هەواڵ

بەغدا هەنگاوەكانی دژ بە نەوت و غازی هەرێم چڕدەكاتەوە

Mic
2022-06-23

دوای ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەپەیامێكدا رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی لەكارەكانیدا بە تەواوی سەربەخۆیە و بەگوێرەی دەستوریش بڕیارەكانی ناچارین بۆ هەمو لایەنەكان، هیچ لایەنێك بۆی نییە سەرپێچی لە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی بكات، هەر ئەمرۆ لەگەڵ سەرۆكی دادگاكانی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە.
پێشتر فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند: دادگای فیدڕاڵی عێراق بەشێكە لە دەسەڵاتی دادوەری و كارەكانی بەشێوەیەكی سەربەخۆ دەكات كە بە تەواوی جیاوازە لە كاروباری حكومەت، بۆ دەرخەری ئەو راستیەش بەشێك لە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی دژی خواستی حكومەت بون.
سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان فایەق زێدان وتی: ئەو پرسە جێگەی مشتومڕ و ناكۆكی بوو، دادگای فیدڕاڵی دۆسییەكەی لە بەرژەوەندی وەزارەتی نەوت یەكلایی كردەوە، هۆكارەكەشی ئەوەبوو كە وەزارەتی نەوت لایەنی سكاڵاكار بووە وەك هەر دۆسییەكی دیكە و بەڵگەكانی خۆی پێشكەش كردووە، دادگاكە مافی مامەڵەكردن بە سامانی سروشتی بە گوێرەی دەستوریی، بۆ حكومەتی فیدڕاڵی گەڕاندووەتەوە.
سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری ئەوەشی خستبووەڕوو: دوای بەدواداچونی دۆسییەكە لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە دەركەوتووە كە وەزارەتی نەوتی عێراق بە پێی دەستور مافی ئەو داوایەی هەیە كە دژی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان تۆماریكردوە، هەر بۆیە سكاڵاكە لە بەرژەوەندی وەزارەتی نەوت یەكلاكرایەوە.
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا فایەق زێدان باسی لەوەشكردووە: دەكرێت لەرێگەی هەمواركردنەوەی ژمارەیەك برگەی دەستورەوە چارەسەر بۆ بەشێك لە كێشەی وادە دەستورییەكان بكرێت كە هەموو كاتێك لەگەڵ هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی نوێ روبەڕوی دەبنەوە، بەڵام لە هەمو دۆخ و دەستورێكی نوێشدا دادگاكان بە سەربەخۆیی دەمێننەوە و دەسەڵاتی دادوەری عێراقیش نابێتە بەشێك لە ناكۆكی نێوان لایەنەكان.
هەر ئەمڕۆ فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری عێراق، بانگهێشتی سەرۆكی دادگاكانی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی كوردستانی كرد و باسیان لە كێشە یاساییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كردووە.
فایەق زێدان لەوكۆبوونەوەیەدا لەگەڵ سەرۆكی دادگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك كە هەریەك لە دەستەی سەرپەرشتی دادگاكانی نەینەواو كەركوك ئامادەیبوون باسیان لەو كێشە یاساییانە كردووە كە لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستبووە.
15 ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە یاسای نەوت و غازی هەرێم بڕیاریدا، لەبڕیارەكەدا فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم بە نایاسایی ناوبرا و رێوشوێنەكانیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەستپێكرد، هەرچەندە حكومەتی هەرێم و دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و سەرۆكایەتی هەرێم بڕیارەكەیان بەنادەستوری ناوبردووە بەڵام حكومەتی عێراق بەردەوام جەخت لەجێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەكەنەوە.



More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.