هەواڵ

وردەكاری دۆسیەكەی سلێمان هەڵشۆیی، كێن ئەوانەی بارمتەیان داناوە تا ئازاد بكرێت؟

Mic
2022-06-28

سلێمان هەڵشۆیی ئەو كەسەی تۆمەتبارە بەبردنی پارەی زیاتر لە هەزار كەس، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە هەزار سكاڵای لەسەر بوو، بەڵام لەلایەن حەوت كەسەوە بارمتەی بۆ دانراوەو ئازادكراوە، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕینیش دەڵێت زیاتر لە 1500 دەفتەر دۆلاری بردووە. 
شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین، بەمایكی وت:" زیاتر لە هەزار كەس سكاڵای تۆماركردووە لەسەر سلێمان هەڵشۆیی، ئێستا تەنیا 37 تۆمەتبار لەسەر ئەو دۆسیەیە لەكۆی 94 تۆمەتبار دۆسیەكانیان بەكراوەیی ماوەتەوە، هاوڵاتیان سكاڵایان لەسەر كڕین و فرۆشتن تۆماركردووە، بڕی گوژمەی پارەكە هەزار و 523 دەفتەرە، پەیتا پەیتا تۆمەتبارەكان بەبڕیاری دادوەر ئازادكران چونكە ئازادكردن بە كەفالەت دەیانگرێتەوە.
وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین وتیشی: خودی سلێمان هەڵشۆیی بەتەنیا تۆمەتبار نییە بەڵكو ئەوانی دیكەش لەدۆسیەكەدا تۆمەتبارن، لە 19-6-2022 بڕیاری ئازادكردنی بەكەفالەت دەرچووە، دواتر لە 26-6-2022 كەفالەتی 155 ملیۆن دیناری ئامادەكرد و ئازادكرا، حەوت كەس بوون بە كەفیلی پارەكەی.
وەك وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین دەشڵێت: هەر تۆمەتبارێك بە كەفالەت ئازادبكرێت تا كەیسەكەی یەكلایی دەكرێتەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت، لەگەڵ ئەویش 27 تۆمەتباری دیكە ئازاد كراون بە كەفالەت و ئەوانیش لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە، تا یەكلایی كردنەوەی كەیسەكە لێكۆڵینەوەكە لەگەڵیان بەردەوام دەبێت.
بەپێی زانیاریەكانی مایك،  بە پۆلیسی وتووە هیچ كێشەیەكم لەگەڵ تۆمەتبارەكان و مامەڵەكارانیش نییە.
دوێنێ پۆلیسی راپەڕین ئازادكردنی سلێمان هەڵشۆیی ڕاگەیاند، كەلەلایەن ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتیانی ئیدارەی ڕاپەڕین بەوە تۆمەتباركراوە كە پارەی بردوون بەناوی مامەڵە و پێی نەداونەتەوە.
  لێكۆڵینەوەكان لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ بە گوێرەی مادەی ٤٥٦ ی یاسای سزادانی عێراقی لەسەر دوو دۆسیە دەستیپێكردووە، لەوكاتەوە تا ئێستا ٩٤ تۆمەتبار دەستگیركراون و لەو ژمارەیەش ٣٧ كەسییان بە تۆمەتبار مانەوە و ئەوانی دیكە بێ تاوان دەرچوون و ئازادكراون.
هەر بەپێی زانیاریەكان سلێمان هەڵشۆیی لەبەردەم دادوەر و پۆلیسی لێكۆڵینەوە دانی بەوەدا ناوە كە دەتوانێت لەگەڵ سكاڵاكارەكان رێبكەوێت و دواتر دادگا هەر بڕیارێك دەر بكات ئامادەیە پێیەو ەپابەندبێت.
  لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا، كەسێك بە ناوی سلێمان هەڵشۆیی لە ناوچەی پشدەری هەرێمی كوردستان دەستگیركرا، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی لە بەردەم ماڵەكەیدا كۆبوونەوە و رایانگەیاند، كە سەدان هەزار دۆلاریان پێداوە و ئێستا ناتوانێت بیانداتەوە.
هاوڵاتییەكان باسیان لەوەكردبوو، مامەڵەكانی سلێمان هەڵشۆیی بە جۆرێك بووە، ئۆتۆمبێل، خانوو، زێڕ، مەڕوماڵات و دەمانچە، هەرشتێك پارە بكات بۆ ماوەی دوو مانگ تاوەكو شەش مانگ لە هاوڵاتییانی وەرگرتووە، بە نیوەخێر یان زیاتر بە مەرجی ئەوەی درەنگتر پارەكەی بدات، بۆ نموونە بە جۆرێك ئەگەر شتومەكێك بە ٢٠ هەزار دۆلار بووبێت، ئەو بە ٢٨ هەزار دۆلار وەریگرتووە بەو مەرجەی دوای دوو مانگ تاوەكو شەش مانگ پارەكەی بدات.
لەماوەی رابردووشدا، چەندین جار هەواڵی ئازادكردنی سلێمان هەڵشۆیی بەكەفالەتی ٢٠٠ ملیۆن دینار بڵاوكرایەوە بەڵام دواتر پۆلیسی راپەرین ڕەتیدەكردەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.