هەواڵ

لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا داوای رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەكات

Mic
2022-08-16

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا داوای چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق دەكات لەسەر پرسی نەوت و غاز، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر ئەمریكا لەڕێگەی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق چەند جارێك داوایكردووە هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو پرسە ڕێكبكەون.
بۆب مینیندیز، سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە و جیم ریش ئەندامی لیژنەكە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، نامەیەكیان ئاڕاستەی ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردووە.
دوو ئەندامەكەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا لە نامەكەدا، نیگەرانییان دەربڕیوە لە ناكۆكی دەستوری نێوان حكومەتی عێراق و ھەرێمی كوردستان لەسەر یاسای نەوت و غاز، دەشڵێن بڕیارەكەی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر نەوت و غازی ھەرێم دژی كۆمپانیا ئەمریكییەكانیشە كە لە ھەرێمی كوردستان كاردەكەن. 
ھەروەھا لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا داوایان لەئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردووە لە ئاستێكی باڵادا ھەماھەنگی بكات لەگەڵ حكومەتی ھەرێم و عێراق، چونكە كۆمپانیاكانی وزەی ئەمریكا رۆڵی گەورەیان ھەیە لە گەشەدان بە كەرتی وزە لە كوردستان و عێراق، ھەر بۆیە دامەزراوەی گەشەپێدانی ئەمریكی زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی قەرز بۆ كۆمپانیاكانی وزە لە ھەرێم تەرخانكردووە.
هەر لەنامەكەدا ئەو دوو ئەندامەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا دەڵێن: جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە كاریگەری خراپی لەسەر وەبەرھێنانی بیانی و توانای عێراق لە سەربەخۆیی وزە دروستدەكات.
ھاوكات لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا نیگەرانیشیان دەربڕیوە لە ھێرشە بەردەوامەكانی ئێران و گروپە ھاوپەیمانەكانی بۆ سەر كێڵگەكانی نەوت و غازی ھەرێم، جەختیشیانكردووەتەوە لەوەی ئێران بەردەوامە لە دەستوەردان لە پڕۆسەی سیاسی و پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراق.
15 ی شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا كەفرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نادەستورییە و پێویستە ڕادەستی حكومەتی فیدراڵی عێراق بكرێت، بڕیارەكەش كاردانەوەی بەرپرسانی هەرێمی لێكەوتەوە و بەنادەستوری ناویانبرد، بەڵام دوای بڕیارەكە حكومەتی عێراق چەند ڕێوشوێنێكی دژ بەو كۆمپانیا نەوتیەكانە جێبەجێ كرد كە لەهەرێم كاردەكەن و بەشێك لەكۆمپانیاكانیش بەهۆی فشارەكان لەكەرتی وزەی هەرێم كشانەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.