هەواڵ

پارێزەرەكەیان: چاوەڕێی هەواڵی خۆش بن لەبارەی دەستگیركراوانی بادینان

Mic
2022-08-17

پارێزەری گیراوانی بادینان دەڵێت ئەندامی داواكاری گشتی چاكسازی گەورانی هەولێر و دادوەری دادگای كەتنی دەشتی هەولێر لەبارەی دۆسیەی گیراوانی بادینان كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، ئەوەش لەكاتێكدایە پەرلەمانتاری هەرێمی كوردستان یاداشتێكیان لەبارەی دۆخی زیندانییانی بادینان بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنن، سەرباری ئەوەی زیندانیانی بادینان مەرجەكانی ئازادبوونی مەرجدار دەیانگرێتەوە، بەڵام بە مەبەست هێڵدراونەتەوە لە زینداندا، جەختیش دەكەنەوە سەلامەتیی گیانی گیراوانی بادینان لە ئەستۆی داواكاری گشتی چاكسازیی و بەڕێوەبەری چاكسازیی گەورانی هەولێر دایە.

نزیكەی مانگێكە 53 زیندانیكراوی بادینان مانیان لەخواردن گرتووە بەهۆی ئەوەی ئازادكردنی مەرجدار دەیانگرێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئازادنەكراون، 30 پەرلەمانتاری هەرێمی كوردستانیش یاداشتێكیان لەوبارەیەوە بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە: زیندانیانیی بادینان پاش ئەوەی ئەحكامی مەرجەكانی بەربوونی مەرجدار دەیانگرێتەوە، كە لە ماددەی 331ی یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەكاندا هاتووە، پێویست بوو كارڕایی ئازادكردنیان بۆ ئەنجام بدرایە، بەڵام بەداخەوە بەمەبەست و پێشێلكردنی یاسا هێڵدراونەتەوە لە كونجی زینداندا.
هەر لەیاداشتەكەدا هاتووە: ماوەی 26 ڕۆژە زیندانییانی بادینان مانیان گرتووە و دۆخی تەندروستیی بەشێكیان ناجێگیرە و ژیانیان لە مەترسیدایە، لەبەر ئەوە دەبوو  بەڕێوەبەریی چاكسازی گەورانی هەولێر ئەركی فەرمانبەریی خۆی ڕاپەڕاندایە و كارڕایی بەردانی مەرجداری ئاڕاستەی داواكاری گشتی بكردایە، ئەركی داواكاری گشتیشە بەزووترین كات مامەڵەكانیان ئاڕاستەی دادگای كەتن بكات، تا كاروبارەكانیان ڕاییبكرێت و ئازاد بكرێن و یاسا سەروەربێت .
ئەو پەرلەمانتارانە جەختیش دەكەنەوە، بەپێی یاسای داواكاری گشتیش، دەبێت داواكاری گشتی بێلایەنانە كارەكانی خۆی ئەنجام بدات، هاوكات داواش لە سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی دەكەن:”لێكۆڵینەوەی جددی لە داواكاریی گشتی چاكسازیی گەورانی هەولێر بكات، بەهۆی  كەمتەرخەمیكردنی لە ئەركی چاودێرییكردن لە سستی كارڕاییەكان.
ئەو پەرلەمانتارانە داوا لە وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی دەكەن، كە لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوەی جددی بكەن لە بەڕێوەبەریی چاكسازیی گەورانی هەولێر، سەبارەت بە كەمتەرخەمییكردنی لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكەیدا.
هەر لەیاداشتی ئەو پەرلەمانتارانەدا هاتووە: سەلامەتیی گیانی گیراوانی بادینان لە ئەستۆی داواكاری گشتی چاكسازیی و بەڕێوەبەری چاكسازیی گەورانی هەولێر دایە و دەڵێن “هەر مەترسییەك لەسەر ژیانی ئەو زیندانییانە دروست ببێت، دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان، هاوكات ئەوەش هاتووە: ئێمەش لە پەرلەمانی كوردستان هەموو هەوڵێك و ڕێكارێكی یاسایی دەگرینە بەر بەمەبەستی پێشێلنەكردنی ماف و پاراستنی شكۆی مرۆڤ و بەكارنەهێنانی دادگا و دەزگاكان بۆ مەرامی سیاسی و تۆڵە كردنەوە.
بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان بەمایكی وت: تەواوی دۆسیەكانی ئازادكردنی بە مەرجی سزادراوانی بادینان و چەند سزادراوێكیترش، كە بەھەمان ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ی پەرلەمان سزادراون گەیشتە دادگا.
سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان وتیشی: ھەردوو ئەندامی داواكاری گشتی چاكسازی گەورانی ھەولێر و دادوەری دادگای كەتنی دەشتی ھەولێر (كسنزان) لە كۆبونەوەدان و چاوەڕوانی ھەواڵی خۆش بن.  



More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.