هەواڵ

ئەمرۆ داواكاری گشتی بڕیار لەچارەنوسی ژمارەیەك لەگیراوانی بادینان دەدات

Mic
2022-08-11

سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بادینان رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ داواكاری گشتی هەرێم بڕیار لەسەر چارەنووسی گیراوانی بادینان بدات وتیشی ئیدارەی چاكسازی هەولێر لەژێر دەسەڵاتی كەسێكی سەربازییدایە و ئەمەش پێشێلكردنی یاسایە.
بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بادینان بەمایكی وت: لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا رێگە بە تیمی پارێزەران نەدراوە گیراوانی بادینان ببینن و ئەمەش لە پێناو ئەوەی ئاگاداری دۆخییان نەبن لە بەشێك لە گیراوان تەنانەت تەلەفونكردنیش قەدەغەكراوە.
سەرۆكی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان وتیشی: بەگوێرەی یاسا پێویستە ئیدارەی چاكسازی لە ژێر دەسەڵاتێكی مەدەنیدا بێت نەوەك ئەفسەری سەربازی هەر وەك چۆن لە چاكسازییەكانی دیكەی هەرێم بەڕێوەبەری چاكسازی كەسێكی مەدەنییە و سەر بە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتییە.
بەشدار حەسەن ئەوەشی خستەڕوو: پێچەوانەی یاساكان بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی هەولێر لە ژێر دەسەڵاتی سەربازیدایە و داواش لە وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزیری ناوخۆ دەكەن ئەم پێشێلكارییە رابگرن.
لە ساڵی ٢٠١٩وە بەشێك لە رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان كە ژمارەیان زیاتر لە 80 كەسە و 53 یان لەزیندانی چاكسازی گەورانی هەولێرن لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی و خۆپیشاندان دەستبەسەركراون و بەشێكیان ئازادكراون و بەشێكی دیكەیان تا ئێستا لە زیندانەكاندان رەوشی تەندروستییان بەهۆی مانگرتنیان لە خواردن بۆ زیاتر لە 20 رۆژ، تێكچووە و بڕیارە ئەمڕۆ بڕیار لەسەر چارەنوسی 10 گیراو بدرێت كە خەڵكی ناوچەی شیلادزێن لەبادینان.
هەفتەی رابردوو وەفدێكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مونا یاقو سەرۆكی دەستەكە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی هەولێریان كرد، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەكە مەبەستیان بەدواداچونی دۆخی سزادراوان بووە.
دەستەی مافی مرۆڤ لە بارەی مانگرتنی سزادراوانی بادینان ڕایگەیاندووە:  ئەوەی تایبەت بوو بە رەوشی تەندروستی سزادراوان ومانگرتنیان دوای بینینی مانگرتوان لە لایەن وەفدەكەوە دەركەوت كە دۆخی تەندروستیان جێگیرە، بەڵام لە حاڵەتی بەردەوام بوونیان لە مانگرتن رەنگە مەترسی لەسەر ژیانیان و تەندروستیان دروست بێت.
دەستەی مافی مرۆڤ ئەوەشی خستووەتەڕوو: بنكەی تەندروستی چاكسازی وەكو پێویست نیە لە رووی نەبوونی پزیشكی پسپۆر و پێداویستی پزیشكی سزادراوان گلەییەكی زۆریان هەبوو، بۆیە دەستە ئەم بابەتە بە بایەخەوە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی تاوتوێ دەكات و بە تایبەتیش كە ئێستا چەند سزادراوێك توشی نەخۆشی پێست بوون.
بەوتەی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە سزادراوان داواكاریان هەبوو تایبەت بە (ئازادكردنی بە مەرج)، دەستەكە دەشڵێت: بۆ ئەم مەبەستەش پێمان راگەیاندن ‌ دەستە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری لە پەیوەندیدایە بۆ چارەسەری ئەم گرفتە بە گوێرەی یاسا و رێنماییە كارپێكراوەكان.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.