هەواڵ

سلێمانی، لە نا ئارامیدا، شارێک لەژێر رەحمی دەیان گرووپی چەکدار

Mic
2021-08-02

بە درێژایی 26 رۆژی رابردوو، سلێمانی بەقەد رۆژی دووشەممە، نا ئارامی ئەمنی باڵی بەسەردا نەکێشا.

هەر ئەوەندی پەیامە ڤیدیۆییەکەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڵاوبۆوە، لە بەشێکی زۆری شەقامەکانی شارەکەدا، جوڵەی نائاسایی هێزی چەکدار دەبینرا.

رووننیە هێزەکان سەر بەکام گرووپ و لایەنن، هەندێکیان جلوبەرگی فەرمی، هەندێکیان ئۆتۆمبیلی جامڕەشی گوللە نەبڕی پڕ چەکدراری راهێنراون، هەندێکی دیکەشیان، بەجلوبەرگ مەدەنین، بەڵام چەک لەدەستن.
لەهەرێمی کوردستان، دەیان هێز و گرووپی چەکداری تایبەت بە بەرپرسانی باڵای یەکێتی و پارتی هەن، کە زۆرجار ئەو هێزانە، نەک ئارامی شارێک، بەڵکو لەتوانایاندایە ئارامی هەرێمی کوردستانیش تێکبدەن.

چوار هەفتەیە، هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، لە ناکۆکیی و گرژییەکی قوڵدان، کە زنجیرەیەک تۆمەتبارکردنی یەکتری بەدوای خۆیدا هێناوە.

رۆژانی سەرەتای تەقینەوەی ناکۆکییەکان، کە بۆ 8 ئەم مانگە دەگەڕێتەوە، مەترسی ئەوە دەکرا، ناکۆکییەکان بگەنە پێکادانی چەکداری، بەڵام ئەوە رووی نەدا.

هەندێک بڕوایانوایە کە کۆنترۆڵکردنی هەردوو دەزگای دژە تیرۆر و زانیاری بەشێوەیەکی کتوپڕ لەلایەن پاڤڵ تاڵەبانییەوە، کە هێزی سەرەکی لاهور شێخ جەنگی بوون، رێگەی گرت لە ئەگەری پێکادان. بەڵام هەندێکی تر دەڵێن، مامەڵەی درووستی لاهور جەنگی لەگەڵ حەجمی مەترسییەکانی سەری، وایکرد لە رۆژانی سەرەتا ئەو ئەگەرە روونەدات.

حاڵی حازر، نەک بۆ دانیشتوانی شارەکە، تەنانەت کەسە نزیکەکانی هەردوو ئامۆزاش، لایان روونییە،ئاسۆی ململانێکە بەکوێدا گوزەر دەکات، بەڵام ئەوەی روونە، نا ئارامی شارەکە گەشتۆتە لوتکە.
لەوەها دۆخێکدا کە شارێکی وەک سلێمانی کە نزیکەی 2 ملیۆن کەس دانیشتوانەکەیەتی و ئیدارەی پێشوی سلێمانی کە بە قەڵەمڕەوی یەکێتی هەژماردەکرێت و نیوەی خاک و دانیشتوانی هەرێم پێکدەهێنێت، بەڵام بەرپرسانی باڵای هەرێمەکە، بێدەنگییان هەڵبژاردوە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ رووداوێکی وەک ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی نەسرییە لەباشوری عێراق، سەرەڕای هاوخەمی، ئامادەیی ناردنی هاوکاریشیان دەربڕی، بەڵام پێدەچێت بێدەنگییان بۆ ململانێکانی هاوسەرۆکان، لەو بڕوایەوە بێت کە" کێشەی ناوخۆیی حزبی و بنەماڵەییە."

لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی، پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان درێژدەکەن بەوەی کە لەململانێی نێوان هاوسەرۆکاندا بێلایەن نییە و پاڵپشتی پاڤڵ تاڵەبانی دەکەن. دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتی هەردوو بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆریش وەک بەڵگە دەهێننەوە، بەبێ ئاگاداری لاهور جەنگی.

مێژووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پڕیەتی لە ناکۆکی ناوخۆیی، باڵ باڵێن و جیابوونەوە، کە دوا هەمینیان جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا ئەمین، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بوو، کە دواتر بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند.
بەڵام جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا، کە هەندێک بە جیابوونەوەیەکی کەمەرشێکن بۆ ئەوکاتی یەکێتی هەژماری دەکەن، نەبووە هۆی درووستبوونی گرژی و پێکادانی سەربازی و تاڕادەیەک جیابوونەوەکە بەڕێرەوی ئاشتیانەدا گوزەری کرد.


More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.