هەواڵ

خێزانێک لەسەری ڕەشەوە دەیانەوێت حوکمی هەموو عێراق بکەن

Mic
2022-01-12

بەوەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەلایەن هۆشیار زێبارییەوە، ئەوا حوکمی هەموو عێراق لەزاخۆ وە بۆ بەسرە دەکەوێتە دەست بنەماڵەی بارزانی، لەسەری ڕەش.


مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەدواین ساتەکانی خۆپاڵاوتندا، هۆشیار زێباری خاڵی، کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، لەئەگەری وەرگرتنی پۆستەکەش، ئەوا حوکمڕانی عێراق دەکەوێتە ژێر ڕکێفی بارزانییەوە.


حاڵی حازر، خێزانی بارزانی، تەواوی پۆستە سیادی و گرنگەکانی هەرێمی کوردستانیان کۆنترۆڵکردوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، برازای مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێم، لەلایەن مەسرور بارزانی کوڕییەوە، بەڕێوە دەبرێن، ئەمە جگە لە دەیان پۆست وەزارەتی دیکەی سیادی.

بارزانی چاوی لەوەیە پۆستی سەرۆککۆماری عێراقیش بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، بەوەش خێزانەکەی دەبنە گەورەترین خێزانی حوکمڕان لەعێراقدا.

 

دووخولە، بارزانی موکوڕە لە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٧ بەبڕیاری بارزانی، ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەسەرتاسەری هەرێمدا ئەنجامدراو نزیکەی لەسەدا ٩٥ی خەڵکی کوردستان، دەنگیان بەجیابوونەوە لەعێراق دا.


بەڵام لەوکاتەوە بارزانی زیاتر ڕووی لە بەغدایەو دوای وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراق لەلایەن فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمەوە، ئێستا چاوی لە سەرۆککۆمارە.بۆ ئەوەش هۆشیار زێباری خاڵی کاندید کردوە.

 

لەساڵی ٢٠٠٥ وە، وەک عورفێکی سیاسی، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کورد بووە و لەناو کوردیشدا بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەبەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ مسۆگەر کراوە.

 

تەمووزی ٢٠٠٧، جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی، رێککەوتننامەی ستراتیژییان بەسیفەتی سکرتێری گشتی یەکێتی و سەرۆکی پارتی ئیمزاکرد، کە بەگوێرەی رێککەوتنەکە، پۆستی سەرۆککۆماری بۆ تاڵەبانی و پۆستی سەرۆکی هەرێمیش بۆ بارزانی بێت.

 

هۆشیار زێباری، کوڕی مەحمود ئاغای زێبارییە، کە دەکاتە برای حەمایلەخانی خێزانی مستەفا بارزانی و دایکی مەسعود بارزانی.


هۆشیار زێباری تەمەن ٦٦ ساڵ، لە ٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٦ دا، لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی وەزیری دارایی عێراقی لێسەندرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەڵگەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سەدان ملیۆن دۆلاری لەسەر خرایە ڕوو.بەڵام ئێستا کاندیدی بارزانییە، بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.


نزیکەی ساڵێک پاش ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، بارزانی هەموو هێزی خۆی خستەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، کە فوئاد حسێن کاندیدی بوو، بەڵام لەبەرامبەر د. بەرهەم ساڵح، دۆڕا، دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح بەتوندی لەلایەن بەرپرسانی حزبەکەیەوە پشتیوانی کرا.

 

لەوکاتەوە تا ئێستاش نێوان بارزانی و بەرهەم ساڵح خراپە و بارزانی هەموو هەوڵێک دەدات رێگری بکات کە بۆ خولێکی تر، بەهەم ساڵح پۆستی سەرۆککۆماری وەربگرێتەوە.

 

بەشێکی زۆری موکوڕی بارزانی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار، پشتی بەو رێککەوتننامە رانەگەیەندراوە بەستوە، کە لەنێوان، رەوتی سەدر و سوننەکاندا ئیمزایکردوە، لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دابەشکردنی پۆستەکان.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.