بەپیی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری تەندرووستی لانسێت لە ساڵی 2019 زیاتر لە ملیۆنێك و 270 هەزار كەس بەهۆی کارنەکردنی دەرمانی ئەنتیابیۆتیک گیانیان لەدەست داوە.
پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2050 بەدواوە، ساڵانە زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بەهۆی پەیدابوونی بەرگری دژی دەرمانی ئەنتیبایۆتیک گیان لەدەست بدەن.
گەورەترین کێشەی تەندرووستی ڕووبەروی مرۆڤایەتی دەبێتەوە
کێشەی خراپ بەکارهێنان وناتەندروستی بەکارهێنانی دەرمانی دژە زیندەییەکان، جیهان بێ ئاگایە لە مەترسیداری ئەو دۆخە، پێش بوونی دەرمانە دژە زیندەیەکان زۆربەی ئەوانەی دەمردن لە تەمەنی گەنجیدا یان بەهۆی برینێکی سادەوە دەمردن ئەوەش بەهۆی هەوکردنی برینەکەوە ڕوویدەدا.
لە جەنگەکانیشدا زۆرترینی ئەو کەسانەی دەمردن بەهۆی برینەکانیانەوە بوو کە تووشی هەوکردن دەبوون، نەوەک لەبەرەکانی جنەگدا وبەهۆی جەنگەوە مردبن.
درووستکردن و داهێنانی دەرمانی دژە زیندەییەکان دژی بەکتریا بەچەندین گرووپی جیاوازبوو، لە سەدەی بیست دا بۆیە ڕزگارکەری مرۆڤایەتی لە مردنی پێشوەختە بەهۆی هەوکردنیان بە جۆرە جیاوازەکانی بەکتریاکان.
جگە لەوەش دەرمانی دژە زیندەیی بەکتریاکان دۆزینەوەیان یارمەتیدەرێکی زۆر کاریگەر بووە لە هەر پڕۆسەیەکی پزیشکیدا، بۆ نموونە لە کاتی نەشتەرگەری، چارەسەری شێرپەنجە، گۆڕینەوە وچاندنی ئەندامەکانی لەش، بەمەش دەرمانی" ئەنتیبایۆتیک" واتە دژە زیندەییەکان بەلایەنی کەمەوە 20ساڵ ژیانی بۆ هەر مرۆڤیک گەڕاندووەتەوە.
ئایا ئەنتیبایۆتیک هەر بەوجۆرە سوودی دەبێت لەمەودواش؟
دۆزینەوەی یەکەم دەرمانی دژە زیندەیی دژ بە بەکتریاکان، بی ئەندازە سەرسوڕهینەربوو، ئەویس دۆزینەوەکەی ئەلێکساندەر فلیمینگ بووە کە دەرمانی پەنسیلینی دۆزیەوە،ئەوەس بەوەی کاتیک ئەو پلێتانەی لە تاقیگە بینی کە بەکتریای لەسەر گەشە دەکرد، بەڵام تیبینی کرد کە لەسەر بەشیکی پلێتەکە بەکتریا گەشەی نەکردووە،هەر ئەمەش بوو سەریهەڵدا بۆ دۆزینەوەی ئەنتیبایۆتیک.
بەڵام پزیشکان و زانایان ئێستا هۆشداری دەدەن لەمەترسی درووستبوونی بەرگری دژی دەرمانەکانی کە هەوکردنە بەکتریایەکان چارەسەردەکات، ساڵانە بەپێی راپۆرتەكان چەندین کەس گیان لەدەست دەدەن بەهۆی کارنەکردنی دەرمانی ئەنتیبایۆتیک لەسەر هەوکردنەکان.
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی درووستبوونی مەترسی بەرگری دژی ئەنتیبایۆتیک، دانەهێنان ونەدزۆینەوەی جۆری نوێی ئەنتیبایۆتیکە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا، جگە لەوەش ئاسان بەدەستگەیشتنی ئەنتیبایۆتیکە لەلایەن خەڵکەوە، بۆ نمونە لە مەکسیکۆ زۆربەی خەڵک بەبێ ڕینمایی پزیشک بۆ هەرهەوکردنێکی سوک یان ئازارێک پەنادەبەنە بەر ئەنتیبایۆتیک بە هەڕەمەکیانە.
