هەواڵ

بۆچی كێڵگەی كۆرمۆر بە ئامانج دەگیرێت؟

Mic
2022-06-26

دەستەی هەماهەنگیی بەرگریی عێراق، لایەنی دەرەكیی بە ئەنجامدانی هێرشەكانی سەر كۆرمۆر، تۆمەتبار دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە لەماوەی چوار رۆژدا سێجار هێرش كراوەتە سەر ئەو كێڵگەیە، بەڵام تائێستا لایەنە فەرمیەكانی هەرێم هیچ گروپ و لایەنێكیان تۆمەتبار نەكردووە، هێزێكی زۆری پێشمەرگە و دژە تیرۆریش ڕەوانەی ناوچەكە كراون،بەردەوامی هێرشەكانیش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە و سامانە سروشتیەكان و ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی ناچار كرد بچنە كێڵگەكە و دڵنیایی بدەنە بەڕێوەبەر و كارمەندانی كە ژیانیان دەپارێزن.
دەستەی هەماهەنگی بەرگریی (مقاوەمە)ی عێراق كە لە ١١ گروپی چەكداری سەر نزیك لە حەشدی شەعبی پێكدێت، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشی موشەكی بۆسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: هۆشداریی دەدەین لە هەوڵدان بۆ تێكدانی دۆخی ئەمنی و تێكەڵكردنی كارتەكان لەلایەن ئەو كەسانەی، كە دەیانەوێت وڵاتەكەمان لەم كاتە تایبەتەدا خراپتر بێت.
دەستەكە بە ئەمانجگرتنی كۆمپانیاكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بە كارێكی تێكدەرانە ناودەبات و دەڵێت: لایەنە دەرەكیەكانی لەپشتەوەیه،‌ كە دووژمنایەتی گەلی سەربەرزمان دەكەن، بە ئامانجی تێكدانی ئەو هەوڵانەی كە دەدرێن بۆ دەرچون لە قەیرانی ئێستای وڵات".

 

لە ٢٢ی حوزەیران هەتاكو ٢٥ی حوزەیران، سێ جار هێرشیی موشەكیی كراوەتە سەر ئەو كێڵگەیە 
كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكەویتە سنووری شارۆچكەی چەمچەماڵ و كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتیی وەبەرهیننای تێدا دەكات.
لە ٢٢ی حوزەیران هەتاكو ٢٥ی حوزەیران، سێ جار هێرشیی موشەكیی كراوەتە سەر ئەو كێڵگەیە و هیچ لایەنێكیش بەرپرسیارێتیی هێرشەكانی لەئەستۆ نەگرتووە.
راگەیەندراوی ئەو دەستەیە لەكاتێكدایە، بەپێی بەدواداچوونەكان بەرپرسانی یەكێتی گومانیان هەیە میلیشیا چەكدارەكانی شیعە لە سنوری دوزخورماتوو لە پشتی هێرشەكەوە بن، ئەو چەكدارانەش بەشێكی زۆریان توركمانی شیعە مەزهەبن.
بەرپرسانی سەربازیی سنورەكەش ئاڕاستەی هاویشتنی (كاتیوشا)كانیان دیاریكردووە‌و دەڵێن: كاتیوشاكان لە گوندی (قەڵغانلو)ی سەربە ناحیەی (نەوجول)ی قەزای (دوزخورماتوو) ئاڕاستەكراون، ئەم گوندە تەنیا (5) كیلۆمەتر لە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە دوورە، ناوچەكە بۆشایی ئەمنییە لەنێوان سنوری پێشمەرگەو حەشدی شەعبیدا.
  كۆرمۆر (15) كیلۆمەتر لەناو سەنتەری قەزای دوزخورماتووەوە دوورەو لەرووی ئیدارییەوە سەربە قەزای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینە. 
  ئەو كاتیۆشایانەی لە هێرشەكاندا بۆسەر كێڵگەی كۆرمۆر بەكارهێنراون تەنیا تەنیا بڕینی (5) كیلۆمەتریان هەیە، بەڵام (حەشوەی سائیل)یان لێدەبەسترێت‌و بەمە دوورییەكەی بۆ (10 – 13) كیلۆمەتر زیاد دەكرێت. 

