرگانیدا پێویستی بە خۆڕاگریە، ئهگەر بە باشی کاتەکانت دابەش بکەیت ئەوا زۆر نزیکتریت لەوەی بە تەواوی ئامادەبیت وەك لەوەی پشت بە خەڵکی تر ببەستیت بۆ ئەوەی هانتبدەن.
15- مەترسیەکانی بوون بە خاوەنی بازرگانیەك دەزانیت
بازرگانەکان لەوە تێدەگەن کە سەرکێشی دەکەن، ئەگەر هەیە کە هەرگیز قازانج نەکەیت، ئەگەر هەیە هێندە خێرا گەشە بکەیت کە نوقمبیت لە کێشەدا، ئامادەبوونت بۆ تێگەیشتن لەو مەترسیانە نیشانەی ئەوەن کە ئامادەیت بۆ ئەوەی دەستپێبکەیت.
ئەمە لیستێکی تەواو چڕ و پڕ نییە بی دهستپێردنی بازرگانییهكی سهربهخۆی خۆت، بەڵام باشە بۆ ئەوەی دڵنیابیت لەوەی ئامادەیت یاخود نا، ئهگەر بۆت دەرکەوت ئامادەنیت ئەمە وەکو ڕێنوێنیەك ببینە بۆ ئەو هەنگاوانەی دەبێت بیانگریتەبەر بۆ ئەوەی بگەیت بەوەی دەتەوێت، بە هیوای بەختێکی باش.
ئۆجەلان بانگەواز دەکات بۆ ئاشتی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام دەوڵەتی تورکیا پرۆسەکە بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەناسێنێت، پرۆسەکە بە هەر ناوێک بناسرێت، بەڵام لەم هەنگاوەدا کورد چ دەستکەوتێک بەدەستدەهێنێت و چی لەدەست دەدات؟
یەکەم گروپی 40 چەکداریی،چەکەکانیان لە ناوچەیەکی شاری سلێمانی دانا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ بانگەوازی ئاشتی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان.
بەپێی پێدوانەکانی بەرپرسە باڵاکانی تورکیا، ئەو چەک و تەقەمەنییانەی لە گەریلاکانی پەکەکە وەردەگیرێنەوە، ناهێڵن بکەوێتە دەستی هیچ هێزێکی دیکە و دەسوتنێرێت.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بە روونی ئاماژە بەوەدەکات کە ئیتر سەردەمی خەباتی چەکداریی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە بۆ کورد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی و تورکیا بەتایبەتی دەتوانێت ئایندەیەکی رۆشنتر و گەشتری هەبێت دوور لە پێکدادانی چەکداریی و رشتنی خوێنی یەکتریی.
لە پەیامێکی 40 لاپەڕەیی ئۆجەلاندا، کە رۆژی (27ی شوباتی 2025) لە کۆنگرەی پەکەکە خوێندرایەوە، رێبەری پەکەکە بۆ قۆناغی داهاتوو پابەندبوونی تورکیا بە بنەما دیموکراتییەکان و رێگەدان بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە دەسەڵات، بە گرەنتی چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەزانێت.
کۆنگرەی 12ی پەکەکە، بە کۆی دەنگ پرۆژەکەی ئۆجەلانی پەسەندکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنە چەکدارییەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان و دانانی چەک و بوار بەخشین بە سیاسەت و پرۆسەی دیموکراتی کە گرفتەکان چارەسەر بکەن.
موراد قەرەیلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی پارتەکە لە کۆنگرەی گشتییدا بەشدارییانکرد و گروپێکی دیکە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەشێوەی راستەوخۆ لە شوێنێکی دیکەوە بەشدارییانکرد و وەڵامی بانگەوازەکەی ئۆجەلانیان دایەوە.
کۆنگرەی 12 لە پەیامێکدا رایگەیاند: "پارتەکەمان لە سەرەتای 'پرۆسەی نوێی هەڵوەشاندنەوە'دایە و لە داهاتوودا لەڕێگەی چەند گروپێکەوە دەستدەکات بە دانانی چەک، بەمەبەستی بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی ئۆجەلان.
هەروەها ئۆجەلان رۆژی 9ی تەموز، بۆیەکەمجار پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ زیندانیکراوەکانی خۆیدا بانگەوازی ئاڕاستەی ئەندامانی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا کرد کە پلان و پرۆژەی ئاشتی وەکو خۆی جێبەجێ بکەن.
