جێگیری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، سروشتی كۆلێرا وایە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و خواردنەوەوەیە، ئەوەش لەكاتێكدایە پزیشكەكان دەڵێن بڵاوبوونەوەی بەو شێوە زۆرە گومان لە پیسبوونی ئاو دەكرێت، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانیش دەڵێت دڵنیایی دەدەین ئاوی سەرەكی ماڵان پاكە، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند سەرچاوەی كۆلێرا ئاوی "تانكەرەكانە".
هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەمایكی وت :" سروشتی كۆلێرا وایە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و خواردنەوەوەیە، لەو دوو هۆكارە زیاتر نییە، كۆلێرا وەكو كۆرۆنا نییە پێشینەیەكی باشمان هەیە لەسەر كۆلێرا دەتوانین مامەڵەی لەگەڵدا بكەین".
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی :" ئەوەی دەمێنێتەوە پاڵپشتی ماددی حكومەته بەدڵنیاییەوە ئەگەر هاوكاری بكرێن و ئەوەی كە پێویستە بتوانن دابینی بكەن لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستی و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییەوە دەستكراوەبن بۆ ئەوەی بتوانن هەرچی پێداویستی بەرەنگاربوونەوەیە دابینی بكەن، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەتوانن بە شێوەیەكی زۆرباش كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەن."
لەبارەی دۆخی تەندروستی شاری سلێمانیشەوە، هێرش سەلیم رایگەیاند:" لەماوەیەكی كورتدا بارودۆخی توشبوون بە سكچون و رشانەوە لەسنوری پارێزگای سلێمانی زۆر زیادی كردووە و ئامارەكان لەبەرزیدان، هەرچەندە دوو رۆژە رێژەی داخڵ بوون بەراورد بە رۆرژانی پێشوو كەمی كردووە".
لە چەند شوێنێك بۆرییەكان بەكەڵك نەماون و نزیكە لەئاوی ئاوەڕۆ
ئەو هێڵانەی كە ئاو دەگوێزێتەوە لە چەند شوێنێك بۆرییەكان بەكەڵك نەماون و نزیكە لەئاوی ئاوەڕۆ، هیوادارم حكومەت یان لایەنی پەیوەندیدار و پارێزگای سلێمانی بەزوویی بێنەسەر خەت بەتایبەتی بۆ ناوچەی چەمچەماڵ، ئەوەی كە وتم سەرچاوەكانی ئاو سلێمانی بەو هۆكارانە دەگوێزرێتەوه، بەشێكی تێكەڵاوی ئاوی تر دەبێت و ئاوەڕۆكان دەبنە هۆكاری نەخۆشیەكە كە پێویست دەكات ئێمە سەرچاوەكان تەواو دەست نیشان بكەین". جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وای وت.
لەبارەی خواردنی دەرەوە و سەوزەشەوە، د.هێرش وتی:" كۆنترۆڵكردنی بازاڕ و خواردنی سوركراوە و خواردنی سەر عەرەبانەكان و لەو خواردنانەی كە سەوزەی زۆر بەكاردێت بەبێ ئەوەی هیچ چاودێریەكی تەندروستی لەسەر بووبێت پێشتر یاخود نازانرێت ئایا سەرچاوەی ئەو سەوزانە لەو كێڵگانەوە هاتووە كە بەئاوی پاك ئاودەدرێت یاخود بەئاوی قورس ئاودەدرێن ئەمانەش دەبن بەهۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكە".
لەبەرامبەردا، سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە مایكی وت :"دڵنیایی دەدەم ئاوی سەرەكی ماڵان پاكە، ئەگەر سەلمێنرا ئاوی بەلوعەی سلێمانی پیسە ئێمە وێستگەكان دادەخەین و ئاو دەگرینەوە، من خۆم لەوە بەدڵسۆزتر دەزانم كە بۆ هیچ شتێك لەدنیادا روحی منداڵێكی كورد یان خەڵكی شارەكەم بگۆڕمەوە، بۆیە تا ئەم ساتە دڵنیایی دەدەمە هەمووان سەبارەت بە پاكی ئاوی ڕەئیسی ماڵان، كە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیەوە دابین دەكرێت".
