هەواڵ

وەزارەتی كارەبا تێكڕای كاتەكانی پێدانی كارەبا لەهەرێم ئاشكرادەكات

Mic
2022-09-19

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم كاتەكانی پێدانی كارەبا بەهاوڵاتیان تا 17 ی ئەم مانگە ئاشكرا دەكات و دەڵێت بەتێكڕا زیاتر لە 15 كاتژمێر بووە، دەشڵێت هاوڵاتیان زیاتر لە ترلیۆنێك دینار قەرزاری وەزارەتی كارەبان، ئەوەش لەكاتێكدایە بەشێك لەهاوڵاتیان دەڵێن داوای قەرزی كارەبایان لێكراوەتەوە.
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی كارەبای سلێمانی بەمایكی وت: بڕیاردراوە لە رێگەی قیستەوە هاوكاری هاوبەشان و هاوڵاتیان بكرێت بۆ ئەوەی قەرزەكانیان بگەڕێننەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە بتوانین هاوكاریان بین، چونكە رەنگە پارەیەكی زۆر قەرزدار بن و نەتوانن بە یەكجار پارەكە بگەڕێننەوە.
 ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمایكی وت:هیچ بڕیارێك نەدراوە كە ئەگەر هاوڵاتیان قەرزەكانیان نەگەڕێننەوە، كارەبایان ببڕدرێت، بەڵام سەبارەت بە قەرزی بازرگانی، كشتوكاڵ و پیشەسازی ئاسانكارییان بۆ كراوە بۆ ئەوەی بە قیست بیگەڕێننەوە، ئەگەر نەیگەڕێننەوە ئەوە كارەبایان دەبڕدرێت.
 ملیۆنێك و 770 هەزار هاوبەشی كارەبا لەهەرێمی كوردستان هەن، بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم زیاتر لە ترلیۆنێك دینار قەرزداری وەزارەتی كارەبان.
رۆژی یەكشەممە 18-9-2022، عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی سكاڵایان كردووە و دەڵێن فەرمانگەكانی كارەبا ئاگاداركردنەوەیان بۆ ناردوون، ئەگەر ئەو قەرزەی لە سەریانە نەیگەڕێننەوە كارەبایان دەبڕدڕێت. 
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لەو بارەیەوە لەگەڵ وەزارەتی كارەبا قسەیان كردووە و داوای ئاسانكارییان كردووە و دواجار بڕیاردراوە، بۆ قەرزی بازرگانی، كشتوكاڵ و پیشەسازی لە سنووری هەولێر و دهۆك بە شەش قیستی شەش مانگی و لە سلێمانی بە سێ قیستی سێ مانگی قەرزەكان وەربگیرێتەوە.
 دوێنێ وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: لەكاتژمێر شەشی بەیانی تا كاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی لیكی غازەوە، پرۆسەی چاكسازی لەكێڵگەی خۆرمەڵە بەڕێوە دەچێت و  بەهۆیەوە گواستنەوەی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 90 ملیۆن پێ سێجا كەم دەكات و بڕی بەرهەمهێنانی كارەباش بۆ 250 مێگاوات كەمدەبێتەوە.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: وەزارەتەكەمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان پرۆسەی چاكسازییەكە جێبەجێ دەكەن و هەردولا هەوڵدەدەین لە كەمترین ماوەدا، دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە.
بەڵام ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبا بۆ مایك ئەوەی ئاشكراكرد: بەتێكڕا ئەمڕۆ كەمتر لەكاتژمێرێك كارەبا كەمبووەتەوە، ئەویش تا ئێوارەی 19-9-2022 ئاسایی دەبێتەوە.
"هەموو رۆژێك بە ئاڕاستەی زیادكردنی بەرهەمی كارەبا كاردەكەین، تا 17 ی ئەم مانگە كە پلەكانی گەرما وەكو مانگی هەشت بووە، تێكڕای پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان لەهەرێمی كوردستان 15 كاتژمێر و 13 خولەك بووە، بەڵام ئەوە لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە گۆڕاوە، بۆ نمونە لەگەرمیان 15 كاتژمێر و 15 خولەك بووە، لە هەولێر 13 كاتژمێر و نیو بووە، بەڵام لەسلێمانی و دهۆك 16 كاتژمێر بووە". وتەبێژی وەزارەتی كارەبا وای وت.
بەوتەی ئومێد ئەحمەد بەرهەمهێنانی كارەبا لەهاوینی ئەمساڵدا 5000 مێگاواتی تێپەڕاندووە، بەڵام ئێستا كەمبووەتەوە بۆ 4500 مێگاوات.
وتەكانی وتەبێژی وەزارەتی كارەبا لەكاتێكدایە، مایك پەیوەندیكرد بە چەند خاوەن مۆلیدەیەك ئەوان دەڵێن تا 17 ی ئەم مانگە بەتێكڕا 9 كاتژمێر و نیو بۆ 10 كاتژمێر كارەبایان داوە بە هاوڵاتیان.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.