لەناو تورکیادا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، جەختی لەسەر هەوڵەکان بۆ بەدیهاتنی ئاشتیی و نەماتی تیرۆرکرد لە تورکیا و بە ئەندامانی پارتەکەی راگەیاند، خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغی سەختی داهاتوو، بۆئەوەی پرسەکان بەلاڕێدا نەبرێت و بەرپرسیارێتی مێژویی بڕیارەکە هەڵدەگرن.
ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرایکردووە، ئەردۆغان، پلانێکی هەیە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی 2028 بۆ جارێکی دیکە پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەدەستبهێنێتەوە و ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەبەریەکهەڵوەشێنێت و هێزە کوردییەکان بخاتە بەرەی خۆیەوە.
بەگشتی کوردەکان بەشدارییان نەکرد لە خۆپیشاندانەکانی 19ی ئازاری ئۆپۆزسیۆن دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و سەرکردەی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا، ئەوەش وەکو سەرکەوتنێک بۆ سیاسەت و بڕیاری نوێی ئەردۆغان لێکدرایەوە بۆ نزیکبوونەوە لە کوردەکان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ساڵی 1984 دامەزرا، بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارەتەکە کە لە ساڵی 1999 لە کینیا لە ئۆپەراسیۆنێکی میتی تورکیا دەستگیرکرا و هێنرایەوە بۆ تورکیا و زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
بەڵام پرۆژە نوێیەکەی ئۆجەلان زەمینەی بۆ کۆتایی هاتنی ململانێی چل ساڵەی نێوان چەکدارانی کورد و دەوڵەتی تورکیا سازکرد.
چاوەڕوانکراوەکان:
چارەنوسی ئۆجەلان: هێشتا چارەنوسی ئۆجەلان بە هەڵپەسێدراوی ماوەتەوە و لێدوانی جیاجیا بەدیدەکرێن، بۆ نمونە، پارتی داد و گەشەپێدان لە رۆژنامەی "تورکیا"ی زمانحاڵی حکومەت، ئاشکرایکردووە کە سیستمی بەندکردنی ئۆجەلان پاش هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، "هێوردەکرێتەوە"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئازادکردنی بدات.
یەکەمجار دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی حیزبی نەتەوەپەرستی تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، دەستپێشخەری ئاشتی کرد، بۆئەوەی لە پەرلەمانەوە بە یاسا گۆڕانکاریی لە بڕیاری سزای سەر ئۆجەلاندا بکرێت و ئاشتی بەرقەراربکرێت و کۆتایی بە تیرۆربهێنرێت.
هەر بۆیە شاندێکی دەم پارتی کە سری سورەیا ئۆندەر سەرپەرشتیی دەکرد، سەردانی دورگە ئیمرالیان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە و پرۆسەی ئاشتییان گەیاندە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو.
شاندی دانوستانکاری ئیمرالی، چەندینجار ئەوەیان راگەیاندووە کە ئیتر تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی تورکیادایە کە هەنگاو هەڵگرێت بۆ دەرکردنی یاسایەک کە کۆتایی بە دۆسیەی تیرۆر بهێنێت لە وڵاتەکەیان و ئۆجەلان ئازادبکرێت.
کوژراو یان شەهید؟
لەو یاسایەدا کە پەرلەمانی تورکیا دەریدەکات، دەبێت ئەو تێڕوانینەش راست بکرێتەوە کە 41 ساڵە هێزی خێر و شەڕی لەیەکتریی جیاکردووەتەوە.
لەمەودوا هەردوو لایەنی ناکۆکیی و بەشەڕهاتوو (پەکەکە و سوپای تورکیا) دەبنەوە یەک هێز و کۆتایی بە خوێنڕشتن دەهێنرێت، هەروەها ئەو خوێنەی کەڕژاوە دەبێت مامەڵەیەکی دیکەی لەگەڵ بکرێت و کەسوکاری شەهیدەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش خۆیان بە هاوبەشی پرۆسەی ئاشتی بزانن و بە چاوی دوژمن لە شەهیدەکان و کەسوکاریان نەڕوانرێت.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کاریگەریی لەسەر رێسا جێبەجێکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبێت، لەمەودوا بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەی ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە، نابێت سزای لەسەربێت، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی تورکیا ئەو سکاڵا و داخوازاییانەی خۆی لە کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا دەکێشێتەوە.
ئەگەر ئەم هەنگاوە بنرێت، زۆرێک لەو سزایانەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕی ئینتەرنێت، بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی ئەوروپا و ئەمریکا سەپێنرابوون بەسەر زاراوە کوردییەکاندا، هەڵدەگیرێن و قۆناغێکی نوێ لەو بوارەدا دەستپێدەکات.
