محەمەد ئیسلامی سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند وڵاتەكەی توانای ئەوەی هەیە بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت بەڵام ئەوكارە ناكات.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فارس، وتەكانی محەمەد ئیسلامی دوای ئەوەدێت رافائیل گروسی سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند: هیچ زانیاریمان نییە بیسەلمێنێت ئێران توانای بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی هەیە، بەڵام ئەو هەوڵ وپلانەی ئێران كاری لەسەردەكات ئاماژە بەوەدەكات ئێران بەرەو دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی هەنگاو دەنێت.
رافائیل گروسی بە تۆڕی سی ئێن ئێنی وتووە: نازانین چی ڕوودەدات لەبەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لەڕاستیدا ئێران ژمارەیەك لەكامێراكانی بەرنامە ئەتۆمیەكەی داخستووە بۆیە هیچ شتێك ڕوون نییە.
سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هیچ كاتێكی دیارینەكردووە تا ئێران بتوانێت بۆمبی ئەتۆمی دروستبكات، بەڵام رایگەیاند: ئێران بەرێژەی %60 دەستی بەپیتاندنی یۆرانیۆم كردووە، ئەو رێژەیەش لە %90 دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمی پێ دروست بكرێت.
رافائیل گروسی وتیشی: ناتوانین متمانە بە قسە بكەین، پێویستە ئێران رێگە بە پشكنەرە نێودەوڵەتیەكان بدات بچنەوە وڵاتەكەی، چونكە ئێستا گفتوگۆكانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا لەقۆناغێكی هەستیاردایە و بەو هەنگاوە ئەگەری رێككەوتن رۆژ بەرۆژ قورستر دەكات.
سەبارەت بە داخستنی كامێراكانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، محەمەد ئیسلامی دەڵێت تا ئەوكاتەی رێككەوتنی ساڵی 2015 سەبارەت بەبەرنامەی ئەتۆمی ئێران زیندوو دەكرێتەوە كامێراكان هەڵناكرێنەوە.
پێشتر ئێران ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی 27 كامێرای بەرنامە ئەتۆمیەكەی داخستووە، ئەویش بەپێی رێككەوتنێك بووە.
رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا لەساڵی 2015 چەند كۆت و بەندێكی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران داناوە، كە ئەویش لەبەرامبەر هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتیەكانی سەر ئێران بوو، بەڵام لەساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا لەڕێككەوتنەكە كشایەوە و دووبارە سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.
لەمانگی سێی ئەمساڵ گفتوگۆی بەرنامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا دەستیپێكردەوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.