هەواڵ

11 مانگ زیندانیکردن، بەبێ یەکلایکردنەوەی دۆسییەکانیان

Mic
2021-07-29

دانیشتنی دادگایی كردنی بەدەل بەرواری و چالاكوانێكی دیكەی دەستگیركراوی بادینان لە دادگای لەهەولێر دواخرا، پارێزەری دەستگیركراوانی بادینانیش دەڵێت:"هیچ بەڵگەیەكی یاسایی نییە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی تاوانبار بكات"، بەوتەی پەرلەمانتارێكیش "یەكێك لەتۆمەتەكانیان ئەوەبووە خەڵكیان هۆشیار كردووەتەوە"، پەرلەمانتارێكی دیكەش باس لەوەدەكات یەكێك لە گیراوان وتوویەتی "بەزۆر دانپێدانانی لێ وەرگیراوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تەمموز، دانیشتنی دادگایی كردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆژكی كەدوو چالاكوانی بادینانن لە دادگای هەولێر دواخرا، پارێزەری دەستگیركراوانی بادینانیش دەڵێت"هیچ بەڵگەیەكی یاسایی نیە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی تاوانبار بكات".

حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەدیاریكراویش ئەنجومەنی ئاسایش، ئەو لایەنەیە كە تۆمەتەكانی ئاراستەی ڕۆژنامەنوسانی بادینان كردووە، بەتایبەت ئەو دوو چالاكوانەی ئەمڕۆ دادگایی كران، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكی بۆ وتەی چالاكوانان و پارێزەر و پەرلەمانتارانیش نییە، هەروەك چۆن ئامادەش نییە بە ئاشكرا لەبارەی فشارە نێودەوڵەتیەكان و دۆسیەی چالاكوانانی بادینانەوە هیچ وەڵامێك بداتەوە.

"شایەتحاڵەكان ئاگایان لەو ئیفادە نەبوو كە بەناویانەوە لەسەر دۆسیەكە دراوە بۆیە داوای رزگاركردنی بریكارەكانی كرد"

وەك پارێزەری گیراوانی بادینان بۆ میدیاكانی خستەڕوو "شایەتحاڵەكان ئاگایان لەو ئیفادە نەبوو كە بەناویانەوە لەسەر دۆسیەكە دراوە بۆیە داوای رزگاركردنی بریكارەكانی كرد".

كوڕەكەی بەدەل بەرواری دەڵێت "باوكی لەكاتی دەستگیركردنیدا 110 كیلۆ بووەو ئێستا دابەزیوە بۆ 60 كیلۆ".

"هەموو شایەتەكان لە بەرژەوەندی بەندكراوان شایەتیاندا و هیچ بەڵگەیەك لەدژیان نییە"

سەبارەت بەو دۆسیەیە ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە میدیاكانی ڕاگەیاند "هەموو شایەتەكان لە بەرژەوەندی بەندكراوان شایەتیاندا و هیچ بەڵگەیەك لەدژیان نییە".

وتیشی "بەهۆی ئەوەی هیچ بەڵگەیەك نییە ئومێد دەكەین بەزووترین كات ئازاد بكرێن".

وەك ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەوان كراوە تەنها ئەوە بووە كە گروپی چاتیان هەبووە و ڕەخنەیان لە حكومەت گرتووە، هەروەها دژی پاشەكەوتی مووچە بوون، تەنانەت یەكێك لە تۆمەتەكانیان ئەوەیە كە خەڵكیان هۆشیار كردووەتەوە لەبەر ئەوە تۆمەتەكان هەمووی بێ بنەمان ئەوانە تەنها چالاكوان بوون".

"گیراوانی بادینان ورەیان بەرزبووە و خەڵكێكی ناڕازیش دادگایان تەنیبوو"، هەڵەدنی وای وت.

"لەوانەیە 50 وەرقەم  پێ ئیمزاكرابێت لەژێر هەڕەشەی ناموس و لێدان"

لەلایەكی دیكەوە عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فەیسبووكی خۆی لە بابەتێكدا بەناوی چەند ڕەخنە و سەرنجێك نوسیویەتی " تۆمەتەكان بەتێكڕا هەوڵی تیرۆكردن و كاری سیخوڕی و ئاژاوەیە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنەر نیەو چەكێك دەستگیر نەكراوە، ئەمڕۆ بۆ دووەمجار شیروان شیروانی وتی لەوانەیە 50 وەرقەم  پێ ئیمزاكرابێت لەژێر هەڕەشەی ناموس و لێدان". 

وەك ئەو پەرلەمانتارە باسی دەكات "ئەیاز كەرەم، ڕویكردۆتە نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش و وتوویەتی بەلێدان قسەمان پێكراوەو ئەو قسانە هیچی هی ئێمە نین".

عەلی حەمەساڵح باس لەوەشدەكات "شیروان شیروانی و ئەیاز كەرەم و شڤان سەعید، كرابونە شاهید بەسەر بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕۆژكی و گوهدار!  هەرسێكیان ڕەتیان كردەوە كە ئەوە وتانەی وەك شاهیدی دەخوێندرێتەوە هی ئەوان بن، ئایا دەكرێت لە ژێر ئەشكەنجەدا كەسێك بكرێتە شاهید بەسەر كەسێكی  دیكەوە!  دادگا و داواكاری گشتی بێدەنگ بون! هەرچەندە لە هیچ شاهیدیەك باسی گروپی چەكدارو سیخوڕی نەكرابوو! ".

