هەواڵ

لەدهۆك و هەولێر بەنزینی 800 دیناری دابەش دەكرێت، سلێمانیش چاوەڕێیە

Mic
2022-06-16

دوای ئەوەی دوێنێ وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند بەنزینی 800 دیناری دەدرێتە هەولێر و دهۆك، جگە لەوەی بەنزینی 690 دیناری دابەش دەكرێت، بەڵام لەسلێمانی هیچ یەكێك لەو جۆرە بەنزینانە دابەش ناكرێت، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانیش دەڵێت هەوڵەكان بەردەوامن.

دوێنێ نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر رایگەیاند: بڕیاری دابینكردنی بڕێكی زۆری بەنزین دراوە و لە رۆژی پێنجشەممەوە جگە لە دابەشكردنی بەنزین لە 14 بەنزینخانە بە نرخی 690 دینار، لە 17 بەنزینخانەی دیكەش دەست بەدابەشكردنی بەنزین دەكرێت بە نرخی 800 دینار، چوار  بەنزینخانەی دیكەش لە ناو سەنتەری شاری هەولێر بۆ پێدانی بەنزین بە تەكسییەكان زیاد دەكرێت.

بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی بەمایكی وت:"لەهەوڵی بەردەوام دابین بەنزین بەزوترین كات بۆ سلێمانی دابین بكەین هاوشێوەی هەولێر و دهۆك تا نرخی بەنزین داببەزێت".

هاوكات عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەمایكی وت: "بڕی 3 ملیۆن لیتر بەنزین بە نرخی 800 دینار بۆ هەولێر و دهۆك تەرخانكراوە و پشكی سلێمانی تێدا نییە، هەوڵدەدەین   بەنزین بۆ سلێمانی لە سلێمانییەوە بەرهەم بێت".

 عەلی حەمەساڵح وتیشی:"چارەسەر ئەوەیە بەنزین لەناوخۆی سلێمانی بەرهەم بهێندرێت چونكە لەهەر شوێنێك بەنزین بهێندرێت كاریگەری لەسەر نرخەكەی نابێت، هەرچەندە حكومەتی هەرێم بەڵێنیداوە  پاڵپشتی نرخی بەنزین بكات".

وەك سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:"بۆ سلێمانیش لەهەوڵی بەردەوامداین بەنزین دابین بكەین، شەوی رابردوو لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتیەكان قسەم كرد دیسان بەڵێنیداوە هاوكاربێت لەدابینكردنی بەنزین بۆ سلێمانی".

دوێنێ  وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزین و رێگەگرتن لە گرانبوونی زیاتری، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتبوو: "حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتیی دارایی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەكات و بەشێكی زۆری رسومات و باجەكان لەسەر هاوردەكردنی بەنزین هەڵدەگرێت و كارئاسانی پێشكەش بە هەموو كۆمپانیاكان دەكات بۆ  هێنانی بەنزین بەمەرجێك كاریگەریی  لەسەر كوالێتیی بەنزین و تەندروستیی هاووڵاتییان نەبێت و لەگەڵ رێنماییەكانی پاراستنی ژینگەدا بگونجێت، هاووڵاتییانیش دڵنیا دەكەینەوە لەماوەیەكی كورتدا كۆنترۆڵی نرخەكان دەكەین".

حكومەتی عێراق پێشتر رۆژانە یەك ملیۆن و 69 هەزار لیتر بەنزینی بۆ هەرێمی كوردستان دەنارد، كە بە 690 دینار دەدرایە شۆفێران، بەڵام ئێستا ئەركەكە دراوەتە كۆمپانیا حزبیەكانی پارتی و یەكێتی ئەوانیش بەشی سلێمانی نادەن بەهۆی ئەوەی گرێبەستیان هەیە لەگەڵ حكومەتی عێراق و تەنها بەنزین دەدەنە حكومەتی عێراق.

بەپێی زانیاریەكانی مایك هەوڵەكان بۆ ئەوەیە بەنزین لەچەند بەنزینخانەیەكی سنووری پارێزگای سلێمانییەوە دابین بكرێت،لەلایەكی دیكەوە نەوەی نوێ هەفتەیەكە لەسلێمانی و چەند شار و شارۆچكەیەك بەردەوامە لەدابەشكردنی بەنزینی 650 دیناری.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.