هەواڵ

بەرەنگاری سیاسی لەعێراق، سەدر چی دەوێت و بۆچی شیعەكان ناكۆكن؟

Mic
2022-08-03

لەوكاتەوەی پەرلەمانتارەكانی رەوتی سەدر لە مانگی حوزەیرانی رابردوو دەستیان لەكاركێشایەوە، كە ئەوەش یەكەم دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵی پەرلەمانتاران بوو لەدوای ساڵی 2003 ەوە، عێراق لەبری ئاسایی بوونەوە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت.

ئەو پێشبینیە راست دەرنەچوو

زۆرێك لەسیاسیەكان پێیان وابوو كە ئەو دەستلەكاركێشانەوەیە رێگەدانی سەدرە بەركابەرەكانی بەتایبەتیش هەماهەنگی شیعەكان تا حكومەت پێكبهێنن، بەڵام ئەو پێشبینیە راست دەرنەچوو، بەتایبەت دوای ئەوەی ناكۆكی كەوتە نێوان هەماهەنگی شیعەكانیش كە خۆیان بەڕكابەری سەدر دەزانن، لەوانەش كشانەوەی كاندیدەكەی  هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، پاشانیش بڵاوبوونەوەی چەند تۆمارێكی دەنگی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە بەهۆیەوە ناكۆكی نێوان لایەنە شیعەكانی زیاتركرد، بەتایبەتیش سەدر و مالیكی.
تەنها دوای دوو رۆژ لەكاندیدكردنی محەمەد شیاع سودانی كاندیدی هەماهەنگی شیعەكان بۆ سەرۆكوەزیران دۆخەكە تێكچوو، لایەنگرانی موقتەدا سەدر رێبەری ڕەوتی سەدر چوونە ناو بینای پەرلەمانی عێراق لەناوچەی سەوزی بەغدا.

كاندیدكردنی محەمەد شیاع سودانی لەبنەڕەتدا بۆ پێكنەهێنانی حكومەت بوو
ئەحمەد زوبێدی سیاسی عێراقی لەوبارەیەوە دەڵێت: كاندیدكردنی محەمەد شیاع سودانی لەبنەڕەتدا بۆ پێكنەهێنانی حكومەت بوو، دۆخی ئێستا زۆر مەترسیدارە بەتایبەت لەبەغدا و باشووری عێراق، چونكە هەردوو لایەنی ناكۆكی شیعە دەیان هەزار چەكداریان هەیە، هەر كاردانەوەیەكیش لەململانێكان بگاتە شەڕ، بەئاسانی دۆخەكە كۆنترۆڵ ناكرێت و كۆتایی نایەت.
زوبێدی بنەمای كێشەكان دەگێڕێتەوە بۆ پێكهێنان و رێككەوتن لەسەر گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی، چونكە بەوتەی ئەو گەورەترین كوتلە دەتوانێت كۆنترۆڵی پۆستی سەرۆكوەزیران بكات، بۆیە هیچ لایەنێكی ململانێكان نایانەوێت بەو ئاسانییە گەورەترین كوتلە لەدەست بدەن.
دوای ئەوەی لایەنگرانی هەریەك لە ڕەوتی سەدر و هەماهەنگی شیعەكانیش یەكەمیان چوونە پەرلەمان و ئەوانی دیكەش ناوچەی سەوز، بەڵام لەسەر دەستپێشخەری مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق و پاشانیش هادی عامری دۆخەكەیان هێوركردەوە، پاشان لەسەر داوای هەردولا كشانەوە.

سەدر چی دەوێت؟
پێش ئەوەی پەرلەمانتارەكانی لەپەرلەمان بكشێنەوە، موقتەدا سەدر دەیویست لەڕێگەی زۆرینەوە حكومەت پێكبهێنێت، لەوەدا سەركەوتووبوو كە محەمەد حەلبوسی وەك سەرۆكی پەرلەمان دیاریكرد، بەڵام لەهەنگاوەكانی دواتر شكستیهێنا، بەتایبەت كە سێیەكی پەكخەر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دروستبوو.
لەوبارەیەوە ئەیاد عەنبەر، چاودێری سیاسی عێراقی دەڵێت: هەردوولا دوای ئەوەی لە پەرلەمان شكستیان هێنا دەیانەوێت شەقام بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكانیان بەكاربهێنن، بەتایبەت سەدر ویستی لەدەرەوەی دەسەڵات كودەتا بەسەر دەسەڵاتدا بكات بەوەش ئەو كۆدەنگی و رێككەوتنە تێكبشكێنێت كە پێشتر كراوە.
وەك ئەو چاودێرە سیاسیە دەڵێت: سەدر دەیەوێت لەو رێگەیەوە دوژمنە تەقلیدی و كۆنەكانی تێكبشكێنێت بەتایبەتیش نوری مالیكی كە بەرێگری دادەنێت لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتە زۆرینە نیشتیمانیەكەی.
سەبارەت بە رۆڵی ئێران عەنبەر دەڵێت: قورسە بیر لەوە بكەینەوە كە هێڵە سیاسیەكانی عێراق لەدەستی ئێران بەتەواوی دەربچن، بەڵام ئەوەی ئێستا لەنێوان شیعەكان ڕوودەدات لەبنەڕەتدا لەسەر دەسەڵاتە.
بەوتەی زۆربەی ئەوانەی چاودێری دۆخی عێراق دەكەن،  دەبێت حكومەتی داهاتوو لەلایەن هەماهەنگی شیعەكانەوە پێكبهێندرێت، بەڵام مەرجەكانی موقتەدا سەدر رێبەری ڕەوتی سەدر جێبەجێ بكرێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

