هەواڵ

تورکیا دۆشداماوە لەئاست ئاگرە زەبەلاحەکە؛ میدیاکانیشی پەکەکە تۆمەتبار دەکەن

Mic
2021-07-31

بۆ چوارەم رۆژی لەسەریەکە حکومەتی تورکیا لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەدایە کە لە وڵاتەکەدا کەتووەتە و زیانەکانی تا دێت زۆرتر دەبن، میدیاکانی تورکیاش پەکەکە بە هەڵگیرسانی ئاگرەکە تۆمەتبار دەکەن.

لە چوارشەممەی رابردووەوە ئاگر لە چەندین پارێزگای تورکیا کەوتووەتە و تا ئێستا تیمی ئاگرکوێژێنەوە توانیویانە ٨٨ ئاگر کۆنترۆڵ بکەن لەکۆی ٩٨ ئاگر لە چەندین پارێزگای جیاوازی وڵاتەکە.

ئاگرە زەبەلاحەکەی تورکیا هێشتا بەردەوامە، بەتایبەتی لە پارێزگای گەشتیاری ئەنتاڵیا.

زیانەکان

تا دێت زیانەکان زۆرتر دەبن و بەپێی راپۆرتی میدیاکانی تورکیا زیاتر لە حەوت هەزار کەس گوازراونەوەتەوە بۆ ناوچەی سەلامەت و چوار گوندینش بە تەواوی چۆڵکراون.

ئاگرەکە نزیکەی دە پارێزگای گرتووەتەوە لە باشوری وڵاتەکە کە پێک دێن لە: مێرسین، ئەدەنە، ئەنتاڵیا، ئوسمانییە، کەهەرەمانمەڕەش، موغڵا، کیرکەلە، هەروەها کەیسەری. نزیکەی ٧١ ناوچە لەو پارێزگایانە ئاگریان تێدا هەڵگیرساوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، لەپەیامێکیدا لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، هەریەکە لە ویلایەتەکانی ئەنتاڵیا، مێرسین، موغلا، ناوچەکانی باشوری وڵات بە ناوچەی "کارەساتبار" دەستنیشناکراون.

زۆرترین ئاگر ناوچەی گەشتیاری مەنڤگاتی گرتووەتەوە و تێیدا ٤٢ گەڕەك زیانیان بەرکەوتووە و ٢٧ گەرەکیش بەتەواوی چۆڵکراون، نزیکەی دوو هەزار و ٣٠٠ باڵەخانەش زیانیان بەرکەوتووە.

هەر لە مەنڤگات نزیکەی ١٨٠٠ هێکتار لە زەوی و دارستان سووتاون لەکاتێکدا لە موغلا ٨٠ هێکتار دارستان سووتاون.

لە مێرسین ٤٦٥ باڵەخانەی تەواونەکراو زیانیان پێگەشتووە و چوار گوندینش لە ئوسمانییە چۆڵکراون.

قوربانییەکان

ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی ئاگرەکانەوە بەرزبووەتەوە بۆ شەش کەس کە چوار کەسیان لە مەنڤگات مردوون.

ئاگرەکان مەترسی خستووەتە سەر ٢٧١ کەس و ٧٣ کەس لەژێر چاودێری پزیشکدان لە مەنەڤگات.

لە پارێزگای موغلا ٤٩ کەس و لە ئەدەنەش دە کەس برینداربوون.

هۆکاری ئاگرەکان و پەکەکە وەك تۆمەتبار

تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکان نازانرێت و بەرپرسانی تورکیا بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی هەڵگیرسانی ئاگرەکە، لەگەڵ ئەوەشدا گومانی ئاگرکەوتنەوەی بە ئەنقەست بە یەکێك لە ئەگەرەکان دادەنێن.

بەپێی وتەی بەرپرسان، ئاگرەکە بەهۆی بای توند و پلەی گەرمای بەرزەوە فراوان بووە.

لە هەفتەی رابردوودا، بەرزترین پلەی گەرما تۆمارکرا لە مێژووی وڵاتەکەدا لە پارێزگای جەزیرە کە گەیشتە ٤٩ پلەی سەدی. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا پلەی گەرمی بگاتە ٤٠ پلەی سەدی لەو ناوچانەی کە ئاگرەکانی لێکەوتووەتەوە.

راگەیاندنەکانی تورکیا لە ئێستادا هەڵایەکی میدیاییان دروست کردووە لەسەر ئاگرەکە و پەنجەی تۆمەت بۆ پەکەکە درێژ دەکەن.

