ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، یاسای گەشتوگوزار پەسندكرا و خوێندنەوەی یەكەم بۆ دوو پێشنیازەیاسا و خوێندنەوەی دووەمیش بۆ پێشنیازەیاسایەك و دوو پڕۆژەیاسا كرا.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەسەرۆكایەتیی ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ژمارە (٩)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم له خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەچوو.
بەپێی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە كە بریتی بوو لە دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان-عێراق، ڕاپۆرتی دەنگدانی لێژنەی هاوبەش، هەردوو لێژنەی كاروباری یاسایی و لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، بەڕەچاوكردن و جێكردنەوەی سەرجەمی ئەو سەرنج و تێبینی و پێشنیازانەی كه لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان له دانیشتنی پێشووتردا لەكاتی خوێندنەوەی دووەمی پێشنیازەیاساكه خرابوونەڕوو، دوای ئەوەی سەرجەمی ئەو پێشنیازانەی كه بۆ هەر مادەیەك له مادەكانی پڕۆژەیاساكه بەپێشنیازی لێژنەی هاوبەشیشەوه كه هەبوون، به ناوونیشان و هۆكارەكانی دەرچوواندنی بەجیا خرانه دەنگدانەوه پەسندكران، پاشان كۆی یاساكه خرایه دەنگدانەوه و بەدەنگی (٨٢) ئەندامی پەرلەمان پەسندكرا.
بەپێی خاڵی دووەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكەش، لەلایەن لێژنەی كاروباری یاساییەوە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاسای سەندیكای خاوەن پیشە تەندروستییەكانی هەرێمی كوردستان-عێراق و پێشنیازەیاسای پاراستنی ئاژەڵان لە هەرێمی كوردستان-عێراق و پێشنیازەیاسای پاراستنی مافی ئاژەڵان كرا و لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانیشەوە ئاراستەی لێژنە تایبەتمەندەكان و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان كران.
بەپێی خاڵی سێیەم و كۆتایی بەرنامەی كاریش، كه بریتی بوو له خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای بەركاركردنی یاسای فیدڕالی واژۆی ئەلیكتڕۆنی و مامەڵەی ئەلیكتڕۆنییەكان ژمارە (٧٨)ی ساڵی ٢٠١٢ لە هەرێمی كوردستان-عێراق و پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان-عێراق و پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٨، ڕاپۆرتی لێژنەی تایبەتمەند بەو پێشنیازەیاسا و پڕۆژەیاسایانە كه لەلایەن لێژنەی كاروباری یاساییەوه ڕاستاندنیان بۆ كرابوو، بەدەنگی ئەندامانی پەرلەمان كرانه بنەما بۆ گفتوگۆكردن و بەمجۆره لەلایەن لێژنە تایبتمەندەكانەوە، ناونیشان و ماده به ماده و بڕگه به بڕگەی ڕاپۆرتەكان و هۆكارەكانی دەرچوواندنی پێشنیازەیاساكه و هەردوو پڕۆژەیاساكە خوێندرانەوە، لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانیشەوە چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیاز بەمەبەستی دەوڵەمەندكردنی زیاتری ماده و بڕگەكانی پێشنیازەیاساكه و هەردوو پڕۆژەیاساكە خرانەڕوو، بۆئەوەی لەلایەن لێژنە تایبەتمەندەكانەوه ڕاپۆرتی دەنگدانیان لەسەر ئاماده بكرێت بەڕەچاوكردنی ئەو سەرنج و تێبینی و پێشنیازانەی ئەندامانی پەرلەمان.
بەمجۆرە سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی بەدانیشتنەكە هێنا و ڕایگەیاند: "ڕۆژی چوارشەممە كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆ كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجام دەدەین".
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.