بۆچی كۆرمۆر بەئامانج دەگیرێت؟
رۆژی 5ی ئایاری ئەمساڵ كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگە نەوتییەكانی سەربە كۆمپانیای باكور لەوانە (خورمەڵە، ئاڤانا، سەفیە، كۆرمۆر).
خورمەڵە گەورەترین كێڵگەی نەوتی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمە لە زۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە رۆژانە 175 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی كێشەلەسەرو حكومەتی عێراق داوای دەكاتەوە، لە زۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كێڵگەی (كۆرمۆر) كە گەورەترین كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستان‌و پێداویستی غازی ماڵان لەناوخۆو  وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات، بەهەمان شێوە كێشەی لەسەرەو عێراق داوای دەكات. 
كۆمپانیای نەوتی باكور لە دادگاكانی عێراق لەبارەی (خورمەڵە‌و كۆرمۆر)ەوە سكاڵای لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە. 
لەپاڵ سكاڵای كۆمپانیای نەوتی باكوردا، دوای شكستهێنانی گفتوگۆكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە لەسەر هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی تاكلایەنە، بەمدواییە وەزارەتی نەوت نامەی بۆ هەموو ئەو كۆمپانیایانە ناردووە كە لە كەرتی نەوت‌و غازی هەرێمدا كاردەكەن‌و داوایان لێدەكات لەماوەی سێ مانگدا گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق نوێ بكەنەوە، بەپێچەوانەوە ناویان دەخاتە لیستی رەشەوە، هەر بەوهۆیەشەوە دوێنێ كۆمپانیای بەیكر هیوزی ئەمریكی كشانەوەی ڕاگەیاند بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتیەكان ڕەتیكردەوە.
چاودێران پێیانوایە ئەم بارودۆخە وایكردووە گروپە چەكدارەكانی عێراق هێرشەكانیان لە شوێنە دیپلۆماسییەكانەوە بگوازنەوە بۆسەر دامەزراوەكانی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان لەسنوری دەسەڵاتی پارتی‌و یەكێتی. 
لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە كە هۆكاری پشت هێرشەكان بۆسەر كۆرمۆر دەبەستێتەوە بە كێشەیەكی یاسایی نێوان كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی‌و حكومەتی ئێرانەوە هەیە سەبارەت بە غاز، كۆمپانیا ئیماراتییەكە كە لە كێڵگەی كۆرمۆر كار دەكات لە دادگای پاریس سكاڵای لەسەر كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران تۆمار كردووە لەبارەی پابەندنەبوون بە رێككەوتنێكی (25 ساڵە) كە ساڵی 2005 لەنێوان هەردوولادا ئیمزا كراوە، سكاڵاكەی دانەغاز دوو بەشە، بەشی یەكەمی لە ئێران بردوەتەوە كە بەهاكەی (608 ملیۆن) دۆلارەو بڕیارە دادگا مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بڕیار لەسەر بەشی دووەمی كەیسەكە بدات.
بۆیە بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، گومان دەكرێت ئێران لەرێگەی میلیشیا شیعەكانی عێراقەوە شەڕی خۆی لەگەڵ كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی گواستبێتەوە بۆ كێڵگەی كۆرمۆر، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە پەیام بە ئیماراتییەكان بدات لەبارەی ئەوە دەتوانێت زیان بە ئابورییەكەیان بگەیەنێت. 

 