پێگەی تەلەفزیۆنی تەرەتەی تورکی لە راپۆرتێکیدا پەنجەی تۆمەت بۆ پەکەکە درێژ دەکات و تێیدا باس لەوە دەکرێت پەکەکە "مێژووی هەیە لە هەڵگیرساندنی ئاگر لە دارستانەکاندا".

رۆژنامەی دەیلی سەباح راپۆرتێکی هاوشێوەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ناوی گروپێک دەبات کە لە پەکەکەوە نزیک بێت.

گروپەکە ناوی "پرۆژەی منداڵانە بۆ ئاگر" و رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە ئەو گروپە بەرپرسیارییەتی خۆی راگەیاندووە بۆ چەندین ئاگر کە پێشتر  لە تورکیا هەڵگیرساون.

چی دەکرێت بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان

بەکر پاکدەمیرلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا، رایگەیاند چوار هەزار کارمەند، شەش فرۆكە، نۆ فرۆکەی بێ فرۆکەوان، یەک هەلیکۆپتەری بێ فرۆکەوان، ٤٥ هەلیکۆپتەر، ٥٥ ئۆتومبیلی توندوتۆڵ، هەزار و ٨٠ تەنکەر ئاو بەشدارن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا.

چەندین فڕۆکە لە ئازربایجان و رووسیا و ئۆکرانیاوە گەیشتونەتە تورکیا بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و دوابەدوای گەیشتنی ئەم فرۆکانەش ئەردۆغان رایگەیاند، "بەرەو ئاراستەیەکی ئەرێنی هەنگاو دەنێین".

مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلاریان تەرخانکردووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان.

خەڵکی کوردستان بوونەتە دوو بەرە لەسەر ئاگرەکە

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر ئاگرەکەی تورکیا و هەندێکیان بە "تۆڵەی خودایی" وەسفی دەکەن و هەندێکی تریش بە "کارەساتێکی ژینگەی" لە قەڵەمی دەدەن کە زیانێکی گەورەی دەبێت بۆ ژینگەی تەواوی جیهان.

ئەو هاوڵاتییانەی بە ئاگرەکە دڵخۆشن باس لەوە دەکەن کە ئەمە "تۆڵەی هەموو ئەو هێرش و لەشکرکێشیانەی ئەنقەرەیە بۆ سەر کورد لە رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان".

ئەوان باس لەوە دەکەن کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیادا چەندین زەوی زار و مەڕ و ماڵاتی خەڵک وێران بوون، جگە لەوەی سوپای تورکیا دەستدرێژی کوردووەتە سەر ژینگەی کوردستان.

لە ٢٤ی نیسانەوە تورکیا دوو ئۆپەراسیۆنی دەستپێکردووە دژی پەکەکە و دوای دوو مانگ بڵاوبوویەوە کە سوپای تورکیا داری دارستانەکانی دهۆک دەبرێتەوە و "دەیاندزێت" و دواتر "دەیانفرۆشێت"، ئەمەش بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە و پێکەوە لکانی پێگە سەربازییەکانی لە ناوچە سنورییەکانی دهۆك.

ساڵی ٢٠١٩ش میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە سوپای تورکیا دوای ئۆپەراسیۆنەکانی لە رۆژئاوای کوردستان، دەستیکردووە بە بردنی دارە زەیتوونە رەسەنەکانی عەفرین.

لەلایەکی ترەوە، هەندێك هاوڵاتیانی تر رووداوی ئاگرەکەی تورکیا بە "کارەسات" ناوزەند دەکەن و باس لەوە دەکەن کە ئەم رووداوە نەک هەر زیان بە ژینگەی تورکیا دەگەیەنێت بەڵکو زیان بە تەواوی ژینگەی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهان دەگەیەنێت.

ئەوان دەڵێن کە ئێستا زەوی رووبەرووی گەرمبوون دەبێتەوە و ئەم جۆرە رووداوانە دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە ژینگەی زەوی بەتایبەتی کە لە چەند ساڵی رابردوودا ئاگری تری گەورەتر لە ئامازۆنی بەرازیل و ئوستورالیا کەوتوونەوتەوە.

هەروەها پێیانوایە ئەم رووداوانە نابێت تێکەڵی سیاسەت بکرێن و دەبێت "هەمووان بۆ کارەساتێکی لەو جۆرە خەفەتباربن".


More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.