هەواڵ

ئەو یەختەی دوێنێ هەواڵی ژێرئاوكەوتنی بڵاوبوەوە زۆربەی سەرنشینەكانی كوردن

Mic
2022-08-11

سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا ئاشكرایكرد، ئەو یەختەی دوێنێ هەواڵی ژێرئاوكەوتنی لەیۆنان بڵاوبوەوە، دەركەوت سێ بەشی سەرنشینانی كوردن، دەشڵێت زۆربەی ئەوانەی ڕزگاریان بووە خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕینن.
بەكر عەلی سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەكۆی 93 سەرنشینی ئەو یەختەی لەیۆنان ژێرئاو كەوت، تەنها 29 كەسیان ڕزگاركراون‌و 64 كەسیان بێسەروشوێنن‌و سێ بەشیش لەوان كوردن.
سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا دەڵێت: یەختەكە تێكشكاوە، هۆكارەكەشی بۆ شەپۆلی دەریاو هۆكاری سەرەكیشی خراپی یەختەكە بووە، لەباشووری دورگەی ڕۆدوس توشی ئەو ڕوداوە بوەو 93 سەرنشینی تێدابوە كە پێكهاتون لە(كورد، ئەفغانی‌و ئێرانی)، بەڵام زۆرینە كوردبونە.
 بەوتەی بەكری عەلی دوو كەس لەسەرنشینانی یەختەكە براونەتە دورگەیەك بەناوی (كارپاسۆس) بەگومانی ئەوەی ئەوانە قاچاخچین‌و هەوڵیانداوە سەرنشینانی یەختەكە بگەیەننە ئیتاڵیا.
 سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان ئاماژەی بەوەشدا یەختەكە لەدورگەیەكی توركیا سەرنشینەكانی هەڵگرتووەو ئەوانەی ڕزگاركراون سەرجەمیان پیاون‌و كوردانی ناو یەختەكەش سەرجەمیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن‌و بەشێكیش لەوانە خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕینن، بەدیاریكراویش خەڵكی سنوری حاجیاوان كە ژن‌و منداڵیشیان تێدایە.
دوێنێ حسێن حەمە ساڵح نوێنەری دەزگای لوتكە لە یۆنان بە مایكی ڕاگەیاند: یەختێكی كۆچبەران كە 80 كۆچبەری تێدا بووە لە ئیجە وەرگەڕاوە و 29یان رزگاركراون و 51 كەسیان بێسەرو شوێنن، وتیشی  بەبێی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو 51 كەسەی ژمارەیەكیان كوردن.
پێشتر دەشتی جەمال، سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق بۆ مایك ئەوەی ئاشكراكرد تائێستا 170 هاوڵاتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا بێسەروشوێنن.
سكرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق وتیشی: ساڵی رابردوو لەڕێگەی گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا 32 هاوڵاتی هەرێم گیانیان لەدەستداوە.
بەهۆی دۆخی هەرێمی كوردستان ساڵانە هەزاران كەس رێگای قاچاخ بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی بگەنە یەكێك لەوڵاتانی ئەوروپا، بەڵام بەشێكیان لەو ڕێگەیە گیان لەدەست دەدەن یاخود تووشی ڕووداوی نەخوازراو دەبن و بێسەروشوێن دەبن.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.