هەواڵ

ڕووداوی كوشتنی گەنجێك لەسلێمانی گومانی لای كەسوكارەكەی دروستكردووە

Mic
2022-08-15

رووداوی كوشتنی گەنجێك لەسلێمانی كە ئاسایش دەڵێت بەهەڵە بووە گومانی دروستكردووە، ئەو كەسەی كوژراوە ناوی ئەحمەدە و كوڕی بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراكی سلێمانییە.
ئێوارەی دوێنێ بە تەقەی هێزێكی ئاسایشی سلێمانی گەنجێكی تەمەن 22 ساڵ كوژرا، كەسوكاری كوژراوەكە دەڵێن، ڕووداوەكە هەڵە نەبووە و بە ئەنقەست كوڕەكەیان كوشتووە، بەوتەی كەسوكارەكەی،هێزەكەی ئاسایش گوللـەیەكیان لەو كوڕەكەیان داوە و دواتر چوونەتەسەری و گوللـەیەكی دیكەشیان لێداوە، بەڵام ئاسایشی سلێمانی پێشتر لەڕوونكردنەوەیەكدا رایگەیاند بەهەڵە كوژراوە و لێكۆڵینەوە دەكەن.
لەوبارەیەوە عادل ئەحمەد، خاڵی گەنجە كوژراوەكە لە پرسەی كوڕەكەیاندا لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان قسەیكرد و وتی: ئێمە گومانمان لە ڕووداوەكە هەیە، چونكە دوو گوللـە بەر كوڕەكەمان كەوتووە یەكێك لە پێشەوە یەكێك لە دواوە، واتە ڕووداوەكە لە مەبەست دەچێت، نەك قەدەر و ڕووداوی نەخوازراو.
وتیشی: هەروەها ئاسایش شەو دەڵێن، بۆ گرتنی دوو تیرۆرست چوون، ئەمڕۆ بە ئێمە دەڵێن، بۆ دەستبەرداگرتنی مادەی هۆشبەر چوون، واتە بە گشتیی شتەكان جێگەی گومانن.
عادل ئەحمەد دەشڵێت: بەوتەی شایەتحاڵانی ڕووداوەكە،هیچ تۆمەتبار و كەسێك لە شوێنی ڕووداوەكە نەبووە، هێزەكەی ئاسایش هەر كە چوون دەستیان كردووە بە تەقە و یەكەم گوللـە بە خوشكەزاكەی منیانەوە ناوە، ئەو لە ترسا ڕایكردووە، دواتر چوونەتە سەری و گوللـەیەكی دیكەیان لێداوە، تەنانەت بە برینداریش وەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا كردووە و ویستویانە كەلەپچەی بكەن، تا دواتر بردوویانەتە نەخۆشخانە و گیانی لەدەستداوە.
بەوتەی خاڵی گەنجە كوژراوەكە "ئەحمەد لە قۆناغی چوارەمی زانكۆ بووە، وتیشی داوا لە بەڕێوەبەری ئاسایش دەكەین لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بكەن و ڕاستییەكان بۆ ئێمە ئاشكرا بكەن، ئەگەر ڕووداوەكە هەڵە بووە، پێویستە ئەو كەسانەی تەقەیان كردووە بدرێنە دادگا، ئەگەریش هەڵە نیە ئەوا با بزانین."
"ئەم ڕووداوە هەڵە نەبووە، ئێمە بنەماڵەیەكین چەندین ساڵە پێشمەرگەی ئەم نیشتیمانەین و هەندێك شارەزاییمان هەیە، كاتێك هیچ كەس و تۆمەتبارێك تەقەی نەكردووە، هێزەكەی ئاسایش بۆ تەقەی كردووە، دواتر ڕووداوەكە لە 5:00ی ئێوارە ڕوویداوە، بەڵام ئاسایش لە 12:00ی شەودا ڕوونكردنەوە دەدات دەڵێت، بە هەڵە بووە."خاڵی ئەحمەد وا دەڵێت
شەوی رابردوو لەڕوونكردنەوەیەكدا ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند: پاش  نیوەڕۆی  یەكشەمە ١٤/٨/٢٠٢٢ لەكاتێكدا هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی  لەئەركێكی فەرمیدا و لەسەر فەرمانی دادوەر لەناوبازاڕی شاری سلێمانی  هەستان بەدەستگیركردنی دوو تیرۆریست، لەكاتی دەستگیركردنیاندا تیرۆریستەكان هەوڵیاندا  خۆیان  دەربازبكەن ، بەڵام هێزەكانمان لێیان هاتنە دەست و قۆلبەست كران ، جێگەی داخە لەكاتی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تیرۆریستەكان هاوڵاتیەكی شارەكەمان كە لە خێزانێكی دڵسۆز و خەباتگێرن  شەهید بوو.
ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو: وەك بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئەوپەڕی دڵتەنكی خۆمان و پرسەو ماتەمینی  ڕادەگیەنین ، داواكارین لەخوای پەروەردگار بە بەهەشتی شاد بكات ،دوا بەدوای ڕووداوەكە دەست بەجێ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنرا و لێكۆڵینەوە بەردەوامە .

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەنجوومەنی دەوڵەت وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەداتەوە

Mic
2025-09-18

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بداتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداربوون، کۆبوونەوەکە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەری گرفتی مووچەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

ئەنجوومەنەکە ئەمڕۆ چوارەم کۆبوونەوەی لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و، تێیدا تاوتوێی پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێم، کە یەکێکە لە خاڵە ناکۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان؛ پێشبینیدەکرێت ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەنجامی کۆبوونەوەکە بە راپۆرتێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەرزبکاتەوە.

رای ئەنجوومەنەکە لە بارەی کێشەی هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی ناوخۆ بە یەکلاکەرەوە ناو دەبرێت و بۆ چارەسەری پرسی داهاتیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەولێر و بەغدا.

لە کاتێکدا ژمارەیەک لە چاودێران پێیان وایە، ئەو ئەرکەی بە ئەنجوومەنی دەوڵەت سپێردراوە؛ کاری ئەو نییە و ناتوانێت چارەسەر بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە، بەڵکو دەبێت کێشەی داهاتی ناوخۆی هەرێم، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە بدات.