هەواڵ

كۆمەڵە: ئێران بەهێزێكی زۆرەوە هەوڵیداوە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان ببەزێنێت

Mic
2022-08-14

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە پارتێكی دژبەری كۆماری ئیسلامی ئێرانە، لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاند هێزێكی زۆری كۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵیان داوە سنووری هەرێمی كوردستان ببەزێنن و هێرش بكەنە سەر پێشمەرگەكانیان.
راگەیاندنی ستادی نیزامی كۆمەڵە سەبارەت بە هێرشی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر پێشمەرگەكانی كۆمەڵە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووە: كاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی ئەمرۆ یەكشەممە 23ی پووشپەری 1401ی هەتاوی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی بە كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر و بە پاڵپشتی تۆتپخانە و چەكی قورس بە مەبەستی زەبروەشاندن لە پێشمەرگەكانی كۆمەڵە لە هەوڵی بەزاندنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستانداوە.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەڕاگەیەندراوەكەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو: هەتا كاتژمێر 2ی پاشنیوەرۆ دوو جار هەوڵی پێشرەوی هێزی پیادەی سوپای پاسداران لەگەڵ بەرەنگاریی پێشمەرگەكانی كۆمەڵە پووچەڵكراوەتەوە و پاشەكشەیان پێكراوە.
لەكۆتایی ڕوونكردنەوەی ئەو هێزە كوردیەی دژبەری حكومەتی ئێران هاتووە: بە خۆشحاڵی هەموو هاورێیانی پێشمەرگەی كۆمەڵە سڵامەتن و بەوپەری ئامادەیی بەرامبەر بە هێزەكانی سوپای پاسداران وەستاون و بە وردی چاودێری جموجۆڵی ئەو هێزەی رژیم دەكەن، لە ماوەكانی داهاتوودا لە وردەكاری و پێشهاتەكان ئاگادارتان دەكەینەوە.
كۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر چەند جارێك موشەكباران و بۆردوومانی هێزە كوردییەكانی دژبەری خۆی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان كردووە، چەند جارێكیش لەسەر ئاستی باڵا هەڕەشەی ئەوەی لەهەرێمی كوردستان كردووە كە دەبێت ئەو هێزانە دەربكات، ئەگەرنا هێرشی سەربازی دەكەنە سەریان و خۆیان ئەو كارە ئەنجام دەدەن.
تائێستا لەبارەی لەشكركێشی ئەمڕۆی سوپای پاسداران بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان نە سوپای پاسدارانی ئێران و نە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان نەداوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.