تەندروستی

هەموو 30 چركەیەك لەجیهان، ڤایرۆسی جگەر كەسێك دەكوژێت

Mic
2021-07-29

هەموو 30 چركەیەك لە جیهان ڤایرۆسی جگەر كەسێك دەكوژێت، ئەمە بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییە، ئەو ڕێكخراوە باس لەوەدەكات هەوڵدەدات ستراتیژیەتێك دابڕێژێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی جگەر كە بە ڤایرۆسی هەوكردنی جگەریش ناودەبرێت.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەڕۆژی جیهانی هەوكردنی جگەر، هۆشداری دەدات لە هەڵكشانی ڕێژەی مردن بە ڤایرۆسی جگەر (یاخود ڤایرۆسی C) داواش لە سەرجەم وڵاتان دەكات پێكەوە كاربكەن بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو نەخۆشییەدا كە دەكرێت تا ساڵی 2030 ببێتە مەترسی جددی لەسەر تەندروستی گشتی جیهان.

تیدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی باس لەوەدەكات، گەیشتن بە خزمەتگوزاری خۆپاراستن و تاقیكردنەوە و چارەسەر لە نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر تائێستاش زۆر كەمە.

ئەدهانۆم وتیشی، تائێستا 350 ملیۆن كەس لەجیهان بەدەست ئەو نەخۆشیەوە دەناڵێنن، %80 ی ئەوانەش ناتوانن ئەو چارەسەرە بەدەستبهێنن كە پێویستیانە.

ساڵانە لە 28 ی مانگی تەمموز، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی جگەرە، كە نەخۆشییەكە جگەری مرۆڤ دەگرێتەوە و خانەكانی تووشی شێرپەنجە دەكات.

مەترسیداری نەخۆشییەكە وەك ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی باسی دەكات، ئەوەیە كە درەنگ پێی دەزانرێت، بۆیە لەم ڕۆژەدا هەوڵدەدرێت وڵاتان ووشیار بكرێنەوە لە مەترسیداری ڤایرۆسی جگەر یاخود شێرپەنجەی جگەر، بەتایبەت هەوڵەكانیش بۆ ئەوەیە چارەسەر و چاودێری و خزمەتگوزارییەكانی تایبەت بەو نەخۆشییە زیاتر بكرێن.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی 2030 ڕێگری بكات لە مردنی پێشوەختی زیاتر لە چوار ملیۆن كەس لە وڵاتە هەژار و مامناوەندەكان بەو ڤایرۆسە، ئەویش لەڕێگەی تێستكردن و چارەسەر و هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەوە.

لەتشرینی یەكەمی ئەمساڵ، سێ زانای ئەمریكی و بەریتانی، توانییان خەڵاتی نۆبڵ لە پزیشكیدا بەدەستبهێنن، دوای ئەوەی توێژینەوەیەكیان لەسەر ڤایرۆسی جگەر ئەنجامدا، لەو ڕێگەیەشەوە توانییان بە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەكی ئاسان بۆ تێستكردن و چارەسەری ڤایرۆسەكە ژیانی ملیۆنان كەس لەمردن ڕزگار بكەن.

ئەو دوو زانا ئەمریكیە هەریەك لە هارفی ئۆلتەر و چارلز ڕایس بوون، خەڵاتەكەیان لەگەڵ زانایەكی بەریتانی بەناوی مایكڵ هیوتن بەشكرد، كە ئێستا لە كەنەدا كاردەكات، ئەو سێ زانایە توانیان لەڕێگەی دۆزینەوەیەكەوە كە نمونەی خوێن وەردەگیرێت ڕێگە لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی جگەر بگرن، ئەویش لەو ڕێگەیەی ئەگەر كەسەكە دەركەوت لە پشكنینەكەدا هەڵگری ڤایرۆسی جگەرە خوێنی جەستەی بۆ بگۆڕدرێت و بەوەش ڕزگاری ببێت لە ڤایرۆسەكە.


More News

Most Popular

هەواڵ

هێزێکی کۆماندۆ کارمەندانی کارگەی چیمەنتۆی گاسنیان لەسلێمانی بە بارمتەگرت

Mic
2021-09-09

 کارمەندانی کارگەی چیمەنتۆی گاسن دەڵێن، هێزێکی کۆماندۆی چەکدار، بە چەکی قورس و سوکەوە کە دەیان چەکداربوون، هەڵیانکوتاوەتە سەریان و بۆ ماوەی 45 خولەک لەگۆڕەپانێکی کارگەکەدا بە بارمتە گیراون. 

کارمەندێکی کارگەی چیمەنتۆی گاسن لە تاسڵوجە، بە MIC وت کە کاتژمێر 11:45 خولەکی ئەمرۆ پێنجشەممە، هێزێکی چەکداری پڕچەکی راهێنراو، کە جلوبەرگەکانیان لۆگۆی هێزەکانی کۆماندۆی هەرێمی کوردستانیان لەسەر بووە، بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک و بەشێوەیەکی زۆر توندوتیژ هەڵیانکوتاوەتە سەر کارگەکە و سەرجەم کارمەند و بەڕیوەبەرانی کارگەکەیان دەستبەسەرکردوە و بۆ ماوەیە 45 خولەکیش لەگۆڕەپانی کارگەکە لەبەر هەتاو، بەبارمتەیانگرتوون.

سەرچاوەکە وتیشی کە هێزەکە پەلاماری چەند کارمەندێکیان داوە، بە زەبری هێز سەرجەم کارمەندانی کارگەیەیان لەشوێنی خۆیان دەرهێنا و لە گۆڕەپانی کارگەکە کۆیانکردنەوە و چەند کۆمپیوتەر و کەلوپەلێکیشیان شکاندوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزەکە بە نزیکەی 20 ئۆتۆمبیلی جۆری گوللە نەبڕ و بە چەکی سوک و قورسی وەک دۆشکە و بیکەسی هەڵیانکوتاوەتە سەر کارگەکە و دواتر بێ هیچ روونکرندنەوەیەک جێیانهێشتوە.

کارگەری چیمەنتۆی گاسن دەکەوێتە ناوچەی تاسڵوجەی شاری سلێمانی و خاوەندارێتییەکەی بۆ فاروقی مەلا مستەفا، گەورە بازرگان و سەرمایەداری کوردستان دەگەڕێتەوە، هەروەها چەند پشکێکیشی بەناوی چیاو نما کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا ئەمینەوەیە.

تائێستا لایەنە ئەمنییەکان و بەڕێوەبەرانی کارگەکەش، هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی رووداوەکەوە بڵاونەکردۆتەوە.