هەواڵ

كۆرۆنا بەشێوەیەكی بەرچاو لە عێراق هەڵدەكشێت

Mic Mdeia
2021-07-17

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاشكرایدەكات، هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لەچاو ڕابردوودا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، ئاماژە بەوەشدەكات هەڵكشانی ئامارەكە چاوەڕوان نەكراو بووە، ئەوەش لەكاتێكدایە یەكەم حاڵەتی كۆرۆنای دەلتای نوێ لە هەرێم پێش چەند ڕۆژێك تۆماركرا.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند "بەشێوەیەكی لەناكاو و چاوەڕوان نەكراو ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لەعێراق هەڵكشاوە".

وتیشی "عێراق هاوشێوەی وڵاتانی دیكە ڕووبەڕووی هەڵكشانێكی مەترسیداری كۆرۆنا بووەتەوە، بۆیە پێویستی بەوەیە ڕووبەڕووی ببینەوە و ڕایبگرین".

وەزارەتی تەندروستی عێراق داواش دەكات هاوڵاتیان لەكۆبوونەوەی جەماوەری دووربكەونەوە و پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و دەمامك بەكاربهێنن و ڤاكسینیش وەربگرن".

وتەكانی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەكاتێكدایە، پێش چەند ڕۆژێك جۆرێكی نوێی كۆرۆنا بەناوی "دەلتا" لەهەرێم تۆماركرا.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە 15/7/2021، رایگەیاند: "ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا لە هەرێمی كوردستان دەستنیشانكراوە، ماوەیەكی زۆرە بەدواداچوون دەكەین و پشتڕاستبووەوە كە ئەم جۆرە لە هەرێمی كوردستان بڵاوبووەتەوە."

جۆری دەلتای كۆڤید یەكێكە لە بڵاوترین جۆری كۆڤید كە زیاتر لە نیوەی هەموو تووشبوەكانی ڤایرۆسەكە پێكدەهێنێت لە ئەمریكا.

ئەم جۆرە ترسناكەی كۆڤید سەرەتا لە هندستان دەركەوت و دیاریكرا، كە بەم دواییە زیانێكی زۆری بە هندستان گەیاند.

ئەم جۆرە بەشێوەیەكی زۆر خێراتر لە جۆرەكانی تر دەگوازرێتەوە، كە لە ماوەیەكی كەمدا لە هندستانەوە بۆ 77 وڵات و ناوچەی جیاواز گوازراوەتەوە.

بەپێی ئەو توێژینەوانەی كە ئەنجامدراوە، جۆری دەلتا بە ڕێژەی ٪ 40- ٪60 خێراتر دەگوازرێتەوە لە جۆری ئەلفا كە سەرەتا لە بەڕیتانیا دیاریكرا و جۆری ئەلفاش ٪50 خێراتر لە جۆری بنەڕەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگوازرێتەوە.

سامان بەرزنجی لەسەر بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوان وتی كە ژمارەكە دوو هێندە زیادیكردووە لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە چەند هەفتەی رابردوو.

نیشانەكانی جۆری دەلتا
بەپێی هەندێك ڕاپۆرت نیشانەكان لە دەلتادا تا ڕادەیەك لەگەڵ جۆرەكانی تر و نیشانە باو و بنچینەییەكان جیاوازی هەیە، بۆ نموونە: كۆكە و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن كەمتر باوە، بەڵام سەرئێشە و قورگ ئێشەو لووت تەڕی و تا لێهاتن یەكێكن لە نیشانەكان.

توێژینەوەیەك لە سكۆتلەندا ئاماژەی بەوە داوە ژمارەی ئەو كاسانەی بەهۆی جۆری دەلتاوە لە نەخۆشخانەكان دەمێننەوە ٪85 زیاترە لە ئەو كەسانەی توشبوون بە جۆری ئەلفا.

بەڵام بە هۆی جیاوازی كات لە نێوان چوون بۆ نەخۆشخانەو مردن نەتوانراوە دیاری بكرێت كە ئایا دەلتا كوشندەترە لە جۆرەكانی تری كۆرۆنا یان نا.

بەهۆی مەترسی جۆرە نوێیەكەوە، وەزیری تەندروستی ئەوەی خستەڕوو كە دەبێت "ماسك بكرێتە ناچاری و لێكدووركەوتنەوە لەنێوان كەسەكانن هەبێت."


More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.