پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ٥٠ سەرکردە و ٣٠٠ نوێنەری حکوومەت و نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ بەرپرسی بازرگانی جیهانی بەشداری کۆڕبەندی داڤۆس بکەن.
دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکان و بازرگانانی جیهان، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی کە لە ٢٢-٢٦ی ئایار لە شاری داڤۆس رۆژهەڵاتی سویسرا بەڕێوەدەچێت.
کۆبوونەوەی ئەمساڵی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی (WEF)، لەژێر تەوەری "مێژووی خاڵی وەرچەرخان؛ سیاسەتەکانی حکوومەت و ستراتیجییتەکانی بازرگانی" رێکدەخرێت.
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ٥٠ سەرکردە و ٣٠٠ نوێنەری حکوومەت و نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ بەرپرسی بازرگانیی جیهانیی بەشداری کۆڕبەندەکە بکەن.
پێشبینی دەکرێت هەریەک لە سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەورووپا، کریستین لاگارد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی نەمسا، کارل نەهامەر، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، ئەلێکساندەر دی کرۆ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا، کیریل پێتکۆڤ، سەرۆکی کۆلۆمبیا، ئیڤان دوکی، سەرۆکوەزیرانی کرواتیا، ئاندرێ پلێنکۆڤیچ و سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میتسۆتاکیس بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن.
هەروەها سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرکۆماری ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ماتێوس مۆراویچکی و میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە ناوە گرنگەکانی دیکەن کە پێشبینی دەکرێت بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا بکەن.
پەیامی سەرکردەکانی جیهان و نوێنەرانی بازرگانی لە کۆبوونەوەی ئەمساڵدا، گرنگییەکی زۆری هەیە لە کاتێکدا کە فشارەکانی هەڵاوسانی جیهان زیاد دەکات، پێشبینی گەشەکردن کەم دەبێتەوە، گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان و نرخی کاڵاکان بەرز دەبێتەوە.
لە بەیاننامەیەکی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی (WEF)دا، ئاماژە بەوە کراوە کە چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی ئەمساڵ وەک پلاتفۆڕمێکی ستراتیجیی بێتە پێشەوە کە تیایدا باس لە کێشە جیۆئابوورییەکانی دوای پەتای کۆرۆنا و شەڕی رووسیا-ئۆکراینا دەکرێت.
لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە "لە بەرامبەر قووڵبوونەوەی خۆلێدانە جیهانییەکان و پەتایەک کە جارێک لە سەدەدا روودەدات، پێویستمان بە ئامانج و چارەسەرێکی (هاوبەش) هەیە. مەبەست لەم کۆبوونەوەیە زاڵبوونە بەسەر ئەو مەترسی و هەڕەشانە”.
- کام بابەت تاوتوێ دەکرێت؟
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا زنجیرەیەک پانێڵ بە ناونیشانی "بونیاتنانەوەی متمانەی کۆمەڵایەتی"، "دەستەبەرکردنی داهاتووی سیستەمی تەندروستی"، "داهاتووی خۆڕاگر"، "جێبەجێکردن و کاریگەریی سزاکان"، "کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن بۆ ئاستی سفر"، “بارودۆخی وزە؛ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا”، “رۆحی بەرخۆدان؛ ئۆکراینا" و "رێگریکردن لە قەیرانی خۆراکی لە جیهان" بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی (WEF)، کلاوس شواب بەم شێوەیە لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمساڵ دوا:
"کۆبوونەوەی لەم جۆرەی لەسەر ئاستی سەرکردە جیهانییەکان، لەم دۆخە نوێیەدا کە تایبەتمەندە بە جیهانێکی فرەجەمسەری لە ئەنجامی پەتا و جەنگ، ئێجگار گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنی قەیرانە جیهانییەکان".
وەک هەموو ساڵێک پلانی ئەوە دانراوە کە ئەمساڵ پێنج هەزار سەرباز و پاسەوانی سویسریی رێوشوێنی ئەمنی چڕ بگرنەبەر بۆ پاراستنی شوێنی کۆبوونەوەکە.
سەرەڕای کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی
داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەڵام موقتەدا سەدر هێشتا مۆتەکەی دەسەڵاتدارانی
عێراقە، ئەمەش وایکردووە لەلایەک چاویان لەسەر هەڵبژاردن بێت و لەلایەکیش چاویان
لەسەر سەدر بێت، خودی موقتەدا سەدریش چاوەڕێی روودانی دوو ئەگەرە لە عێراق.
موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی سەدر، هێشتا یەکێکە لە گەورەترین مەتەڵە
سیاسییەکان، کە ڕووبەڕووی نەیارەکانی دەبێتەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، یان تەنانەت
لایەنگران و هاوپەیمانە نزیکەکانی.
لەدوای بڕیارە بەناوبانگەکەی سەدر بۆ کشانەوەی کوتلە پەرلەمانییەکەی
کە خاوەنی 72 کورسی پەرلەمانی بوو، لە هاوینی 2022 و راگەیاندنی ڕەتکردنەوەی
کارکردن لەگەڵ "گەندەڵکاران" کە مەبەستی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، پێشبینیەکان
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی سەدر بەردەوام مشتومڕی لە نێوان سیاسەتمەداران و شیکەرەوەکان
و تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی دروستکردووە.
موقتەدا سەدر لە هەموو پەیامەکانیدا سەبارەت بە کشانەوەی لە پرۆسەی
سیاسی و هەڵبژارد، تەنها ئاماژەی بە چینێکی گەندەڵی دەسەڵاتدار کردووە، بەبێ ئەوەی
هیچ نیازێکی تری خۆی بخاتەڕوو، بەڵام سەرکردەویەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی خواستی
سەدر ئاشکرا دەکات.
سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی
«الشرق الأوسط»ـى راگەیاندووە، سەدر سیستەمێکی دەوێت کە لەگەڵ تێڕوانینی خۆیدا
بگونجێت، کە لەوانەیە لەگەڵ تێڕوانینی ئەوانی تردا نەگونجێت.
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە، کشانەوەی ئێستای موقتەدا
سەدر لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتی هەڵبژاردن، لەم دیدگایەوە سەرچاوە دەگرێت نەک ڕق لە
کاری سیاسی.
ئاماژە بە پێگە و بەهێزی سەدر دەکات لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و دەڵێت:
لەوانەیە یارییەکە بە تەواوی بگۆڕێت تەنانەت ئەگەر لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنیش دوور بێت،
هەر بۆیە، چوارچێوەی هەماهەنگی چاوێکیان لەسەر هەڵبژاردنەکان و چاوەکەی دیکەش لەسەر
سەدرە.
لەگەڵ ئەوەی لایەنەسیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی پێیانوابوو، سەدر لە
چوار ساڵی رابروودا، شەقامی لە بەرژەوەندی خۆی ساز و ئامادەکردووە بۆ چوونە سەر
سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، سەدر بایکۆتکردنی
هەڵبژاردنی راگەیاند، هەرچەندە سەرۆک کۆماری عێراق بە فەرمی داوای لێکرد بە
بڕیارەکەیدا بچێتەوە، بەڵام ئەو سوربوو لەسەر بڕیارەکەی.
لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، موقتەدا سەدر بڕیارێکی دەرکرد
بۆ دوورخستنەوەی 31 کەس لە بزووتنەوەکە و باڵی سەربازی سەرایا سەلام، بەهۆی ئاماەکارییان
بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
سەرکردەیەکی رەوتی سەر بە رۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى
وتووە، ڕەوتی سەدر پشتگیری لە هیچ لیست و کاندیدێک ناکات لە هەڵبژاردنەکانی
داهاتوودا، ئەو سەرکردەیە ڕەتی دەکاتەوە پێشبینی هەنگاوەکانی داهاتووی سەدر بکات و
دەڵێت: هەموو شتێک دەگونجێت، بەڵام کەس نازانێت چۆن و کەی ڕوودەدات.
ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەدر درکپێدەکات و گرەو لەسەر ئەگەری
داڕمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بە تێپەڕبوونی کات، چونکە بڕوا وایە سیستەمی سیاسی
ئێستا بە ئاسانی چاکسازی ناکرێت.
دەشڵێت: سەدر هەموو جۆرە کارێکی سیاسی تاقیکردۆتەوە. بەشداری کردن لە
پەرلەمان و کشانەوەی لێی و بەشداریکردن لە حکومەت و کشانەوەی لێی و هەروەها دژایەتیکردنی
چالاکی لە شەقامدا و پێدەچێت گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم سیستەمە توانای
چاکسازی نییە.
یەکێکی تر لەو ئەگەرانەی کە سەدر چاوەڕێی دەکات، شوێنگرتنەوەی عەلی
سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانە لە عێراق، خودی سەدریش خواستی خۆی بۆ جێگرتنەوەی
نەشاردووەتەوە و بەپێی بنەماکانی مەزهەبی شیعە، موقتەدا سەدر هەموو مەرجەکانی
تێدایە.