هەواڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووری: كار لەسەر كەمكردنەوەی باج و ڕسوماتی كارگەكان دەكەین

Mic
2022-08-15

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: ئەمرۆ دووشەممە ڕێكەوتی 2022/8/15، لە دیوانی وەزارەت بەسەرپەرشتی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری و بە ئامادەبوونی كوێستان محەمەد، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوەكالەت، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش بەڕێوەچوو، كۆبوونەوەكە سەبارەت بە دۆخی كارگەكان و كێشەو گرفتەكانیان لەڕوی باج و ڕسوماتەوە بوو، تیایدا بڕیار درا كار ئاسانیان بۆ بكرێت. لە پێناو پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی. 
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو: لە كۆبوونەوەكەدا، هەریەك لە ساماڵ عبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم، كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری، عەلی عوسمان، بریكاری وەزارەتی پیشەسازی، فەرهەنگ خالد بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی، كۆڤان جلال بەڕێوەبەری گشتی پەرەپێدانی پیشەسازی ئامادەبوون. 
وەزارەتی دارایی و ئابوری ئەوەشی خستووەتەڕوو: لە میانی كۆبونەوەكە بەوردی باس لە گرفتی كارگەكان كرا لە هەرێمی كوردستان لە ڕووی وەرگرتنی باج و ڕسومات كەوا ئاستەنگی بۆ كاركردنیان دروستكردووە ، بۆ ئەم مەبەستەش ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری پشگیری تەواوی خۆی دەربڕی كە هاوكار بێت بۆ كار ئاسانیكردن لە كەمكردنەوەی گرفتی كارگەكان. 
هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە كۆتاییدا، بڕیار دراوە لە ڕێگەی دروستكردنی لیژنەیەكی هاوبەش بەدواداچوونی چڕ بۆ كارگەكان بكرێت تابتوانن كێشەكانیان چارەسەربكرێن.
پێشتر وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەوەكالەت سەردانی سلێمانی كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لەبەڕێوەبەری كارگەكان كۆبوەوە، كوێستان محەمەد لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەگرنگمان زانی كۆبوونەوە لەگەڵ خاوەن كارگەكان بكەین بەهاوبەشی وەزارەتی بازرگانی، راپۆرتێكی 28 خاڵیمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران و جەخت دەكەینەوە كە هەموو كێشەكانی خاوەن كارگەكان چارەسەر بكەین، دۆخی هەندێك كارگەی تایبەت بە تەندروستی بەڕاستی كارەساتە.
بەوتەی كوێستان محەمەد ژمارەیەكی زۆر كارگە لەرابردوودا داخراون، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی باج و رسوماتی لەسەر بابەتە خۆراكییەكان لابردووە.
سەبارەت بە ئاماری كارگەكان كە داخراون، راوێژكارێكی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هەرێم وتی: بەڵێ ژمارەیەكی زۆر كارگە هەن داخراون، لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ پێداچوونەوە بەو كارگانەی لەكاركەوتون.
وتیشی: چوار هەزار و 500 كارگە مۆڵەتیان هەیە، بەڵام هەندێك كارگە بەچەند هۆكارێك داخراون و هۆكارەكانیان جیاوازە، بەڵام دەمانەوێت لەڕێگەی لیژنەیەكەوە هاوكاریان بین تا دەست بەكاربكەنەوە لەسلێمانیش نزیكەی 300 كارگە راگیراون.

More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.