ژیان

عێراق بەرەو وشكبوونەوەی زیاتر دەچێت

Mic
2022-08-16

دوو ساڵە لەسەر یەك عێراق وشكەساڵی تێیدا ڕادەگەیەنرێت، ئەمساڵ كاریگەری وشكەساڵی لەسەری زیاتربوو، هۆكاری سەرەكیش بەپلەی یەكەم گۆڕانكارییە لەكەشوهەوای جیهان و هۆكاری دووەمیش گرتنەوەی سەرچاوە ئاویەكانیەتی لەلایەن توركیا و ئێرانەوە، بەتایبەتیش ئاوی دیجلە و فوڕات.
میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە: جاسم فەلاحی وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند: وشكەساڵی هەرەشەیەكی مەترییداری گەورەیە و عێراق یەكێكە لەو پێنج وڵاتەی جیهان، كە زۆرترین كاریگەریی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوایان لەسەرە.
وەزیری ژینگەی عێراق وتیشی: پلانێكی درێژخایەنمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە داناوە.
جاسم فەلاحی ئەوەشی خستەڕوو: وشكەساڵی هەرەشەیەكی مەترسیداری گەورەیە لەسەر ئاسایشی عێراق، چونكە بەپێی ڕاپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان عێراق یەكێكە لەو پێنج وڵاتەی جیهان، كە زۆرترین كاریگەریی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوایان لەسەرە لەڕووی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و كەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەكانی.
فەلاحی باسی لە پلانێكی درێژخایەن كردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی و دەڵێت: پلانەكە لە دووبەش پێكدێت و بەشی یەكەمی لەساڵی  2020وە دەستیپێكردووە و تاوەكو ساڵی 2025 درێژدەبێتەوە، تێیدا كار لەسەر كەمكردنەوەی دەردانە كاربۆنییەكان بەتایبەت كەرتی نەوت ‌و غاز دەكرێت و لە هەمانكاتیشدا هەوڵ دەدەین بە مەبەستی بەرزكردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانیی لەبەرامبەر گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوادا.
وەزیری ژینگەی عێراق باسیلەوەشكردووە: بەشی دووەمی پلانەكە لەساڵی 2025 بۆ 2030 دەبێت، كە تێیدا جەخت لەسەر دوو كەرتی گرنگ دەكاتەوە، كە ئەوانیش گواستنەوەی تەكنەلۆژیای هاوچەرخ لەبوارەكانی ئاودێری و ئیدارەدانی دروستی سەرچاوە ئاوییەكان، چونكە بەشێكی زۆری ئاوی وڵات بەفیڕۆ دەدرێت.
فەلاحی دەشلێت: هەروەها دەستپێشخەرییەكی نوێمان بەبەشداریی چەندین لیژنەی پسپۆڕ بۆ ڕواندنی درەخت بەمەبەستی هەڵبژاردنی جێگای گونجاو و دیاریكردنی جۆری ئەو درەختانەی دەتوانن بەرەنگاری گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا ببنەوە لەوڵاتدا ڕاگەیاندووە.
پێشتریش بانكی نێودەوڵەتیی هۆشداریدا لە كەمبوونەوەی 20٪ی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق تا ساڵی 2050 بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا، هاوكات یەكێكی دیكەش لە هۆكارەكان دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو بەنداوانەی توركیا و ئێران لەسەر سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق دروستیان كردووە. لە ڕۆژی پێنجی حوزەیرانی ئەمساڵ ڕاوییە مەزعەل مەحمود، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دارستانەكان و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون لە وەزارەتی كشتووكاڵی عێراق ڕایگەیاند: لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ملیۆنێك و 747هەزار دۆنم زەویی كشتووكاڵیی و ڕووپۆشی ڕووەكیی بوونەتە زەوییەكی وشك و بێبەرهەم، ئەمەش كاریگەریی كردووەتە سەر پلانی كشتوكاڵیی لە عێراقدا.

More News

Most Popular

هەواڵ

بەرهەمهێنانی نەوت راگیراوە و تا هەرێمی کوردستانیش نەوت رادەست نەکات مووچە نایەت

Mic
2025-07-17

بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق تا نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکرێت بەغدا پارەی مووچە رەوانە ناکات؛ زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان راگیراوە. 

 

 حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان رێککەوتنی کرد. 

بەپێی دەقی ئەو رێککەوتنە کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، تا وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا سۆمۆ وەرگرتنی نەوت لە بەندەری جەیهان پشتراست نەکەنەوە، وەزارەتی دارایی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت. 

بەپێی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، 230 هەزاری بداتە بەغدا و 50 هەزاریشی لە ناوخۆدا بەکاربهینێتەوە. 

ناردنی پارەی مووچە بە مەرجی رادەستکردنی نەوت لە کاتێکدایە زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان رایگراوە. 

عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان - ئەپیکور لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە. 

ئەگەرچی هەولێر و بەغدا رێککەوتنیان کردووە، بەڵام ناو بەناو هێرشی دۆرنییەکان دەست پێدەکەنەوە و کێڵە نەوتییەکان بە ئامانج دەگرن دیار نیە درۆنەکان رێگە بە دەستپێکردنەوەی نەوت دەدەن یاخود هێرش دەکەنەوە. 

هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا کۆتایی بە هێرشی درۆنەکان بهێنێت، چونکە ئەو هێرشانە وەک کارتی فشار دژی هەرێمی کوردستان دەبینران تا نەرمی بۆ رێککەوتن بنوینێت و نەوتەکەی رادەست بکات.