هەواڵ

پێشمەرگە سوپای عێراق ئاگادار دەكاتەوە

Mic
2022-06-27

رۆژی هەینی رابردوو دوای ئەوەی سێیەم مووشەك ئاڕاستەی كێڵگەی كۆرمۆر لەقادر كەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ كرا، هێزێكی سوپای عێراق بەرەو ئەو ناوچەیە بە پاساوی ئۆپەراسیۆن جوڵەی كرد، بەڵام هێزێكی پێشمەرگە ڕێگری لێكردن و ئۆپەراسیۆنەكەی وەستاند، لەوبارەیەشەوە هێزی پێشمەرگە نیگەرانی دەردەبڕێت.
عەمید ڕوكن عادل جەبار، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ڕایگەیاند: ئەو سنورەی كە هێزەكانی عێراقی تیا جوڵە پێكراوە، هیچ هێزێكی جێگیری تێدا نیە، بۆیە بە پێی ڕێككەوتنی هەرێم و بەغداد، هەر ئۆپراسیۆنێك لەلایەن پێشمەرگەوە یان سوپای عێراقەوە دەبێت لایەنی بەرامبەر ئاگادار بكرێتەوە.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە وتیشی: ئەم ئۆپراسیۆنەی بەرەبەیانی 25ی حوزەیران لە باكوری خۆرهەڵاتی خورماتوو، سوپای عێراق وەزارەتی پێشمەرگەی ئاگادار نەكردووەتەوە، بەو هۆیەشەوە هێزەكانی پێشمەرگە داوا لە دوو هێزەكەی عێراق دەكەن بگەڕێنەوە سنورەكانی خۆیان.
گرژیەكانی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق لەكاتێكدایە، چەند مانگێكە لیوایەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێكهێندراوە، تا لەناوچە كێشە لەسەرەكان كە تێیدا داعش بەهۆی بۆشاییی ئەمنییەوە چالاكە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، بەڵام بەشێك لەو ناوچانە چەكدارانی حەشدی شەعبی تێدان و ناوبەناو مووشەك ئاڕاستەی هەولێر و كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم دەكەن.
گرژیەكانی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لەدوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە شوباتی ئەمساڵ زیاتر بوو، كاتێك ئەو دادگایە فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی بەنایاسایی ناوبرد، پاشانیش هەرێمی كوردستان بڕیارەكانی ڕەتكردەوە، بەڵام ئەو ڕەتكردنەوەیە حكومەتی عێراقی نەوەستاند لەڕێوشوێنەكانی دژ بە فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم، كۆمپانیا نەوتیەكانی لەمامەڵەكردن لەگەڵ هەرێم ئاگاداركردەوە، بەوهۆیەشەوە لە چەند رۆژی ڕابردوودا كۆمپانیای بەیكرهیوزی ئەمریكی ڕاگرتنی كارەكانی ڕاگەیاند، هەرچەندە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم ڕەتیكردەوە هیچ كۆمپانیایەك كارەكانی ڕاگرتبێت.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراق دوو كۆمپانیای دیكەی بواری وزە لەهەرێم بەنیازن كارەكانیان ڕابگرن، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو دوو كۆمپانیایە بهێنێت، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ كۆمپانیای دانەغاز فراوانكردنی كارەكانی لەكێڵگەی كۆرمۆر لەچەمچەماڵ ڕاگرت.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.