موقتەدا سەدر هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە و چاوەڕێی دوو ئەگەرە

Mic
2025-09-17


سەرەڕای کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەڵام موقتەدا سەدر هێشتا مۆتەکەی دەسەڵاتدارانی عێراقە، ئەمەش وایکردووە لەلایەک چاویان لەسەر هەڵبژاردن بێت و لەلایەکیش چاویان لەسەر سەدر بێت، خودی موقتەدا سەدریش چاوەڕێی روودانی دوو ئەگەرە لە عێراق.

موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی سەدر، هێشتا یەکێکە لە گەورەترین مەتەڵە سیاسییەکان، کە ڕووبەڕووی نەیارەکانی دەبێتەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، یان تەنانەت لایەنگران و هاوپەیمانە نزیکەکانی.

لەدوای بڕیارە بەناوبانگەکەی سەدر بۆ کشانەوەی کوتلە پەرلەمانییەکەی کە خاوەنی 72 کورسی پەرلەمانی بوو، لە هاوینی 2022 و راگەیاندنی ڕەتکردنەوەی کارکردن لەگەڵ "گەندەڵکاران" کە مەبەستی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، پێشبینیەکان سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی سەدر بەردەوام مشتومڕی لە نێوان سیاسەتمەداران و شیکەرەوەکان و تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی دروستکردووە.

موقتەدا سەدر لە هەموو پەیامەکانیدا سەبارەت بە کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژارد، تەنها ئاماژەی بە چینێکی گەندەڵی دەسەڵاتدار کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ نیازێکی تری خۆی بخاتەڕوو، بەڵام سەرکردەویەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی خواستی سەدر ئاشکرا دەکات.

سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى راگەیاندووە، سەدر سیستەمێکی دەوێت کە لەگەڵ تێڕوانینی خۆیدا بگونجێت، کە لەوانەیە لەگەڵ تێڕوانینی ئەوانی تردا نەگونجێت.

ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە، کشانەوەی ئێستای موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتی هەڵبژاردن، لەم دیدگایەوە سەرچاوە دەگرێت نەک ڕق لە کاری سیاسی.

ئاماژە بە پێگە و بەهێزی سەدر دەکات لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و دەڵێت: لەوانەیە یارییەکە بە تەواوی بگۆڕێت تەنانەت ئەگەر لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنیش دوور بێت، هەر بۆیە، چوارچێوەی هەماهەنگی چاوێکیان لەسەر هەڵبژاردنەکان و چاوەکەی دیکەش لەسەر سەدرە.

لەگەڵ ئەوەی لایەنەسیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی پێیانوابوو، سەدر لە چوار ساڵی رابروودا، شەقامی لە بەرژەوەندی خۆی ساز و ئامادەکردووە بۆ چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، سەدر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی راگەیاند، هەرچەندە سەرۆک کۆماری عێراق بە فەرمی داوای لێکرد بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە، بەڵام ئەو سوربوو لەسەر بڕیارەکەی.

لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، موقتەدا سەدر بڕیارێکی دەرکرد بۆ دوورخستنەوەی 31 کەس لە بزووتنەوەکە و باڵی سەربازی سەرایا سەلام، بەهۆی ئاماەکارییان بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

سەرکردەیەکی رەوتی سەر بە رۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى وتووە، ڕەوتی سەدر پشتگیری لە هیچ لیست و کاندیدێک ناکات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەو سەرکردەیە ڕەتی دەکاتەوە پێشبینی هەنگاوەکانی داهاتووی سەدر بکات و دەڵێت: هەموو شتێک دەگونجێت، بەڵام کەس نازانێت چۆن و کەی ڕوودەدات.

ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەدر درکپێدەکات و گرەو لەسەر ئەگەری داڕمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بە تێپەڕبوونی کات، چونکە بڕوا وایە سیستەمی سیاسی ئێستا بە ئاسانی چاکسازی ناکرێت.

دەشڵێت: سەدر هەموو جۆرە کارێکی سیاسی تاقیکردۆتەوە. بەشداری کردن لە پەرلەمان و کشانەوەی لێی و بەشداریکردن لە حکومەت و کشانەوەی لێی و هەروەها دژایەتیکردنی چالاکی لە شەقامدا و پێدەچێت گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم سیستەمە توانای چاکسازی نییە.

یەکێکی تر لەو ئەگەرانەی کە سەدر چاوەڕێی دەکات، شوێنگرتنەوەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانە لە عێراق، خودی سەدریش خواستی خۆی بۆ جێگرتنەوەی نەشاردووەتەوە و بەپێی بنەماکانی مەزهەبی شیعە، موقتەدا سەدر هەموو مەرجەکانی تێدایە.