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو:"چركە بەچركە كواڵێتی ئاوەكە دەنێرێت نەك بۆ سلێمانی بەڵكو بۆ بەغدادیش، حكومەتی ناوەند ئاگای لە ئاوی سلێمانیە، بەغداد ئاگاداری ئاوی سلێمانی كە ئاوە خاوەكەی زێیەكەیه".
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەشڵێت:"ئەو دەنگۆیانەی كە دەڵێن ئاوی خواردنەوە كە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیەوە دابین دەكرێت تێكەڵ بەشتێك بووە یان كواڵیتی نییە بۆ خواردنەوە دوورن لەڕاستیەوە، ئێمە رۆژانە لەڕێگەی سێ تاقیگەی خۆمانەوە ئاوەكان كۆنترۆڵ دەكەین و پشكنین و تێستیان بۆدەكەین و بەتایبەتی تێكردنی كلۆر بەستاندەری WHOهەمووی بەردەوامە و هیچ جۆرە سەرچاوەیەكمان نەپیس بووە و نەتێكەڵە و نە هۆكاری كۆلێرایه".
بەوتەی هەندێ لە پزیشكان بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بەو رێژە بەرزە هۆكارەكەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەیە، چونكە ئەگەر هۆكارەكەی خواردنی دانەپۆشراو و دەرەوە بوایە ئەوا بەورێژە زۆرە خەڵكی تووشی نەخۆشییەكە نەدەبوون لە رۆژێكدا.
لە سەرەتای هاتنی وەرزی گەرما لە هەرێم، سەرەتا پەتای سكچوون و رشانەوە لەناو منداڵاندا سەری هەڵدا
لە سەرەتای هاتنی وەرزی گەرما لە هەرێم، سەرەتا پەتای سكچوون و رشانەوە لەناو منداڵاندا سەری هەڵدا و پزیشكان لەو باوەڕەدابوون پەتایەكی ئاسایی وەرزییە و هۆكارەكەشی گۆڕانی كەشو هاتنی وەری گەرمایە كە ساڵانە روودەدات، بەڵام دواتر بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەكە لەناو منداڵان و دواتریش گەورەكاندا، گومانكرا كە پەتای كۆلێرابێت، دواجار لە پشكنینەكاندا دەركەوت پەتاكە كۆلێرایە تائێستاش دوو منداڵ و دوو زیندانی چاكسازی گەورانی سلێمانی گیانیان لەدەستداوە، لەكەركوكیش دوو كەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
پەتای كۆلێرا لەو وڵاتانە بڵاودەبێتەوە كە دواكەوتوون یاخود جەنگ تێیاندا ڕوویداوە، بەهۆیەوە سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە و خۆراك پاك نین، لەمساڵانەی دواییشدا تەنها لەچەند وڵاتێكی ئەفریقی بڵاوبووەتەوە و لەهیچ وڵاتێكی پێشكەوتوو پەتاكە نەماوە.
ئاوی تانجەڕۆ و قلیاسان لە سلێمانی، یەكێك بوون لە هۆكارە سەرەكییەكانی بڵاوبوونەوەی پەتای سكچوون
بەپێی زانیارییەكان رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بەتەندروستی سلێمانی راگەیاندووە ئاوی تانجەڕۆ و قلیاسان لە سلێمانی، یەكێك بوون لە هۆكارە سەرەكییەكانی بڵاوبوونەوەی پەتای سكچوون، رشانەوە و كۆلێرا لەشارەكە.
