هەواڵ

بەخێر هاتییت بۆ سەردەمی زێتابایت

Mic
2021-11-30

 

ئایا ئێوە ئاگادارن ئێمەی مرۆڤ لە ئێستادا چەندە زانیاری دیجیتاڵیمان هەیە..؟ ئەی دوای 10 ساڵی تر چی لێ دێت و بڕی زانیاریە دیجیتاڵیەکانمان دەگاتە چەند..؟ توشی سەرسوڕمان دەبن.

لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم هەموو قەبارەی داتا دیجیتاڵیەکانمان لەچەند مێگابایتێک زۆرتر نەبوو، بەڵام لە ساڵی 2018 لە 18 زێتابایت تێپەڕی کرد، واتە دەیەها ترلیۆن ئەوەندە زۆرتر بووە لەو کاتەوە، کۆتایی ئەمساڵیش 2021 دەگاتە پتر لە 74 زێتابایت..!

تا نزیکەی 10 ساڵی تریش پێ دەنێینە سەردەمی yottabyte یۆتابایت...
بڕی یەک زێتابایت zettabyte چەندە و یەکسانە بە چەند بایت..؟
یەک زێتابایت لە داتا یەکسانە بە یەک ترلیۆن گێگابایت، یەک یۆتابایتیش یەکسانە بە هەزار زێتابایت، واتە هەزار ترلیۆن گێگابایت، هەمووشتان دەزانن یەک گێگابایت واتە یەک بلیۆن یان یەک ملیار بایت...

هەر بۆ زانین هەموو زانیاریە دیجیتاڵیەکان بەشێوەیەک یان فۆرماتێک هەڵدەگیرێن کە بە ژمارە 0 یان 1 دەست پێدەکات، تەنها یەکێک لەو ژمارانە بچوکترین بڕە لە زانیاری دیجیتاڵی و بە bit ناسراوە، یەک بایتیش لە زانیاری دیجیتاڵی یەکسانە بە 8 بیت...

لە سەردەمێکی چەندە سەرنجڕاکێش دەژین، بەر لە 65 ساڵ و بە وردی لە ساڵی 1956 کۆمپانیای IBM ی ئەمەریکی یەکەم هارد درایڤی دروست کرد کە توانای هەڵگرتنی تەنیا 5 مێگابایت لە داتای هەبوو، قەبارەکەشی دوو ئەوەندەی بەفرگرێک دەبوو...

بەڵام لە ساڵی 2012 هەموو زانیاری و داتا دیجیتاڵیەکانمان گەیشت بە یەک زێتابایت واتە یەک ترلیۆن گێگابایت، ساڵ بە ساڵیش زۆر بەخێرایی زۆرتر دەبێت، بۆ مەزەندەکردنی یەک زێتابایت ئەم نمونەیە دەهێنمەوە: ئەگەر یەک ملیار کۆمپیوتەر بهێنین کە هەریەکە توانای هەڵگرتنی یەک تێرابایت بێت، هەموویان پڕ بکەین لە زانیاری ئەوا ئەو هەموو بڕە زانیاریە یەکسانە بە یەک زێتابایت..! 

لە ساڵی 2016 یش تەنیا بڕی زانیاری و داتاکانی نێو ئینتەرنێت یەک زێتابایتی تێپەڕاند..!

بڕی داتا و زانیاریە دیجیتاڵیەکانمان ئەوەندە بەخێرایی زۆردەبن تا کۆتایی بیستەکانی ئەم سەدەیە دەگەین بەسەردەمی یۆتابایت..!

بڕ و قەبارەی زانیاریەکانمان بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەڕ ڕوو لە زۆربوونە...
بەهۆی داهێنان و کارپێکردنی تۆڕە بێتەلەکانی نەوەی پێنجەم 5G لەئێستادا و بەستنەوەی پتر لە 12 ملیار ئامێر لەگەڵ ئەو تۆڕانە تاوەکو ساڵی 2022، چاوەڕوان دەکرێت بڕی هەموو زانیاریەکان لەنێو تۆڕی ئینتەرنێت تاوەکو ساڵی 2025 لە 175 زێتابایت تێپەڕ بکات..!
تا کۆتایی بیستەکانیش چاوەڕوان دەکرێت بڕی هەموو داتاکانی نێو ئینتەرنێت لە سەرانسەری جیهان لە 1000 زێتا بایت تێپەڕ بکات، هەزار زێتابایتیش پێی دەووترێت یۆتابایت، واتە 1000 ترلیۆن گێگابایت..!
بەڵام شۆڕشێکی مەزن و نوێش بەڕێوەیە لەبواری هەڵگرتنی داتا، دوای چەند دە ساڵێکی تر چیتر داتا بەم شێوەیەی ئێستا لەنێو هارد درایڤ هەڵناگرین کە وزەی زۆری دەوێت، هارد درایڤەکان بە گشتی قەبارەیان گەورەیە و تێچووشیان زۆرە، بەڵکو بە ڕێگەیەکی زۆر نوێتر و بەتواناتر هەڵدەگیرێت، ئەویش بریتی دەبێت لە بەکارهێنانی DNA بۆ هەڵگرتنی زانیاری دیجیتاڵی... 
تێبینی: ترلیۆن واتە هەزار ملیار ئەمەش لە نوسیندا دەکاتە ژمارە یەک دوانزە سفری لە تەنیشت، ملیارێکیش هەزار ملیۆنە، واتە ژمارە یەک نۆ سفری لەتەنیشت بێت..

More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.