پسپۆڕانی بواری بایۆلۆجی و تەندرووستی ئاماژە بەوەدەکەن کە بارودۆخەکە زۆر مەترسیدارە، بەڵام خەڵك بێ ئاگایە، دەشڵێن پێویستە جێگرەوەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەم بارودۆخە.
جیهان بە بێ ئەنتیبایۆتیک بە لەناوچوونی جیهان دوای ئەنتیبایۆتیک ناودەبرێت.
بەرگری دژی ئەنتیبایۆتیک کاریگەری لەسەر سەرچاوەکانی خورادنمان دەبێت، چونکە ئاژەڵەکان و ڕووەکەکانیش تووشی نەخۆشی دەبن.
کەواتە پێویستە چی بکرێت بۆ وەستاندنی ئەم مەترسیە؟
پسپۆڕو پزیشکەکان ئاماژە بەوەدەکەن دەبێت ئەو ئەنتیبایۆتیکانەی کە بوونیان هەیە، دووبارە دیزاین بکرێنەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو بەرگریەی درووست بووە لەلایەن بەکتریاکانەوە، هەروەها پێویستە جیهان هۆسیار بکرێتەوە لە ناتەندروست بەکارهێنانی ئەنتیبایۆتیک
ئۆجەلان بانگەواز دەکات بۆ ئاشتی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام دەوڵەتی تورکیا پرۆسەکە بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەناسێنێت، پرۆسەکە بە هەر ناوێک بناسرێت، بەڵام لەم هەنگاوەدا کورد چ دەستکەوتێک بەدەستدەهێنێت و چی لەدەست دەدات؟
یەکەم گروپی 40 چەکداریی،چەکەکانیان لە ناوچەیەکی شاری سلێمانی دانا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ بانگەوازی ئاشتی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان.
بەپێی پێدوانەکانی بەرپرسە باڵاکانی تورکیا، ئەو چەک و تەقەمەنییانەی لە گەریلاکانی پەکەکە وەردەگیرێنەوە، ناهێڵن بکەوێتە دەستی هیچ هێزێکی دیکە و دەسوتنێرێت.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بە روونی ئاماژە بەوەدەکات کە ئیتر سەردەمی خەباتی چەکداریی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە بۆ کورد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی و تورکیا بەتایبەتی دەتوانێت ئایندەیەکی رۆشنتر و گەشتری هەبێت دوور لە پێکدادانی چەکداریی و رشتنی خوێنی یەکتریی.
لە پەیامێکی 40 لاپەڕەیی ئۆجەلاندا، کە رۆژی (27ی شوباتی 2025) لە کۆنگرەی پەکەکە خوێندرایەوە، رێبەری پەکەکە بۆ قۆناغی داهاتوو پابەندبوونی تورکیا بە بنەما دیموکراتییەکان و رێگەدان بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە دەسەڵات، بە گرەنتی چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەزانێت.
کۆنگرەی 12ی پەکەکە، بە کۆی دەنگ پرۆژەکەی ئۆجەلانی پەسەندکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنە چەکدارییەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان و دانانی چەک و بوار بەخشین بە سیاسەت و پرۆسەی دیموکراتی کە گرفتەکان چارەسەر بکەن.
موراد قەرەیلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی پارتەکە لە کۆنگرەی گشتییدا بەشدارییانکرد و گروپێکی دیکە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەشێوەی راستەوخۆ لە شوێنێکی دیکەوە بەشدارییانکرد و وەڵامی بانگەوازەکەی ئۆجەلانیان دایەوە.
کۆنگرەی 12 لە پەیامێکدا رایگەیاند: "پارتەکەمان لە سەرەتای 'پرۆسەی نوێی هەڵوەشاندنەوە'دایە و لە داهاتوودا لەڕێگەی چەند گروپێکەوە دەستدەکات بە دانانی چەک، بەمەبەستی بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی ئۆجەلان.
هەروەها ئۆجەلان رۆژی 9ی تەموز، بۆیەکەمجار پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ زیندانیکراوەکانی خۆیدا بانگەوازی ئاڕاستەی ئەندامانی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا کرد کە پلان و پرۆژەی ئاشتی وەکو خۆی جێبەجێ بکەن.
لەناو تورکیادا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، جەختی لەسەر هەوڵەکان بۆ بەدیهاتنی ئاشتیی و نەماتی تیرۆرکرد لە تورکیا و بە ئەندامانی پارتەکەی راگەیاند، خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغی سەختی داهاتوو، بۆئەوەی پرسەکان بەلاڕێدا نەبرێت و بەرپرسیارێتی مێژویی بڕیارەکە هەڵدەگرن.
ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرایکردووە، ئەردۆغان، پلانێکی هەیە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی 2028 بۆ جارێکی دیکە پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەدەستبهێنێتەوە و ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەبەریەکهەڵوەشێنێت و هێزە کوردییەکان بخاتە بەرەی خۆیەوە.
بەگشتی کوردەکان بەشدارییان نەکرد لە خۆپیشاندانەکانی 19ی ئازاری ئۆپۆزسیۆن دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و سەرکردەی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا، ئەوەش وەکو سەرکەوتنێک بۆ سیاسەت و بڕیاری نوێی ئەردۆغان لێکدرایەوە بۆ نزیکبوونەوە لە کوردەکان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ساڵی 1984 دامەزرا، بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارەتەکە کە لە ساڵی 1999 لە کینیا لە ئۆپەراسیۆنێکی میتی تورکیا دەستگیرکرا و هێنرایەوە بۆ تورکیا و زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
بەڵام پرۆژە نوێیەکەی ئۆجەلان زەمینەی بۆ کۆتایی هاتنی ململانێی چل ساڵەی نێوان چەکدارانی کورد و دەوڵەتی تورکیا سازکرد.
چاوەڕوانکراوەکان:
چارەنوسی ئۆجەلان: هێشتا چارەنوسی ئۆجەلان بە هەڵپەسێدراوی ماوەتەوە و لێدوانی جیاجیا بەدیدەکرێن، بۆ نمونە، پارتی داد و گەشەپێدان لە رۆژنامەی "تورکیا"ی زمانحاڵی حکومەت، ئاشکرایکردووە کە سیستمی بەندکردنی ئۆجەلان پاش هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، "هێوردەکرێتەوە"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئازادکردنی بدات.
یەکەمجار دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی حیزبی نەتەوەپەرستی تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، دەستپێشخەری ئاشتی کرد، بۆئەوەی لە پەرلەمانەوە بە یاسا گۆڕانکاریی لە بڕیاری سزای سەر ئۆجەلاندا بکرێت و ئاشتی بەرقەراربکرێت و کۆتایی بە تیرۆربهێنرێت.
هەر بۆیە شاندێکی دەم پارتی کە سری سورەیا ئۆندەر سەرپەرشتیی دەکرد، سەردانی دورگە ئیمرالیان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە و پرۆسەی ئاشتییان گەیاندە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو.
شاندی دانوستانکاری ئیمرالی، چەندینجار ئەوەیان راگەیاندووە کە ئیتر تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی تورکیادایە کە هەنگاو هەڵگرێت بۆ دەرکردنی یاسایەک کە کۆتایی بە دۆسیەی تیرۆر بهێنێت لە وڵاتەکەیان و ئۆجەلان ئازادبکرێت.
کوژراو یان شەهید؟
لەو یاسایەدا کە پەرلەمانی تورکیا دەریدەکات، دەبێت ئەو تێڕوانینەش راست بکرێتەوە کە 41 ساڵە هێزی خێر و شەڕی لەیەکتریی جیاکردووەتەوە.
لەمەودوا هەردوو لایەنی ناکۆکیی و بەشەڕهاتوو (پەکەکە و سوپای تورکیا) دەبنەوە یەک هێز و کۆتایی بە خوێنڕشتن دەهێنرێت، هەروەها ئەو خوێنەی کەڕژاوە دەبێت مامەڵەیەکی دیکەی لەگەڵ بکرێت و کەسوکاری شەهیدەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش خۆیان بە هاوبەشی پرۆسەی ئاشتی بزانن و بە چاوی دوژمن لە شەهیدەکان و کەسوکاریان نەڕوانرێت.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کاریگەریی لەسەر رێسا جێبەجێکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبێت، لەمەودوا بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەی ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە، نابێت سزای لەسەربێت، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی تورکیا ئەو سکاڵا و داخوازاییانەی خۆی لە کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا دەکێشێتەوە.
ئەگەر ئەم هەنگاوە بنرێت، زۆرێک لەو سزایانەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕی ئینتەرنێت، بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی ئەوروپا و ئەمریکا سەپێنرابوون بەسەر زاراوە کوردییەکاندا، هەڵدەگیرێن و قۆناغێکی نوێ لەو بوارەدا دەستپێدەکات.