هەر بەپێی زانیاریەكان تەنیا لە مانگێكدا، 12 ترۆمپا كە ئاوی ئەو دوو چەمەیان پێ فرۆشتووە، لەناوبراون، هەر بەپێی زانیاریەكان زیاتر لە 50 ترۆمپای دیكەی ئاو هەن لە سلێمانی كە بەنهێنی كاریان پێدەكرێت و تاوەكو ئێستا دەستیان بەسەردا نەگیراوە.
نوێنەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانیش پشتڕاستیكردووەتەوە كە بەكارهێنانی ئاوی هەر دوو چەمی قلیاسان و تانجەڕۆ یەكێك بوون لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی پەتاكە.
جگە لە ئاوی خواردنەوە، سەوزە یەكێكی دیكەیە لەو خواردنانەی كە بە هۆكاری بڵاوبوونەوەی پەتاكە دادەنرێت، بەتایبەت ئەوانەی بە ئاوی زێڕاو بەرهەمدەهێندرێن، خاوەنی بەشێك لە كێڵگەكان، بەڵێننامەیان پڕكردووەتەوە كە تاوەكو كۆتایی هاتنی پەتاكە، هیچ لە بەرهەمەكانیان نەخەنە بازاڕەوە.
تەندروستیی سلێمانی لیژنەكانی بەدواداچوونی زیاتر و كاراتر كردووە
هەر بەوهۆیەوە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لیژنەكانی بەدواداچوونی زیاتر و كاراتر كردووە بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی تەواوی پارێزگاكە بكەن.
د.نەجمەدین حەسەن نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەسلێمانی بۆ مایك ئەوەی ئاشكراكرد، داغڵ بوونی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەكان كەمتر بووە لەچاو سێ رۆژی رابردوودا، بەڵام لەنەخۆشخانەكانی شەهید هێمن و شار و منداڵان رۆژانە 400 بۆ 500 كەس سەردانیان دەكات.
وەك نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت سەرجەم حاڵەتەكانی سكچوون و رشانەوە وەك كۆلێرا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی 11 ترومپای ئاو رێگەپێدراو نین بەڵام ئاویان فرۆشتووە، جگە لەوەی پشكنینیان بۆكراوە و دەركەوتووە كە بۆ خواردنەوە ناشێن، بەپلەی یەكیش سەرچاوەی ئاوی پیسن.
بەوتەی نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO رۆژانە زانیاری نوێیان دەداتێ و كۆبوونەوەیان لەگەڵدا دەكەن كە بزانن گەیشتووەتە چی ئاستێك، پێداویستیەكانیشیان بەپێی پێویست بۆ دابین دەكەین، ئێستا بە موغەزی هاوكاری تەندروستی سلێمانی دەكەین.
د.نەجمەدین رێنمایی هاوڵاتیانیش دەكات ئەگەر دڵنیا نەبوون لەسەرچاوەی ئاوی خواردنەوە نەیخۆنەوە و ئەگەر زۆریش پێویستیان بوو كلۆری تێبكەن یاخود بیكوڵێنن.
سەرەڕای کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی
داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەڵام موقتەدا سەدر هێشتا مۆتەکەی دەسەڵاتدارانی
عێراقە، ئەمەش وایکردووە لەلایەک چاویان لەسەر هەڵبژاردن بێت و لەلایەکیش چاویان
لەسەر سەدر بێت، خودی موقتەدا سەدریش چاوەڕێی روودانی دوو ئەگەرە لە عێراق.
موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی سەدر، هێشتا یەکێکە لە گەورەترین مەتەڵە
سیاسییەکان، کە ڕووبەڕووی نەیارەکانی دەبێتەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، یان تەنانەت
لایەنگران و هاوپەیمانە نزیکەکانی.
لەدوای بڕیارە بەناوبانگەکەی سەدر بۆ کشانەوەی کوتلە پەرلەمانییەکەی
کە خاوەنی 72 کورسی پەرلەمانی بوو، لە هاوینی 2022 و راگەیاندنی ڕەتکردنەوەی
کارکردن لەگەڵ "گەندەڵکاران" کە مەبەستی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، پێشبینیەکان
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی سەدر بەردەوام مشتومڕی لە نێوان سیاسەتمەداران و شیکەرەوەکان
و تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی دروستکردووە.