فشارەكە تەنیا لەناوخۆی عێراقدا رانەوەستاوە
شوباتی ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە توركیا وێنەیەكی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڵاوكرایەوە، دوای دیدارەكەی، ئەردۆغان لەرێگەی گەشتێكیدا بۆ ئۆكرانیا بە رۆژنامەوانانی وت: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لەبارەی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گفتوگۆم كرد. 
ئەم قسەیەی ئەردۆغان بەس بوو بۆ ئەوەی دواتر هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر فشارێكی بەهێزی حكومەتی ناوەندی عێراق‌و ئێرانەوە، بەتایبەتیش لەو رۆژانەدا بوو بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانەغاز) لێدوانێكی داو وتی: دەتوانین بە غازی چەمچەماڵ سوتەمەنی بۆ عێراق‌و توركیاش دابین بكەین.  
هەر لەو مانگەدا كە نێچیرڤان گەشتەكەی كرد بۆ توركیا ، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕ‌و دوای (10) ساڵ سڕكردنی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە یەكلاكردەوە‌و یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە‌و حوكمیدا بەوەی دەبێت هەرێم نەوت‌و غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات.
فشارەكە تەنیا لەناوخۆی عێراقدا رانەوەستاوە، ئازاری ئەمساڵ‌و دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئێران ماڵەكەی (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای (كار)ی لە هەولێر موشەكباران كرد، كۆمپانیاكەی شێخ باز ئەركی پەرەپێدانی هێڵی بۆری هەناردەی غازی كۆرمۆری بۆ توركیا پێسپێردراوە، ئەوكات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسی عێراق‌و ئەمریكی‌و توركییەوە رایگەیاند: لەماڵەكەی شێخ بازدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی ناردنەدەرەوەی غازی كوردستان بۆ توركیا‌و ئەوروپا، بەرپرسانی ئەمریكی‌و ئیسرائیلی بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا، ئەمە ئێران توڕە كردووە، چونكە ئێران خۆی هەناردەكاری غازە بۆ عێراق‌و توركیا‌و نایەوێت هەرێمی كوردستان ببێت بە بەدیلی ئەو لە ناوچەكەدا.
غازی كێڵگەی كۆرمۆر لەنێوان  دوو پرۆژەدا گیری خواردووە، یەكەمیان پرۆژەی پارتییە بۆ هەناردەكردنی بۆ توركیا، دووەمیان پرۆژەی یەكێتییە كە بریتییە لە راكێشانی غازەكە بە بۆری بۆ ماڵان‌و كارگەكان لەناوخۆدا. 
بەمدواییە بڕیاربوو كۆمپانیای (كار) بچێتە كێڵگەی كۆرمۆرو دەست بەكاركردنی خۆی بكات بۆ راكێشانی بۆری غاز، هەندێك لەبەرپرسانی یەكێتی باسلەوە دەكەن راكێشانی بۆرییەكە بۆ گواستنەوەی غازە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك، چونكە دابینكردنی سوتەمەنی ئەم وێستگەیە خەرجییەكی زۆری خستوەتەسەر شانی حكومەت، بەڵام هەندێكی تر گومانیان هەیە راكێشانی بۆرییەكە بۆ هەناردەكردنی غازی كۆرمۆر بێت بۆ توركیا. 
هەندێك سەرچاوە باسلەوە دەكەن، یەكێتی دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی غازی سروشی لە كێڵگەكە بۆ (ملیارو نیوێك) پێ سێجا بەرزبكاتەوە‌و لەم رێگەیەوە پرۆسەی دانانی بۆری ماڵان‌و كارگەكانی سنوری دەسەڵاتی خۆی وەربگرێت‌و سەرچاوەیەكی دارایی گەورە بۆ خۆی‌و سنورەكەی دابین بكات، لەم حاڵەتەدا بەربەست بۆ ناردنە دەرەوەی غازەكە دروست دەكات، بەڵام سەرچاوە فەرمییەكان راستی ئەم قسانە رەتدەكەنەوە.
كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتە لەسەر پارێزگای كەركوك هەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی قادر كەرەمی لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كراو خرایە سەرقەزای چەمچەماڵ. 
كۆرمۆر تاوەكو ساڵی 2003‌و بەر لە رووخانی رژێمی سەددام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بوو، دوای روخانی سەددام كێڵگەكە كەوتەوە دەست حكومەتی هەرێم، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوت‌و گازی لە هەردوو بلۆكی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ)ی بەو دوو كۆمپانیایە بەخشی، لە 2015دا غاز لە كێڵگەكە بەرهەمهێنرا، بە بۆری گواسترایەەوە بۆ وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ‌و هەولێر. 

بەرهەمی كێڵگەكە بەمشێوەیە: 
•    گازی سروشتی: رۆژانە (452 ملیۆن) پێ سێجا
•     كۆندێنسەیت: رۆژانە (22 هەزار) بەرمیل، بەتانكەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی خورمەڵەو تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی.
•    گازی شل (LPG): بڕی (1050) تۆن، ئەمە داناگاز خۆی دەیفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، بۆ هەر تۆنێك بڕی (315) دۆلار وەردەگرێت، كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەیكڕێت‌و دەیگوازێتەوە.  
بەرهەمی غازی هەرێمی كوردستان
بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان.
یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە:

یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی
•  كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆن‌و 200 ملیار پێ سێجا
•  كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆن‌و 400 ملیار پێ سێجا
•  كیڵگەی میران: 3 ترلیۆن‌و 46 ملیار پێ سێجا
•    كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێك‌و 600 ملیار پێ سێجا

یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی
•  كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆن‌و 100 ملیار پێ سێجا
•  كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆن‌و 260 ملیار مەتر سێجا
•  كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا


More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.