هەواڵ

دەستەی گەشتوگوزار: تا ناوەڕاستی مانگی رابردوو زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار ڕوویان لەهەرێم كردووە

Mic
2022-08-15

بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە تۆپبارانەكەی گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ كاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان هەبووبێت، دەشڵێت لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە سێ ملیۆن و 800 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.
 ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لە سەرەتای ساڵەوە تاوەكو ناوەڕاستی مانگی رابردوو، زیاتر لە 3 ملیۆن و 800 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
رۆژی 20ـی تەممووزی 2022، لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوە چوار گولـلەتۆپ لە گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 26ـی دیكەش بریندار بوون كە سەرجەمیان هاووڵاتیی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بوون، رووداوەكەش كاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار رەتیدەكاتەوە، تۆپبارانەكە بووبێتەهۆی كەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران، ئەوەشی خستەڕوو سێ رۆژ دوای رووداوەكەی زاخۆ چەندین گەشتیار روویان لە دەوروبەری گوندی پەرەخ كردووە لە زاخۆ.
 ئەوەش لەكاتێكدایە هەر بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ساڵی رابردوو نزیكەی پێنج ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش كرد، لە رۆژانی داهاتوودا سەرۆكی دەستەكەیان سەردانی بەغدا دەكات، وتیشی: ئامانجی سەردانەكە پێدانی دڵنیایی زیاترە بە كۆمپانیاكانی گەشتیاری و گەشتیارانی عێراقی بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و دڵنیا دەكرێنەوە لە پاراستنی گیانیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پێیان.
ئیبراهیم عەبدولمەجید لەبارەی ئەوەی زۆرترین گەشتیار سەردانی چی پارێزگایەك دەكات دەڵێت: رۆژانە دەیان گرووپ لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقەوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، كاركردنی ئێمە بۆ ئەوەیە گەشتیار بۆ هەموو شار و پارێزگاكان رابكێشین، بەڵام بێگومان زۆرترین گەشتیار روو لە پارێزگای هەولێر دەكەن و بەشێكیشی پەیوەندیی بەوەوە هەیە پایتەختی هەرێمی كوردستانی لێیە.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.