11 مانگ پێش ئێستا ئەو دوو چالاكوانە لەلایەن پۆلیسی دهۆكەوە دەستگیركران 

11 مانگ پێش ئێستا ئەو دوو چالاكوانە لەلایەن پۆلیسی دهۆكەوە دەستگیركران و دواتریش، لەلایەن دادگای دهۆكەوە بە تۆمەتی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و رێكخستنی خۆپیشاندان بڕیاری زیندانیكردنیان بۆ دەركرا.

سەرباری رەخنە و داواكارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئازادكردنیان، بەڵام لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا، سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێری بۆ پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد و سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا درا.

زیاتر لە حەوت مانگە، ژمارەیەك رۆژنامەنوس و چالاكوانێكی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەركراون

زیاتر لە حەوت مانگە، ژمارەیەك رۆژنامەنوس و چالاكوانێكی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەركراون، لە 16ی شوباتی 2021، دادگای تاوانەكانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج ڕۆژنامەوان و چالاكوانی سنوری بادیناندا سەپاند كە بریتیبوون لە شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، ئەیاز كەرەم، شڤان سەعید، هەروەها هەریوان عیسا.

سەرئەنجام ناوی كونسوڵخانەكان لەبڕیاری دادگا لابرا و گیراوانی بادینانیش تائێستا ئازاد نەكراون

دواخستنی دانیشتنی دادگا و نەبوونی هیچ بەڵگەیەك دژ بەو گیراوانەی بادینان لەكاتێكدایە، پێشتر هەریەك لە ئەمریكا و بەشێك لەوڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕێكخراوە مەدەنیەكان فشاریان بۆ سەر حكومەتی هەرێم كردووە تا ئازادیان بكات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دۆسیەی بەشێك لە گیراوانی بادینان ناوی چەند كونسوڵخانەیەك هاتبوو، بەڵام سەرئەنجام ناوی كونسوڵخانەكان لەبڕیاری دادگا لابرا و گیراوانی بادینانیش تائێستا ئازاد نەكراون.


More News

Most Popular

هەواڵ

هەڵبژاردن شەڕی نەوەی نوێ و کۆمەڵ گەرم دەکات

Mic
2025-07-01

شەڕی میدیایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن گەرمتردەبێت، بەشێکیش وەک هۆکارێک بۆ پەرتبوونی دەنگی ناڕازی پێناسەی دەکەن.

نزیکبونەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شەڕی میدیایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر گەرم دەکات.

دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکە بەتەمەنەکەی لە لیستی نەوەی نوێیە، دیسانەوە بووەتە بابەتێکی دیکەی جەنگی میدیایی نێوان نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی.

کۆمەڵی دادگەریی، تاکە هێزی سیاسی هەرێمی کوردستانە کە بەهۆی ناڕازیبوونی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.

نەوەی نوێ ترسی هەیە هەڵوێستەکەی کۆمەڵ کاریگەری لەسەر شەقام هەبێت و بەشێکی دەنگی ناڕازی لە رێگەی ئەو هەڵوێستەوە بۆ خۆی ببات بە تایبەت کە تائێستا پەرلەمان کارا نەبووە. 

ئەوەی وایکردووە ئەو گریمانەیە بەهێزبێت، هێرشی توندی میدیایی نەوەی نوێیە بۆ سەر بڕیارەکەی کۆمەڵ بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان.

 نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری بەوە تۆمەتبارکردووە کە کۆتا هەڵبژاردن بەهۆی ساختەکاریی رۆژی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانەوە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، کەچی دیسان بەشداریی هەڵبژاردن دەکاتەوە. 

کۆمەڵ لەسەرەتاوە بێدەنگیی هەڵبژارد، بەڵام دواتر وەڵامی هێرشەکەی نەوەی نوێی دایەوە و جوڵانەوەکەی بە "ئاڕاستەکراو" تۆمەتبار کرد.

کۆمەڵی دادگەری بە تایبەت رەخنەی لەو هەڵوێستەی نەوەی نوێ گرتووە کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی بە یاسای "بە تاوانکردنی هاوڕەگەزخوازیی و ڕەگەز گۆڕین" نەداوە. 

هاوڵاتییان رای جیاوازییان لەسەر شەڕی میدیایی نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری هەیە، بەشێکیان وەک بابەتێکی ئاسایی و هەڵمەتێکی پێشوەختەی هەڵبژاردن لێی دەڕوانن، بەڵام زۆرن ئەوانەشی پێیان وایە شەڕی میدیایی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کاریگەری لەسەر پەرتکردنی دەنگە ناڕازییەکان دەبێت. 

نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری لە کاتێکدا شەڕی میدیایان دژ بە یەکتر گەرمکردووە کە دوو پارتەکە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەدا لە هەوڵی دروستکردنی یەک لیست بوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی هێنا. 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 15 کورسییە و لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەنی 9 کورسییە، کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی یەک کورسییە، ئەگەرچی لە پەرلەمانی کوردستان 3 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام وەک خۆیان رایانگەیاندووە، بەهۆی " ساختەکاری"یەوە بایکۆتی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.