نەمانی کەیسی تیرۆر
دۆزی کورد زۆر زیانی پێگەیشتووە بەهۆی تۆمارکردنی پەکەکە لە ریزی گروپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا.
لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەربەستی زۆر بۆ دیپلۆماسیەت و دۆزی کوردی دروستدەبوو، بەهۆی بوونی گروپێکی تیرۆری نێودەوڵەتی بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.
لەمەودوا کورد لە تورکیا دەتوانن وەکو هێزێکی سیاسی کاریگەر بەشداریی لە پرۆسەی سیاسییدا بکەن و پەیوەندیی بە گەلانی دونیاوە بکەن.
زیندانییەکان:
بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، لەمەودوا دەبێت بە زیاتر لە 40 هەزار زیندانییکراو و بەندکراو لە تورکیا ئازادبکرێن، ئەوەش ئومێد دەگێڕێتەوە بۆ دەیان هەزار خێزانی کورد لە باکوری کوردستان و کۆتایی بە گۆشەگیرییان دەهێنرێت.
کاتێکیش زیندانییکراوەکان ئازاد دەکرێن، زۆرینەیان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کار و پۆست و پیشەکانی پێشووی خۆیان، کە بەشێکی زۆریان کاربەدەست و سەرۆکی شارەوانی و کەسانی ئیداریی و کارگێڕیی و وەبەرهێنەربوون.
لابردنی قەیومەکان
دەیان شارەوانی لە تورکیا بەهۆی تۆمەتبارکردنی سەرۆکی شارەوانییەکان کە بە هەڵبژاردن دەرچووبوون، لەلارەکانیان لادراون و قەیوم لە جێگایان دانراون، دەبێت ئەم پرۆسەی ئاشتییە ئاسۆیەک لەوبارەیەوە بکاتەوە بۆ گێڕانەوەی بەها بۆ بەشدارییکردنی سیاسی کورد لە تورکیا.
لە بەیاننامەکەی کۆنگرەی پەکەکە، بەهیچ شێوەیەک داوای خۆسەریی، فیدراڵیی و کۆنفیدراڵیی نەکراوە، بەڵکو تەنها نوسراوە "چارەسەری دیموکراتی"، ئەوەش ئەو خاڵەیە کە لە چەقی بەیاننامەکەدا جەختی لێکراوەتەوە.
هەربۆیە گێڕانەوەی بەها بۆ بەشداریی سیاسی و پابەندبوون بە بنەما دیموکراتییەکان، دەبێت لە نەخشەڕێی پرۆسەی ئاشتیدابێت لە تورکیا و کاروباری قەیومەکان بەتەواویی رابگیرێن.
کورد لە ئەوروپا:
تورکیا لەبەرئەوەی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە و گرێدراوە بە ئەوروپا، لەمەودوا کارتی سیاسی کورد لە ئەوروپا بەهێزتر دەبێت، بەوپێیەی زۆرینەی رەهای رەوەندی کوردی خەڵکی باکوری کوردستانن.
هەروەها دەیان هەزار کورد بەهۆی دۆسیەی پەکەکەوە لە تورکیاوە ئاوارەی ئەوروپا و وڵاتانی جیهان بوون، بەڵام دەبێت ئەم پرۆسەیە بەربەستی گەڕانەوەی ئەو کوردانە نەهێڵێت بۆ تورکیا و سودمەندبوون لە ناسنامە و وڵاتینامەی تورکیا.
هەروەها ئەو هەزاران کوردەی بەهۆی سکاڵای تورکیاوە لە ئەوروپا بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆدەرچووە، یان بزنس و سەرمایەکانیان دەستی بەسەرداگیراوە، دەبێت سەرجەمیان پاکتاوبکرێت.
باکوری کوردستان و ئاشتی
بەهۆی هەڕەشەی تیرۆر و دۆسیەی پەکەکە، دەیان ساڵە ناوچە کوردنشینەکان پشتگوێخراون و جیاوازییەکی زۆر بەدیدەکرێت لەنێوان ناوچە کوردنشینەکان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی جوگرافیای تورکیا.
لە ساڵانی داهاتوودا، دەبێت پلانێکی نیشتمانیی هەبێت بۆ دووبارە گێڕانەوەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارییە نیشتمانییەکان بۆ باکوری کوردستان، ئەگەرچی لە دوو دەیەی رابردوودا لەو بوارەدا هەوڵی زۆردراوە.