رەوتی سەدر رایگەیاند دەستیان بە مانگرتن كردووە لەناو بینای پەرلەمانی عێراق، دوای ئەوەی لایەنگرانیان بۆ چوارەم رۆژ لەهەفتەیەكدا چوونە ناو بینای پەرلەمانەوە، هەماهەنگی شیعەكانیش داوای لەلایەنگرانی كرد برژێنە سەرشەقام بۆ پاراستنی دامودەزگاكانی حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری.
هەماهەنگی شیعەكان كە سەرجەم لایەنە شیعەكان جگە لەرەوتی سەدر لەخۆدەگرێت، رایگەیاند ئەو لایەنانەی لەپشت ئەنجامدانی خۆپیشاندانن لەبەغدا بەرپرسیارێتی گرژییەكان لەئەستۆدەگرن و ئاسایشی كۆمەڵگە دەخەنە مەترسییەوە.
لەلایەن خۆشیەوە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای كرد ئاسایشی خۆپیشاندەران بپارێزرێت و خۆپیشاندەرانیش بە ئاشتیانە خۆپیشاندان بكەن، داواشیكرد هێزە ئەمنیەكان كە پەرلەمان دەپارێزن خۆپیشاندەران بپارێزن.
داواكەی هەماهەنگی شیعەكان دوای ئەوەهات، لایەنگرانی رەوتی سەدر لەناو بینای پەرلەمانی عێراق دەستیان بەمانگرتن و مانەوە كرد، تا پەیامەكەیان بەوتەی خۆیان بگاتە دەسەڵاتداران، رەوتی سەدریش داوای لێكردن هێرش نەكەنەسەر بینای ئەنجومەنی دادوەری.
بەیانی ئەمرۆ هەزاران لایەنگری سەدر هەوڵی چوونەناو ناوچەی سەوزیان دا لەبەغدا، سەرئەنجام توانیان بەربەستە كۆنكرێتیەكان تێپەڕێنن و بچنە ناوچەی سەوز و پاشانیش بینای پەرلەمانی عێراق، بەهۆی بەرەنگاربوونەوەشیان لەگەڵ هێزە ئەمنیەكان، بەوتەی وەزارەتی تەندروستی عێراق 60 خۆپیشاندەر برینداربوون.
لایەنگرانی سەدر پێشتر هەڕەشەی ئەوەیان كرد ئەگەر دانیشتنی پەرلەمان بكرێت دەچنە سەر پەرلەمان، ئەمرۆ بڕیاربوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت بەڵام پاش ئەوەی خۆپیشاندەران گەیشتنە ناوچەی سەوز دانیشتنەكە هەڵوەشایەوە.
سێ رۆژە لەبەغدا بەهۆی كاندیكردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەلایەن هەماهەنگی شیعەكانەوە، لایەنگرانی سەدر لەسەر شەقامن، خۆپیشاندەران داوای دەستلەكاركێشانەوەی سودانی و لێپرسینەوە لەگەندەڵكاران دەكەن، بەپێی زانیاریەكانیش فەرمان بە هێزە ئەمنیەكانی بەغدا كراوە بە چەك رووبەڕووی خۆپیشاندەران نەبنەوە.
هەر ئەمرۆ مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق داوای لەهێزە ئەمنیەكان كرد دامودەزگاكانی حكومەت بپارێزن، داواشیكرد خۆپیشاندەران پابەندی پاراستنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بن.
لەنوێترین لێدواندا وەزیرەكەی سەدر وەك وەڵامێك بۆ هەماهەنگی شیعەكان رایگەیاند ئەو كەسانە هەیبەتی دەوڵەتیان شكاندووە كە هێرش دەكەنە سەر خۆپیشاندەران،لەلایەن خۆشیەوە جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتوەكان لەعێراق داوای لەلایەنە عێراقیەكان كرد ئارامی بپارێزن، وتیشی ململانێی بەردەوام جێگەی نیگەرانییە و مێشك و حیكمەت پێویستە بۆ رێگریكردن لەتوندوتیژی زیاتر.
پێشتر رەوتی سەدر لەرێگەی تویتەرێك بەناوی ساڵح محەمەد عراقی كە بەنزیك لەموقتەدا سەدر ناودەبرێت بەرپرسیارێتی پاراستنی گیانی خۆپیشاندەرانی خستە ئەستۆی لایەنە سیاسیەكان، كە ئەمەش وەك هەڕەشەیەكی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەلایەنە شیعەكان لێكدرایەوە.
چاودێران پێشبینی دەكەن دۆخی سیاسی عێراق ئاڵۆزتر ببێت لەئەگەری ملنەدانی هەماهەنگی شیعەكان بۆ داواكاریەكانی سەدر، كە خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەبینێتەوە، بەشێكیش پێیان وایە فشارەكە بۆ كشاندنەوەی كاندیدی سەرۆكوەزیرانە كە بەدڵی سەدر نییە و دەیەوێت مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە.
بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق تا نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکرێت بەغدا پارەی مووچە رەوانە ناکات؛ زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان راگیراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان رێککەوتنی کرد.
بەپێی دەقی ئەو رێککەوتنە کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، تا وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا سۆمۆ وەرگرتنی نەوت لە بەندەری جەیهان پشتراست نەکەنەوە، وەزارەتی دارایی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.
بەپێی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، 230 هەزاری بداتە بەغدا و 50 هەزاریشی لە ناوخۆدا بەکاربهینێتەوە.
ناردنی پارەی مووچە بە مەرجی رادەستکردنی نەوت لە کاتێکدایە زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان رایگراوە.
عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان - ئەپیکور لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە.
ئەگەرچی هەولێر و بەغدا رێککەوتنیان کردووە، بەڵام ناو بەناو هێرشی دۆرنییەکان دەست پێدەکەنەوە و کێڵە نەوتییەکان بە ئامانج دەگرن دیار نیە درۆنەکان رێگە بە دەستپێکردنەوەی نەوت دەدەن یاخود هێرش دەکەنەوە.
هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا کۆتایی بە هێرشی درۆنەکان بهێنێت، چونکە ئەو هێرشانە وەک کارتی فشار دژی هەرێمی کوردستان دەبینران تا نەرمی بۆ رێککەوتن بنوینێت و نەوتەکەی رادەست بکات.