هەواڵ

زانیاری زیاتر لەبارەی دۆخی زیندانیانی بادینان، یەكێكيان دۆخی تێكچووە و بردوویانە بۆ نەخۆشخانە

Mic
2022-08-04

بەیانی ئەمڕۆ شڤان سەعید، یەكێك لە سزادراوانی بادینان بەهۆی بەردەوامبونی لە مانگرتن دۆخی تەندروستی تیچووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەوتەی یەكێك لە كەسە نزیكەكانیشی ئێستا دۆخی تەندروستی جێگیربووە و گەڕاوەتەوە بۆ چاكسازی.
ئەمرۆ دوای ئەوەی دۆخی تەندروستی شڤان سەعید تێكچوو نێردراوە بۆ نەخۆشخانە و پاشانیش بردوویانە بۆ نەخۆشخانە، ئەیهان سەعید نوێنەری زیندانیانی بادینان بە مایكی وت:"لەچاكسازی گەوران تووشی نەخۆشی بووە و گومان دەكرێت تووشی شەكرە بوبێت.
ئەیهان سەعید وتیشی: ئێستا لەنەخۆشخانە گەڕاوەتەوە بۆ چاكسازی گەورانی هەولێر، بەڵام وەك خۆی دەڵێت دۆخی تەندروستییان بەگشتی باش نییە.
ماوەی زیاتر لە ١٠ ڕۆژە ٥٢ زیندانی لە چاكسازی گەوران كە ١٢یان سزادراوانی بادینان و شیلادزێن، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن كردووە.
دووی ئەم مانگە دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی داواكاری گشتی و سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ و بەڕێوەبەری زیندانی چاكسازی گەورانی هەولێر، ژمارەیەك لەپارێزەران چاویان بە زیندانیانی بادینان كەوتووە و پارێزەرەكەشیان دوای كۆبوونەوەكە وتی  دۆخیان خراپە.
بەشدار حەسەن یەكێك لە پارێزەرانی ئەو دۆسیەیە بەمایكی وت: لەبارەی مانگرتنی دەسگیركراوانی بادینان، لە زیندانی چاكسازی هەولێر، لەگەڵ سەرۆكی داواكاری گشتی، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ و بەڕێوبەری زیندانی چاكسازی گەورە، بۆ ماوەی سێ كاتژمێر كۆبووینەتەوە و دواتر بەشێك لە دەستگیركراوەكانمان بینی.
ئەو پارێزەرە وتیشی: بەشێك لە دەستگیركراوە مانگرتووەكان دۆخی تەندرووستیان خراپبوو، بەڵام نێچیرڤان بەدیع ژیانی لە مەترسیدابوو، هەروەها ئەمجەد ڕێكانی بەهۆی ئەوەی توشبووی نەخۆشی ڤایرۆسی جگەرە، بەهۆكاری ئەوەی باری تەندروستی نا جێگیربوو نەمانتوانی بیبینین.
بەشدار حەسەن ئەوەشی خستەڕوو: دواتر لە كۆبونەوەمان لەگەڵ سەرۆكی دەستەی دادوەری و مافی مرۆڤ دڵنیاییان پێداین، ئازادكردنی مەرجدار ڕانەگیراوە، لەئێستادا بڕیارەكە لای داواكاری گشتیە، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری، داوای لە سەرۆكی داواكاری گشتی كردووە بابەتەكە یەكلایی بكاتەوە بە ڕاشكاوانە بۆچونی خۆیانی لە سەر بدەن.
 پاش ئەوەی دادگای هەولێر بڕیاری ئازادكردنی بەشێك لە دەستگیركراوانی بادینانی دەركرد و بەپێی بریارەكە دەبوایە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان ئازاد بكرانایە، بەڵام بەبێ بوونی هیچ بیانوییەك بڕیارەكە ڕاگیراوە، لە بەرامبەردا لە ڕۆژی 22ی تەمموزەوە نزیكەی 60 لە دەستگیركراوانی بادینان، مانگرتنیان لە خواردن و خواردنەوە تا مردن ڕاگەیاندووە.
پێشتریش مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: ھەرسێ لایان كۆك بوون لەسەر ئەوەی، بە ھیچ شێوەیەك كاركردن بە ئازادكردنی مەرجدار ڕاناگیرێت، بە مەرجێك مەرجە یاساییەكان بیگرێتەوە.
سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ وتیشی: ھەر كەسێك خۆی بە شایانی بزانێت بە پێی ئەو تەسەلسولەی لە یاسادا ھاتوە، داواكاری پێشكەش بكات، داواكاری گشتی ڕای خۆی دەڵێت و پاشان ئەنجومەنی دادوەری بڕیاری خۆی دەدات، پاش ئەوەی بە جودا تەماشای ھەر یەك لە كەیسەكان دەكەن.
دوای ئەو لێدوانەش دلێر سابیر خۆشناو،ڕاوێژكار لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێمە شەش چاكسازیمان هەیە لەناو بەشێك لەچاكسازیەكان پرۆژەی بەرهەمهێنان هەیە و سزادراوەكان پارە پەیدا دەكەن، ئەمڕۆ كاردەكەین بۆ ئەوەی ئەو رێكارانەی پێویستە بۆ سزادراوان دابنرێت.
راوێژكارەكەی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم دەڵێت: بەو شێوازە پێشكەوتوو نین كە بڵێین هەموو شتێك هەیە، بەڵام لەهەوڵداین بگەینە پێوەرە نێودەوڵەتیەكان، لەڕووی خزمەتگوزارییەوە خزمەتگوزاری باشیان پێشكەش دەكرێت  و خوێندنیان بەردەوامە.
دلێر سابیر دەڵێت: لەچاكسازیەكان خزمەتگوزاری تەواو پێشكەش دەكرێت و زیندانیەكان ئەگەر پێویستیان بە نەشتەرگەری بێت بۆیان دەكرێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.