نەمانی کەیسی تیرۆر
دۆزی کورد زۆر زیانی پێگەیشتووە بەهۆی تۆمارکردنی پەکەکە لە ریزی گروپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا.
لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەربەستی زۆر بۆ دیپلۆماسیەت و دۆزی کوردی دروستدەبوو، بەهۆی بوونی گروپێکی تیرۆری نێودەوڵەتی بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.
لەمەودوا کورد لە تورکیا دەتوانن وەکو هێزێکی سیاسی کاریگەر بەشداریی لە پرۆسەی سیاسییدا بکەن و پەیوەندیی بە گەلانی دونیاوە بکەن.
زیندانییەکان:
بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، لەمەودوا دەبێت بە زیاتر لە 40 هەزار زیندانییکراو و بەندکراو لە تورکیا ئازادبکرێن، ئەوەش ئومێد دەگێڕێتەوە بۆ دەیان هەزار خێزانی کورد لە باکوری کوردستان و کۆتایی بە گۆشەگیرییان دەهێنرێت.
کاتێکیش زیندانییکراوەکان ئازاد دەکرێن، زۆرینەیان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کار و پۆست و پیشەکانی پێشووی خۆیان، کە بەشێکی زۆریان کاربەدەست و سەرۆکی شارەوانی و کەسانی ئیداریی و کارگێڕیی و وەبەرهێنەربوون.
لابردنی قەیومەکان
دەیان شارەوانی لە تورکیا بەهۆی تۆمەتبارکردنی سەرۆکی شارەوانییەکان کە بە هەڵبژاردن دەرچووبوون، لەلارەکانیان لادراون و قەیوم لە جێگایان دانراون، دەبێت ئەم پرۆسەی ئاشتییە ئاسۆیەک لەوبارەیەوە بکاتەوە بۆ گێڕانەوەی بەها بۆ بەشدارییکردنی سیاسی کورد لە تورکیا.
لە بەیاننامەکەی کۆنگرەی پەکەکە، بەهیچ شێوەیەک داوای خۆسەریی، فیدراڵیی و کۆنفیدراڵیی نەکراوە، بەڵکو تەنها نوسراوە "چارەسەری دیموکراتی"، ئەوەش ئەو خاڵەیە کە لە چەقی بەیاننامەکەدا جەختی لێکراوەتەوە.
هەربۆیە گێڕانەوەی بەها بۆ بەشداریی سیاسی و پابەندبوون بە بنەما دیموکراتییەکان، دەبێت لە نەخشەڕێی پرۆسەی ئاشتیدابێت لە تورکیا و کاروباری قەیومەکان بەتەواویی رابگیرێن.
کورد لە ئەوروپا:
تورکیا لەبەرئەوەی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە و گرێدراوە بە ئەوروپا، لەمەودوا کارتی سیاسی کورد لە ئەوروپا بەهێزتر دەبێت، بەوپێیەی زۆرینەی رەهای رەوەندی کوردی خەڵکی باکوری کوردستانن.
هەروەها دەیان هەزار کورد بەهۆی دۆسیەی پەکەکەوە لە تورکیاوە ئاوارەی ئەوروپا و وڵاتانی جیهان بوون، بەڵام دەبێت ئەم پرۆسەیە بەربەستی گەڕانەوەی ئەو کوردانە نەهێڵێت بۆ تورکیا و سودمەندبوون لە ناسنامە و وڵاتینامەی تورکیا.
هەروەها ئەو هەزاران کوردەی بەهۆی سکاڵای تورکیاوە لە ئەوروپا بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆدەرچووە، یان بزنس و سەرمایەکانیان دەستی بەسەرداگیراوە، دەبێت سەرجەمیان پاکتاوبکرێت.
باکوری کوردستان و ئاشتی
بەهۆی هەڕەشەی تیرۆر و دۆسیەی پەکەکە، دەیان ساڵە ناوچە کوردنشینەکان پشتگوێخراون و جیاوازییەکی زۆر بەدیدەکرێت لەنێوان ناوچە کوردنشینەکان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی جوگرافیای تورکیا.
لە ساڵانی داهاتوودا، دەبێت پلانێکی نیشتمانیی هەبێت بۆ دووبارە گێڕانەوەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارییە نیشتمانییەکان بۆ باکوری کوردستان، ئەگەرچی لە دوو دەیەی رابردوودا لەو بوارەدا هەوڵی زۆردراوە.