هەواڵ

فەرمانگەی میدیا و زانیاری: کۆتایی ئەمساڵ دوو بەشی دیکەی شەقامی 150 مەتری هەولێر دەکرێتەوە

Mic
2022-08-13

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: شەقامی بازنەیی ١٥٠ مەتری هەولێر بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت کە کارئاسانی تەواو بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان دەکات و دوای تەواو بوونی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە، لە ئێستادا دوو بەشی دیکەی پڕۆژەکە کارکردن تیایدا بەردەوامە و بۆ تەواو بوونی پرۆژەکەش ڕۆژانە 14 کاتژمێر و نزیکەی دوو هەزار کارمەند و 800 پارچە ئامێری جۆراوجۆر کاری تێدا دەکەن.
ئەندازیار ئەمیر عبدوالخالق، سەرپەرشتیاری دروستکردنی پرۆژەی شەقامی 150مەتری بازنەیی خێرای هەولێر رایگەیاند: شەقامی خێرای 150 مەتری بە گشتی چێوەکەی 70 کیلۆمەترە و بە دەوری شاری هەولێردا دەسووڕێتەوە، ئەو بەشەی کە تەواوکراوە 10 کیلۆمەترە، دوو بەشەکەی دیکە کە کاری تێدا دەکرێت، یەکێکیان 7 پۆینت 6کیلۆمەترە، ئەو بەشەی دیکەشیان 6 پۆینت 1 کیلۆمەترە واتا کۆی گشتیی ئەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیایە درێژییەکەی 24 کیلۆمەترە. 
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە وتیشی: ئەو بەشە لە نێوان جادەی سەرەکی دهۆک تا هەولێرە، تاوەکو ڕێگای سەرەکی هەولێر- بەحرکەیە کە درێژییەکەی 6 پۆینت 1 کیلۆمەترە، بەڵام وەک ڕووبەری کارکردن وەک ڕێیەکی 75 کیلۆمەتری بە پانیی 8 مەتر وایە، لەبەر ئەوەی دوو شەقامی سەرەکی بە پانیی 19 پۆینت 5 مەتری و دوو شەقامی خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت. دوو یەکتربڕی گەورەی تێدایە، هەروەها دوو ژێر پرد و پردێکی سووڕانەوەی تێدایە و43 سندووقی ئاوبەری جۆراوجۆر لەخۆی دەگرێت.
سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئەندازیار ئەمیر عبدوالخالق، دەڵێت:'لە 13ی نیسانی 2022دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرا، ماوەکەی 550 ڕۆژە، بەڵام وابڕیارە بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی پڕۆژەکە لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو بکرێت، لەپێناو تەواوبوونی خێرای پڕۆژەکەش ڕۆژانە 14 کاتژمێر کاری تێدا دەکرێت، نزیکەی دوو هەزار کارمەند و 800 پارچە ئامێری جۆراوجۆر لە کاردان، هەروەها پڕۆژەکە گشت هێڵکارییەکانی ڕێگا و هێماکانی هاتووچۆ و پەرژینی خۆپاراستن و شۆستە و سیستەمی ئاوەڕۆ لەخۆدەگرێت.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو بەشەی پڕۆژەکە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونکە ڕێگای سەرەکی دوو شار بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە ڕێگای سەرەکی هەولێر - دهۆک و هەولێر - سلێمانییە. 
كاركردن لە پرۆژەی شەقامی 150 مەتری هەولێر لەكاتێكدایە لەسلێمانی شەقامی 100 مەتری هێشتا زۆر بە سستی كارەكانی بەڕێوەدەچێت لەكاتێكدا ئەم پڕۆژەیە لەبەرواری ١١/٧/٢٠٢٠ بەردی بناغەی لە شارۆچكەی تاسڵوجە دانرا، ماوەی تەواوبوونیشی هەزار و ١٠٠ ڕۆژبوو.

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.