تەندروستی

لەشەش رۆژدا نزیكەی چوار هەزار حاڵەتی سكچوون و رشانەوە لەسلێمانی تۆماركراوە

Mic
2022-06-19

لەسلێمانی پەتای سكچون و رشانەوە تادێت زیاتر تەشەنەدەكات، ئەمرۆش لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانی هەڵمەتێكیان بۆ لەناوبردنی سەوزە لەریستۆرانت و شوێنە گشتیەكان دەستپێكردووە، بەهۆی ئەوەی پێشتر تەندروستی داوای قەدەغەكردنی كرد، چەند پشكنینێكیش كە ڕەوانەی بەغدا كراون گومانی كۆلێرایان لێدەكرێت، لەدهۆكیش چەند حاڵەتێكی سكچون و رشانەوە تۆماركراون بەڵام تەندروستی هەولێر رەتیدەكاتەوە هیچ حاڵەتێك تۆماركرابێـت.

د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: لەماوەی شەش رۆژی رابردوودا چوار هەزار  حاڵەتی توشبوون بەنەخۆشی سكچون و رشانەوە لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی داخڵ كراون.
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی: لەماوەی (6) رۆژی رابردوودا نزیكەی (4 هەزار) حاڵەتی توشبوون بەنەخۆشی سكچوون و رشانەوە لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی داخڵ كراون و حاڵەتی قورسیشیان تێدایە، خۆشبەختانە لەنەخۆشخانەكان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.

نەخۆشی سكچوون و ڕشانەوە  لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی بڵاوبووەتەوه ،سەبارەت بەو نەخۆشییە پێشتر د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی تایبەت بە منداڵان لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند: زۆرینەی ئەو منداڵانەی لە نەخۆشخانەكەدا دەمێننەوە تووشی پەتای سكچون و ڕشانەوە بوون.

د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لەلێدوانێكدا بۆ مایك رەتیكردەوە لەهەولێر تائێستا حاڵەتی سكچوون و رشانەوە تۆماركرابێت، وتیشی هەر حاڵەتێك لەنەخۆشخانەی گشتی و ئەهلیەكانیشدا هەبێت ئامارەكە دەگاتە دەستمان و رایدەگەیەنین.

لەلایەن خۆیەوە هەمزە رەزیكی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی دهۆك بە مایكی وت: لەدهۆكیش حاڵەتی سكچوون و رشانەوە تۆماركراوە بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی مەترسی دروستبكات و ئامار رابگەیەنین.
لە جیهاندا سكچوون بە یەكێك لە نەخۆشییە هەرە مەترسیدارەكان دادەنرێت، بە پێی راپۆرتەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی مەترسی گەورە لەسەر ژیانی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان دروست دەكات ئەگەر بەزووی چارەسەرنەكرێت. 

هۆكارەكانی سكچوون 

ئاوی پیس و خواردنی ناخاوێن، هۆكاری سەرەكی سكچوون و رشانەوەن بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، ئەو منداڵانەی شیری دایكیان دەخۆن كەمتر توشی سكچوون دەبن خۆ ئەگەریش سكچوون بگرن ئەوا ئاسانتر چارەسەر دەكرێن و زووتر چاك دەبنەوە.
بەگشتی، بەهۆی سكچوونەوە ئاو لە لەشی منداڵدا كەم دەكات و دەبێتە هۆی وشكبوونەوە، ئەگەر وشكبوونەوە بگاتە رێژەیەكی دیاریكراو ئەوكات مەترسی لەسەر گیانی منداڵەكەت دروست دەكات، ئەگەر چەند رۆژێك منداڵ سكی بچێ و بڕشێتەوە و چارەسەر وەرنەگرێ ئەوا لەسەدا 20ی كێشی منداڵەكەت كەم دەكات و چیتر منداڵ بەرگە ناگرێت.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەزری هاوین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، پەتای سكچوون و رشانەوە رووی لە هەرێمی كورستان دەكات، وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند تووشبوون بەو پەتایە هەموو تەمەنەكان دەگرێتەوە، بەڵام بە ژمارەیەكی زیاتر لەناو منداڵاندا تۆمار دەكرێت. 

