وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت مانگانە لەپارەی نەوت 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت، ئەوانیش پێویستیان بە 900 ملیارە بۆ دابەشكردنی مووچە، بە داهاتی ناوخۆ كە نزیكەی 400 ملیار و پارەی هاوپەیمانان و زیاتر لە 740 ملیاری داهاتی نەوت حكومەتی هەرێم بەبێ پارەكەی بەغدا دەتوانێت مووچە بدات و 238 ملیاریشی بۆ دەمێنێتەوە.
جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگترین كاروچالاكییەكانی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2022ی حكومەتی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو رایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە بۆ تەرخانكردنی مووچەی مووچەخۆران.
وتیشی: لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، حكومەتی هەرێم بڕی پێنج تریلیۆن دیناری بۆ دابینكردنی مووچە تەرخان كردووە، لە بەرامبەردا حكومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە، لە كاتێكدا بەپێی رێكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پێویست بوو مانگانە 200 ملیار دینار بنێرێت.
بەوتەی جوتیار عادل حكومەتی هەرێم لە داهاتی نەوت پێشتر مانگانە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینكردنی مووچە خەرج دەكرد، بەڵام بە هۆی ئەو چاكسازییانەی كە لە كەرتی وزە بە گشتی كراوە، ئێستا مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت.
وەك جوتیار عادل دەڵێت كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری گرێبەستەكانی كۆكردنەوە و چارەسەری خاشاك، ژمارەی گرێبەستەكانی لە 28 گرێبەست زیاد كردووە بۆ 32 گرێبەست و خەرجی مانگانەی ئەو كۆمپانیایانەی كە گرێبەستیشیان لەگەڵ كراوە، لە 11 ملیار دینارەوە كەمكراوەتەوە بۆ 9 ملیار و 600 ملیۆن دینار، لە هەرێمی كوردستان، مانگانە 200هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك كۆ دەكرێتەوە و لە شەش مانگی رابردوو ملیۆنێك و 200 هەزار تۆن كۆ كراوەتەوە و چارەسەر كراوە.
سەبارەت بە ئاوی خواردنەوە وتەبێژی حكومەت وتی: لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 19 هەزار هاوبەشی ئاو لە شارەكان هەیە كە پێوەری ئاو بۆ 719 هەزاریان بەستراوە و رۆژانە دوو پۆینت شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان دابین دەكات، بەمەش لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ، زیاتر لە 470 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین كراوە كە تێكڕای خەرجییەكەشی نزیكەی هەشت ملیار دینار بووە، لە كاتێكدا ئەو پارەیەی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێتەوە، كەمترە لە نیوەی خەرجی دابینكردنی ئاوەكە.
سەبارەت بە سێكتەری تەندروستی وتەبێژی حكومەت وتی: لە سێكتەری تەندرووستیی كە یەكێكە لە سێكتەرە گرنگەكان، گرنگییەكی تایبەت بە بواری تەندروستیی گشتی و كەرتی تەندروستی دراوە، لەو چوارچێوەیەشدا مانگانە 23 ملیار و 450 ملیۆن دینار بۆ ئەو سێكتەرە خەرج كراوە.
لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشكی، جوتیار عادل دەڵێت: بڕی 13 ملیار و 750 ملیۆن دینار و لە بواری دابینكردنی خۆراكیش بۆ نەخۆشخانەكان مانگانە بڕی چوار ملیار و 892 ملیۆن دینار خەرج كراوە، بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی بەكاربردن لە ناوەندە تەندروستییەكان، زیاتر لە چوار ملیار دینار دابین كراوە.
سەبارەت بە وەبەرهێنان لە شەش مانگی رابردوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە، 44 پڕۆژەی لە سێكتەرە جیاوازەكان لەسەر ڕووبەری 768 دۆنم ئەنجام داوە، كە سەرمایەكەیان 648 ملیۆن و 980 هەزار دۆلار بووە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274 هەزار مووچەخۆری هەیە، بۆ پێدانی مووچە بەوتەی وتەبێژی حكومەت پێویستی بە زیاتر لە 900ملیار دینارە، داهاتی نەوت 740 ملیار و ناوخۆش زیاتر لە 400 ملیار دینارە هاوپەیمانانیش مانگانە 28 ملیار دینار دەدەنە پێشمەرگە، كۆی گشتی داهات دەكاتە یەك تریلیۆن و 168 ملیار دینار، واتە كۆی داهاتی هەرێم 238 ملیار دیناری زیاترە لە خەرجی موچە.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.