موقتەدا سەدر لە هەموو پەیامەکانیدا سەبارەت بە کشانەوەی لە پرۆسەی
سیاسی و هەڵبژارد، تەنها ئاماژەی بە چینێکی گەندەڵی دەسەڵاتدار کردووە، بەبێ ئەوەی
هیچ نیازێکی تری خۆی بخاتەڕوو، بەڵام سەرکردەویەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی خواستی
سەدر ئاشکرا دەکات.
سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی
«الشرق الأوسط»ـى راگەیاندووە، سەدر سیستەمێکی دەوێت کە لەگەڵ تێڕوانینی خۆیدا
بگونجێت، کە لەوانەیە لەگەڵ تێڕوانینی ئەوانی تردا نەگونجێت.
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە، کشانەوەی ئێستای موقتەدا
سەدر لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتی هەڵبژاردن، لەم دیدگایەوە سەرچاوە دەگرێت نەک ڕق لە
کاری سیاسی.
ئاماژە بە پێگە و بەهێزی سەدر دەکات لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و دەڵێت:
لەوانەیە یارییەکە بە تەواوی بگۆڕێت تەنانەت ئەگەر لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنیش دوور بێت،
هەر بۆیە، چوارچێوەی هەماهەنگی چاوێکیان لەسەر هەڵبژاردنەکان و چاوەکەی دیکەش لەسەر
سەدرە.
لەگەڵ ئەوەی لایەنەسیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی پێیانوابوو، سەدر لە
چوار ساڵی رابروودا، شەقامی لە بەرژەوەندی خۆی ساز و ئامادەکردووە بۆ چوونە سەر
سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، سەدر بایکۆتکردنی
هەڵبژاردنی راگەیاند، هەرچەندە سەرۆک کۆماری عێراق بە فەرمی داوای لێکرد بە
بڕیارەکەیدا بچێتەوە، بەڵام ئەو سوربوو لەسەر بڕیارەکەی.
لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، موقتەدا سەدر بڕیارێکی دەرکرد
بۆ دوورخستنەوەی 31 کەس لە بزووتنەوەکە و باڵی سەربازی سەرایا سەلام، بەهۆی ئاماەکارییان
بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
سەرکردەیەکی رەوتی سەر بە رۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى
وتووە، ڕەوتی سەدر پشتگیری لە هیچ لیست و کاندیدێک ناکات لە هەڵبژاردنەکانی
داهاتوودا، ئەو سەرکردەیە ڕەتی دەکاتەوە پێشبینی هەنگاوەکانی داهاتووی سەدر بکات و
دەڵێت: هەموو شتێک دەگونجێت، بەڵام کەس نازانێت چۆن و کەی ڕوودەدات.
ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەدر درکپێدەکات و گرەو لەسەر ئەگەری
داڕمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بە تێپەڕبوونی کات، چونکە بڕوا وایە سیستەمی سیاسی
ئێستا بە ئاسانی چاکسازی ناکرێت.
دەشڵێت: سەدر هەموو جۆرە کارێکی سیاسی تاقیکردۆتەوە. بەشداری کردن لە
پەرلەمان و کشانەوەی لێی و بەشداریکردن لە حکومەت و کشانەوەی لێی و هەروەها دژایەتیکردنی
چالاکی لە شەقامدا و پێدەچێت گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم سیستەمە توانای
چاکسازی نییە.
یەکێکی تر لەو ئەگەرانەی کە سەدر چاوەڕێی دەکات، شوێنگرتنەوەی عەلی
سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانە لە عێراق، خودی سەدریش خواستی خۆی بۆ جێگرتنەوەی
نەشاردووەتەوە و بەپێی بنەماکانی مەزهەبی شیعە، موقتەدا سەدر هەموو مەرجەکانی
تێدایە.