هەواڵ

وەفدێكی كۆنگرێسی ئەمریكا سەردانی تایوانی كرد، چین جارێكی دیكە هەڕەشە دەكات

Mic
2022-08-15

شەوی ڕابردوو وەفدێكی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەردانێک گەیشتنە تایوان، لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگری چین رایگەیاند سەردانی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ تایوان پێشێلکردنی سەروەری چینە.
شەوی ڕابردوو وەفدێكی کۆنگرێسی ئەمریکا بەسەردانێک گەیشتنە  تایوان و لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە پێشوازییان لێکرا، لە بەرامبەردا بەیانی ئەمرۆ وەزارەتی بەرگری چین ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانی ئەو وەفدەی ئەمریکا بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: سەردانی ئەو وەفدەی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ تایوان پێشێلکردنی سەروەری خاکی وڵاتەکەمانە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو: چالاکیە سەربازییەکانمان لە سنورەکانی تایوان بە مەبەستی پاراستنی سنورەکان درێژە پێدەدەین و لە ئێستاشدا ئامادەین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەر مەترسیەک، کە لەسەر ناوچەکەمان هەبێت.
وڵاتی چین لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند: هەرگیز قبوڵی هیچ جۆرە چالاکیەکی جوداخوازی لەلایەن تایوانەوە ناکەین و ئەگەر پێویست بکات بەهێزی سەربازی ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ دەکەین.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری تایوان بڵاویکردەوە: 13 فڕۆکەی جەنگی چین لەمیانەی ئەنجامدانی مەشقی سەربازیدا بۆ جاری سێەم سنوری تایوانیان بەزاندووە و هەروەها، پێشتریش 11 موشەکی بالیستی لە جۆری دۆنگفێنگ بە ئاڕاستەی سنورە ئاوییەکانی وڵاتەکەمان جوڵاندووە.
گرژییەکانی نێوان چین و تایوان بۆ سەردانی نانسی پێلوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ڕۆژی دووی ئەم مانگەدا بۆ تایوان دەگەڕێتەوە، چین ئەو هەنگاوە بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی دەزانێت و بۆ ئەو مەبەستەش هۆشداریی تووندیان دایە بەرپرسانی ئەمریکا و بۆ ئەو مەبەستەش لەسەرەتای ئەم مانگەوە جموجوڵی سەربازی لە سنورەکانی تایوان لەلایەن چینەوە دەستیپێکردووە .
دورگەی تایوان بووەتە جێگەی ناكۆكی نێوان دوو زلهێزی جیهان، ئەمریكا لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە پشتیوانی دورگەكە دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە چین بە بەشێكی دانەبڕاوی دەزانێت لەوڵاتەكەی لەبەرامبەریشدا ئەمریكا رەتیدەكاتەوە دان بەدەسەڵاتی چیندا بنێت بەسەر ئەو دوورگەیەوە.
پێشتر گرژییەكان هێندە نەبوون، بەڵام لەدوای هاتنە دەسەڵاتی چای ئینگ وین بۆ سەرۆكایەتی تایوان لەساڵی 2016 ناكۆكیەكان زیاتربوون، چونكە سەرۆكە نوێیەكە تایوانی بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ ناوبرد و وتی چیتر تایوان بەشێك نییە لە چین، دوای ئەو قسەیەش چین فشارە سەربازی و دیپلۆماسی و ئابوریەكانی بۆسەر دوورگەكە زیاتركردووە.
لەساڵی 1979 ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی جیمی كارتەر دانی بەكۆماری چین دا نا و رایگەیاند حكومەتی پەكین تاكە نوێنەری چینییەكانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەتیكردەوە دان بە دەسەڵاتی چیندا بنێت لە تایوان.
لەوكاتە بەدواوە ئەمریكا هەم پەیوەندی لەگەڵ چین هەبوو هەم لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی تایوان بەڕێوەدەبات، بەڵام پەیوەندیەكان لەگەڵ تایوان فەرمی نەبوون، لەوكاتەشەوە داوا دەكات هەریەك لە چین و تایوان كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن.
كۆنگرێسی ئەمریكا بە یاسایەك پەیوەندیەكانی لەگەڵ تایوان رێكخستووە كە خۆی لەپەیوەندی بازرگانی و ئابووری و سەربازیدا دەبینێتەوە،بەپێی ئەو یاسایەی كۆنگرێس پەسەندیكردووە دەبێت ئەمریكا لەڕووی سەربازییەوە بەشێوەیەك پشتیوانی تایوان بكات كە بتوانێت بەرگری لەخۆی بكات، بەشێوەیەك بتوانێت لەكاتی هێرشی سوپایەكی گەورەی وەك چین خۆی بگرێت و بەرگری بكات.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.