-18

چۆن وادەکەیت جەستەی خۆتت خۆشبوێت بەو شێوەیەی هەیە؟

Mic
2021-07-17

زۆرێك لە خەڵک، بەتایبەتی هەرزەکاران، زۆر بیر لە رووخساری دەرەوەیان دەکەنەوە و هەست دەکەن کە کەم و کورتییان هەیە، بەڵام ئەم بیرکردنەوە لە رادەبەدەرە سەردەکێشێت بۆ متمانە بەخۆنەبوون و دواجاریش چەندین لێکەوتەی خراپی دەبێت.  

زۆر لە هەرزەکاران شێوەی خۆیان بەدڵ نییە و لەگەڵ خۆیاندا دڵخۆش نین، بەڵام هەتا جەستەی خۆیان قبوڵ نەکەن بەو جۆرەی هەیە ناتوانن هەنگاو بنێن بۆ جەستەیەکی باشتر و تەندروستتر.

پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە ڕوون بێت هیچ کەس پێویستی بە جەستەیەکی نموونەیی نییە تا جوان دەرکەوێت. کاتێک بەو شێوەیەی خۆیان خۆشدەوێت کە هەن، جیاواز سەیری خۆیان دەکەن و متمانە بەخۆیان زیاد دەکات.

لەگەڵ ئەوەی هەندێک خەڵک پێیان وایە هەوڵدان بۆ جەستەیەکی جوانتر ڕەنگە وات لێبکات باشتر خۆتت پێ پەسەند بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە پێش هەموو شتێک باشترە جەستە بەو شێوەیە قبوڵ بکرێت کە هەیە، پاشان گۆڕانکاری بۆ جەستەیەکی تەندروستتر و باشتر بکرێت.

لێرە چەند خاڵیک دەخەینەڕوو بۆ هەر کەسێك کە بێمتمانەیی بۆ دروست بووە بتوانێت باشتر دەربکەوێت و لەهەمان کاتیشدا هەستی بەرامبەر جەستەی بگۆڕێت لە بێمتمانەییەوە بۆ متمانە بەخۆبوون.

1- جەستەت قبوڵ بکە

کەس نمونەیی نییە.

هەموو کەسێک دەیەوێت وەک خۆی پەسەند بکرێت و جوان ببینرێت، ئەمە بۆ هەموو کەسێک و هەموو جەستەیەک ڕاستە.

جەستەت ببینە بەو شێوەیەی هەیە، کەمتر ڕەخنەی لێ بگرە و بە چاوێکی هاوڕێیانە تێیبڕوانە.

شەرم لە جەستەی خۆت مەکە

قسەکردنی نەرێنی لەسەر جەستەت، باوەڕ بەخۆبوونت کەم دەکاتەوە. ئیتر ئەم قسەکردنە دەکرێت بە دەنگی بەرز بێت یاخود تەنها بیرکردنەوە بێت لێی، بۆیە میهرەبان بە و  رێزی جەستەی خۆت بگرە.

خووی باشتر دروست بکە

بۆ چاککردنی خووی خۆبەکەم زانین باشترە خوویەکی دیکەی باشتر بکەیتە جێگەی، بۆ نموونە: لەجیاتی ئەوەی بەخراپی باسی خۆت بکەیت بیر لە جوانی و باشییەکانی خۆت بکەرەوە.

2- جەستەت خۆشبوێت

ئەو شتانەی بەدڵتن لە خۆتدا

 لەوانەیە تۆ قژی خۆتت لا جوان بێت، یان چاوت و پێکەنینەکەت. بیر لەمانە بکەرەوە و پرسیاری هۆکاری جوان بینینت بۆ ئەمانە لەخۆت بکە.

سەرنج بخەرە سەر تواناکانی جەستەت

 جەستەت لە تەنها شکڵ و شێوە زۆر زیاترە. جەستەت دەتوانێت ڕابکات، سەربکەوێت، شت دروست بکات و وەرزش بکات، بۆیە بەها و نرخی جەستەت بزانە.

داواکاریەکانی جەستەت چین

ڕۆژانە جەستەت پشتگوێ مەخە. فێربە هێواشتر و ئارامتر هەناسە بدەیت کاتێک دەجوڵێیت، خواردنی باش بخۆ و پشوو بدە.

3- ئاگاداری جەستەت بە

خواردنی تەندروست بخۆ

بزانە چ خواردنێک بۆ جەستەت باشە و بڕی پێویست چەندە کە پێویستی پێیەتی.

بەپەلە نان مەخۆ و چێژی لێ ببینە چونکە کاتێک بەشێوەیەکی تەندروست مامەڵە لەگەل جەستەت دەکەیت، دەربارەی خۆت هەست بە باشی دەکەیت.

بزانە چەند خەوت پێویستە لەتەمەنێکی دیاریکراودا. لە کاتی خۆیدا بخەوە و پێش خەو مۆبایل بەکارمەهێنە.

هەموو ڕۆژێک چالاک بە

جەستەت پێویستی بە جوڵەیە بۆ ئەوەی بەهێز و تەندروست بێت. دەتوانیت وەرزش، یۆگا و مەلە بکەیت بۆ ئەوەی بە جەستەت بە چالاکی بهێڵیتەوە.

پارێزگاری لە کێشێکی تەندروست بکە.

هەبوونی کێشێکی تەندروستی شتێکی باشە و یارمەتیت دەدات لەگەڵ خۆتدا ئاسودەتر بیت.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.