تەندروستی

ئایا شیر هەڵهێنانەوەی منداڵی خوار تەمەن شەش مانگ مەترسیدارە ؟

Mic
2022-09-08

یەکێک لەو هۆکارانەی کە بە هۆیەوە منداڵ زوو زوو سەردانی پزیشکی پێ ئەکەن و دڵە ڕاوکێیەکی زۆر بۆ دایک و باوکەکە درووست ئەکات ٫ شیر هەڵهێنانەوەیە ٫ کە زیاتر لە نیوەی منداڵی خوار ٦ مانگ تووش ئەبن.
ئەم حاڵەتە لە لە مانگەکانی سەرەتای تەمەنەوە دەست پێ ئەکات و لە تەمەنی ٤ مانگیدا ئەگاتە لووتکە ٫ بەڵام دواتر حاڵەتەکە ووردە ووردە بەرەو باشی ئەڕوات و زۆربەیان لە تەمەنی ٦ بۆ ۷ مانگی باش ئەبن.
بە پێچەوانەی ڕشانەوە ٫ شیر هەڵهێنانەوە ئازاری لەگەڵدا نیە و بە تووندی شیرەکە فڕێ نادات.
بۆ لەو تەمەنەدا نیوەی منداڵ شیر هەڵئەهێننەوە؟
۱- لەبەر ئەوەی گەدەی منداڵ لەو تەمەنەدە بچوکە٫ کاتێک شیرێکی زۆر ئەخوات لە گەدەدا جێگای نابێتەوەو هەڵی ئەهێنێتەوە.(زیادە خۆری پێ ئەڵێن)
۲-لە کاتی شیر خواردندا هەوایەکی زۆر قووت ئەدات ٫ بۆیە گەدەی زیاتر پڕ ئەکات.
۳- لە بەرئەوەی ماسولکەکانی دەرچەی نێوان بەشی خوارەوەی سوڕێنچک و گەدە باش پێناگەن لەو تەمەنەدا بۆ شیر هەڵهێنانەوە زۆر ڕوو ئەدات.
لە کاتی شیرهەڵهێنانەوەی زۆردا دایکان و باوکان پێویستە چی بکەن؟
۱- پێویستە شیر بە بڕی کەم و زوو زوو بدەن بە منداڵەکەیان واتە کەمخۆری ٫ دایم خۆر بێت.
۲- پێویستە لە کاتی شیر خواردن و دوای شیر خواردنیش بە ۳۰ دەقیقە سەری منداڵەکە بەرز بێت.
۳- پێویستە قڕقێنە بە منداڵەکەت بکەیت لە کاتی شیر خواردن و دوای شیرخواردنیش.
٤- قەبارەی کونی نیپڵی مەمکەکە پێویستە گونجاو بێت چونکە لە کاتی گەورەیی یان بچوکی کونی نیپڵەکە ٫ هەوایەکی زۆر لە کاتی شیر خواردن منداڵەکە قووتی ئەدات.
۵- پێویستە کاتی شیرخواردن جەوێکی ئارامی بۆ درووست بکەیت ٫ هەروەها نابێت زۆر بە برسیەتی بیهێڵیتەوە.
٦- پێویستە فشار لەسەر گەدەی منداڵەکە کەم بکەیتەوە بەوەی نابێت جل و بەرگی تووند یان دایبی تووندی بۆ بەکار بهێنیت.
لە کاتی خستنە سەرشانت هەوڵ بدە سکی بەر شانت نەکەوێت ٫ یەکسەر دوای شیر خواردن مەیخەرە ناو کورسی سەیارەکەی چونکە فشاری سەر گەدەی زیاد ئەکات.
ئەگەر هەستت بە یەکێک لەم نیشانانە کرد لە منداڵەکەتدا پێویستە بێ دواکەوتن سەردانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵانی پێ بکەیت:
۱- منداڵەکەت ئازاری هەیە.
۲- شیرخواردنی کەمی کرد.
۳- شیری نەخوارد.
٤- کێشی زیادی نەکردبوو یان بە پێچەوانەوە کەمیشی کردبوو.
د.پشدەر عبدالڵە
پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.