نیشانەی پەتاكە و رێگریكردن 
رشانەوە، سكچوون، تای نزم و مامناوەند و بیتاقەتی زۆر، پێچكردنی ریخۆڵەكان و ئازاری سك، هەروەها  بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان بۆ رێگریكردن و خۆپاراستن لە پەتای سكچوون و رشانەوە پزیشكان داوا دەكەن هاووڵاتیان ئەم رێنماییانە جێبەجێ بكەن، وەكو كوڵاندنی ئاو بەر لە خواردنەوە،هەڵگرتنی خواردن لەناو بەفرگر و ساردكەرەوەدا، سەوزە و میوە پێش خواردنی جوان بشۆردرێتەوە، زوو زوو دەستی منداڵ بشۆردرێت، پاكوخاوێنیی تەوالێت و گەرماو، بەكارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و كەوچكی كەسی دیكە، دووركەوتنەوە لە خواردنی دەرەوە، بەتایبەت خواردنی سەر عەرەبانەكان و باش كوڵاندنی گۆشت و خواردنەكان.

 بڵاوبوونەوەی پەتای سكچوون و رشانەوە لە عیراق و سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بڵاوبوونەوەی بەرچاوی هەیە، هاوكات نەخۆشییەكە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە كە بە هۆیەوە ژمارەی مردن تۆمار دەكرێت بەتایبەت لەناو منداڵاندا. 
پێشتر د. پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەدی منداڵان رایگەیاند: بە رێژەیەكی بەرچاو 70 لە سەدی نەخۆشەكانی داغڵی نەخۆشخانە دەكرێن تووشبووی پەتاكەن، رۆژانە ژمارەی تووشبووان لەبەرزبوونەوەی زیاتردایە. 
بەپێی زانیاری و ئاماژە تەندروستییەكان، پەتاكە بریتییە لە هەوكردنی گەدە و ریخۆڵەكان، زۆربەی زۆری حاڵەتەكان بەهۆی ڤایرۆسەوە روو دەدات، بە رێژەیەكیش هۆكاری بەكتریایی و لە هەندێك حاڵەتی دەگمەنیشدا، دەكرێ مشەخۆر و زیندەوەرە سەرەتاییەكان (پڕۆتۆزوا)، بەرپرسبن، هەروەك پەتاكە زیاتر لە وەرزی هاویندا سەر هەڵدەدات و بڵاوبوونەوەی دەبێت، ئەویش بە هۆیەكانی خراپ هەڵگرتنی خواردن و خواردنەوەكان و بەركەوتن و دانانیان لە شوێنی گەرمدا كە بەماوەیەكی كەم تێكدەچن و پیسبوون روودەدات، كەسی تووشبوو ئەگەر زوو بگەیەنرێتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەركردن، جێگەی مەترسی نابێت، بەڵام پشتگوێخستنی رەنگبێت ببێتە هۆكارێك بۆ گیان لەدەستدانی بەهۆی وشكبوونەوە بە لە دەستدانی ئاوێكی زۆری جەستەوە، هەروەك تووشبوون بۆ ماوەی 3 ی تا چوار رۆژ دەخایەنێت، گرنگترین رێگە بۆ چارەسەركردن،  سەردانكردنی نەخۆشخانە و پشكنینی لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە بۆ دیاریكردنی جۆری هەوكردنەكە، هاوكات رێگریكردن لە وشكبوونەوە و قەرەبووكردنەوەی ئەو ئاوەی نەخۆش لەجەستەی دەردەچێت لە رێگەی رشانەوە و سكچوون، بەتایبەت لەناو منداڵان و كەسانی بەتەمەندا.

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.