هەواڵ

کێ گۆڕەپانەکە کۆنترۆڵدەکات؟ گرووپی ئێرانی یان ئەمریکی؟

Mic Mdeia
2021-10-03

هەڵبژاردن لە عێراق بە ژمارە، چۆنیەتی دەنگدان و دیارترین كاندیدەكان
عێراقیەكان لە 10 ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ دا 329 كەسی نوێ وەك ئەندامی پەرلەمان لە هەڵبژاردنێكی پێشوەختەدا هەڵدەبژێرن، ئەو هەڵبژاردنەی بەهۆی توڕەیی خەڵكەوە لە ساڵی 2019 حكومەتی عێراقی بڕیاری لێدا، لەكاتێكدا تائێستا هێزە كلاسیكیە سیاسیەكان لەسەر گۆڕەپانی عێراقن.
ئەم هەڵبژاردنەی بڕیارە چەند ڕۆژێكی دیكە بەڕێوەبچێت، كاتە ئاساییەكەی لەبنەڕەتدا ساڵی 2022 بوو، بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن پشت بە چەند بازنەیەكی جیاوازی دەنگدان دەبەستێت لەگەڵ یەك كاندید، بەمەش پێشبینی دەكرێت حزبە گەورەكان باڵ بەسەر دیمەنی سیاسەتی عێراق دا بكێشن.
ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەپێی نوێترین راپرسی نەتەوەیەكگرتووەكان 40 ملیۆن و 200 هەزار كەسە، بەشێوەیەك %60 ی دانیشتوانی عێراق تەمەنیان لە خوار 25 ساڵییەوەیە، ژمارەی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنە 25 ملیۆن كەسە كە بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دا دابەش بوون و هەشت هەزار و 273 سندوقی دەنگدانیان بۆ دانراوە، بەڵام لە واقیعدا 23 ملیۆن كەس كارتی بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن، ئەو عێراقیانەشی لە دەرەوەی وڵاتن ناتوانن دەنگ بدەن، بەڵام لە دەنگدانی تایبەتدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان هەریەك لەئاوارەكان و زیندانیەكان دەتوانن دەنگ بدەن.
هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن لەعێراق لەنێوان سێ بۆ پێنج نوێنەری دەبێت، كە ئەویش بەپێی ژمارەی دانیشتوانی پێوانە كراوە و لە بازنەیەكەوە بۆ بازنەیەكی دیكە دەگۆڕێت.
كاندیدەكان لەسەر 329 كورسی پەرلەمانی عێراق كێبڕكێ دەكەن كە 83 یان بۆ ژنانن و دەكاتە %25 ی كورسیەكان، 9 كورسیش بۆ پێكهاتەكانی مەسیحی و شەبەك و سابیئە و ئێزدی و كوردە فەیلییەكان وەك كۆتا دانراوە.
ئەم هەڵبژاردنە بۆ ماوەی چوار ساڵ كاری پێدەكرێت و بە هەڵبژاردنێكی جیاواز و تاكلایەن ناودەبرێت چونكە دەنگدەران دەنگ بە یەك كاندید دەدەن لەناوچەیەكی دیاریكراو.
ژمارەی ئەوانەی لەعێراق خۆیان كاندید كردووە سێ هەزار و 240 كەسە كە 950 یان ژنن، كە ئەمەش كەمترە لەنیوەی ئەو ژنانەی لە 2018 خۆیان كاندید كرد، هەروەها 789 كاندیدی سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە.
لەساڵی 2018 رێژەی بەشداری دەنگدەرانی عێراق لە پرۆسەكە %44 پۆینت 52 بوو كە بەڕای چاودێران ئەو ژمارەیە زیادەڕەوی تێدا كراوە.
تائێستاش هێزە كلاسیكیەكان كە بەهۆیانەوە خەڵكی عێراق لە 2019 ناڕەزایی دەربڕی گۆڕەپانەكەیان كۆنترۆڵكردووە، بۆیە بەشێك لە چالاكانی خۆپیشاندانەكان و شیوعیەكان دەنگدانیان بایكۆت كردووە.
ئەوانەی لەم هەڵبژاردنە پێشبینی دەكرێت ركابەری توند بكەن، یەكێكیان ڕەوتی سەدرە، كە كەسایەتی ئاینی شیعەكان موقتەدا سەدر رێبەرایەتییان دەكات، پێشتریش لە هەڵبژاردنی 2018 توانی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت.
ئەو هێزانەی نزیكن لە ئێران بەسەرۆكایەتی هاوپەیمانی فەتح یەكێكی دیكەن لەهێزەكان كە ركابەری توند دەكەن و خاوەن جەماوەرێكی بەرفراوانن، ئەوان هادی عامری سەركردایەتیان دەكات كە لەهەمانكاتدا سەرۆكی رێكخراوی بەدرە و بەشێكی سەرەكییە لە حەشدی شەعبی، ئەوانیش توانییان لە هەڵبژاردنی 2018 بگەنە پەرلەمانی عێراق و دووەم زۆرینەی پەرلەمانی دروست بكەن.
یەكێكی دیكە لە هێزە جەماوەرییەكان حزبی "حقوق" ە كە نزیكن لە كەتیبەكانی حزبوڵا كە رەوتێكی پەیوەستە بە حەشدی شەعبی.
سەبارەت بە هاوپەیمانیەكانیش هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر سەرۆكایەتی دەكات كە لەهەمانكاتدا سەرۆكی حزبی دەعوەیە، هەروەها هێزەكانی "دەولە وەتەنیە " بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر یەكێكی دیكەیە لە هاوپەیمانیەكان، كە ڕەوتی حیكمەش لەخۆدەگرێت و عەمار حەكیم كەسایەتی ئاینی شیعەكان سەركردایەتی دەكات.
هێزە سوننیەكانیش ركابەرییەكی توند لەنێوانیان هەیە بەتایبەت لەنێوان هاوپەیمانی "تەقەدوم" بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ هاوپەیمانی "عەزم" بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر كە لەلایەن ئەمریكیەكانەوە بەتۆمەتی گەندەڵی سزادراوە.
هەروەها سوننەكان چەند لیست و قەوارەیەكی دیكەیان هەیە وەك "قادمون للتەغەیر" كە حەسەن ئەلرماحی سەرۆكایەتی دەكات.
هەرچی حزبە كوردیەكانە دابەش بوون بەسەر چەند لیست و هاوپەیمانێتیەكدا، پارتی دیموكراتی كوردستان بەجیا بەشداری هەڵبژاردنی كردووە ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان "هاوپەیمانی كوردستان" یان پێكهێناوە و قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات، هەریەك لە نەوەی نوێ و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش بە لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن.
سەركۆ جەمال

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.