تەندروستی

چۆن خۆت بەدوور دەگریت لە هەوکردنی ڕێرەوی میزەڕۆ؟

Mic
2021-07-11

هەوکردنی ڕێرەوی میزەڕۆ حاڵەتێکی تەندروستییە کە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە تووشی کەسێک دەبێت و لەحاڵەتی چارەسەر نەکردنیدا لێکەوتی خراپی دەبێت بۆ گورچیلەکان.

هه‌وکردنی ڕێره‌وی میزه‌ڕۆ به‌ هه‌رهه‌وکردنێک ده‌وترێت که‌ له‌ ئه‌ندامه‌کانی کۆئه‌ندامی میزه‌ڕۆی مرۆڤدا ڕووبدات، هه‌ر له‌ گورچیله‌ و بۆری میزه‌ڕۆوه‌ ‌تا میزه‌ڵان و ده‌رچه‌ی میز. زۆرینه‌ی هه‌وکردنه‌کان ئه‌ندامه‌کانی به‌شی خواره‌وه‌ی کۆئه‌ندامی میزه‌ڕۆ ده‌گرنه‌وه‌، وه‌ک میزه‌ڵان و ده‌رچه‌ی میز.

به‌ به‌راورد به‌ پیاوان، ژنان ئه‌گه‌ری توشبوونیان زیاتره‌. هه‌وکردنی میزه‌ڵان زۆرجار ئازاربه‌خشه‌ و نه‌خۆش بێزار ده‌کات. زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌کان مه‌ترسیدار نین و به‌ ئاسانی تێده‌په‌ڕن به‌ڵام گه‌ر بگاته‌ گورچیله‌کان، ڕه‌نگه‌ لێکه‌وتی خراپی بۆ نه‌خۆشه‌که‌ هه‌بێت.

ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی توشی ئه‌م هه‌وکردنه‌ ده‌بن،‌ له‌ ناکاو فشاری زۆریان بۆ دێت بۆ میزکردن، له‌ کاتی میزکردندا هه‌ست به‌ سووتانه‌وه‌ ده‌که‌ن و ڕێژه‌ی میزکردنی ڕۆژانه‌یان زیاد ده‌کات.

هاوکات زۆرجار ڕه‌نگی میزه‌که‌یان ده‌گۆڕێت و ته‌ڵخ ده‌رده‌که‌وێت و بۆنیشی ناخۆش ده‌بێت، ڕه‌نگه‌ نه‌خۆش هه‌ندێکجار هه‌ست به‌ بوونی خوێن بکات و ڕه‌نگی میزه‌که‌ی سوور ببێت.

 له‌ ژناندا، بوونی ئازاری حه‌وزیش یه‌کێکه‌ له‌ نیشانه‌ باوه‌کان. ئه‌م نیشانانه‌ زیاتر تایبه‌تن به‌ هه‌وکردنی ئه‌ندامه‌کانی خواره‌وه‌ی کۆئه‌ندامی میزه‌ڕۆ و ده‌کرێت به‌ پێی شوێنی هه‌وکردنه‌که‌ گۆڕانیان به‌سه‌ردا بێت، بۆ نموونه:‌ گه‌ر هه‌وکردنه‌که‌ له‌ گورچیله‌دا بێت، نه‌خۆش تووشی ئازاری پشت، تا و هه‌ندێکجار ڕشانه‌وه‌ و دڵ تێکهه‌ڵاتنیش ده‌بێت.

به‌کتریای ئیشیرشیا کۆلای،‌ که‌ له‌ کاتی ئاساییدا له‌ کۆئه‌ندامی هه‌رسی مرۆڤدا هه‌یه‌، باوترین هۆکاری توشبوونه‌ به‌ هه‌وکردنی ڕێڕه‌وی میزه‌ڕۆ.

ئه‌و هۆکارانه‌ی مه‌ترسی توشبوون به‌م حاڵه‌ته‌ له‌ ژناندا زیاد ده‌که‌ن بریتین له‌ نزیکی ده‌رچه‌ی میز له‌ کۆمه‌وه‌، چالاکی سێکسی و هه‌بوونی په‌یوه‌ندی سێکسی له‌گه‌ڵ که‌سی نوێدا، له‌ هه‌مان کاتدا ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ چالاکی سێکسییان له‌گه‌ڵ که‌سدا نییه‌، ئه‌گه‌ری توشبوونیان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ تاکه‌ هۆکاری توشبوون نییه‌.

هه‌ندێک له‌و ئامێرانه‌ش که‌ له‌ ژناندا بۆ ڕێگرتن له‌ منداڵبوون به‌کار ده‌هێنرێن، مه‌ترسی توشبوون به‌ هه‌وکردن زیاد ده‌که‌ن. هاوکات ئه‌و ژنانه‌ش که‌ سوڕی مانگانه‌یان وه‌ستاوه‌، به‌ هۆی دابه‌زینی رێژه‌ی ئیسترۆجینه‌وه‌ له‌ خوێنیاندا، ئه‌گه‌ری توشبوونیان زیاتر ده‌بێت.

پزیشکان زۆرجار له‌ ڕێی به‌کارهێنانی ئه‌نتیبایۆتیک (ده‌رمانی دژه‌ هه‌وکردن)ه‌وه‌ چاره‌سه‌ری زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌کانی هه‌وکردنی ڕێڕه‌وی میزه‌ڕۆ ده‌که‌ن، به‌ڵام ئەگه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌کرێت، لێکه‌وته‌ی خراپی ده‌بێت، وه‌ک دووباره‌ توشبوونه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و ژنانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگدا، دوو جار یان زیاتر توشی حاڵه‌ته‌که‌ ده‌بن.

زیانی گورچیله‌کان یه‌کێکی تره‌ له‌ لێکه‌وته‌کان و له‌ ژنانی دووگیانیشدا، مه‌ترسی بوونی منداڵی نه‌به‌کام و بچووک زیاد ده‌کات.

چه‌ند ڕێگایه‌ک هه‌ن بۆ خۆپاراستن له‌ توشبوون به‌م حاڵه‌ته‌، خواردنه‌وه‌ی شله‌مه‌نی زۆر، به‌ تایبه‌تی ئاو. له‌ کاتی چوونه‌ ته‌والێتدا، پێویسته‌ پاش میزکردن و پیسی کردن، ئامرازی پاککردنه‌وه‌ له‌ به‌شی پێشه‌وه‌ بۆ پشته‌وه‌ ببرێت، تا ئه‌و به‌کتریایانه‌ی له‌سه‌ر ڕووی کۆمدان، پاکببنه‌وه‌ و نه‌گه‌نه‌ ده‌رچه‌ی میز. پاش سێکسکردنیش، میزکردن و خاڵیکردنه‌وه‌ی میزه‌ڵان کارێکی به‌سووده‌.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.