بەڕێوەبەری كۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراق " سۆمۆ" رایگەیاند، داوایان لە كۆمپانیا جیهانییەكان كردووە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان نەكڕن، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ناچارە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بكات.
عەلا یاسری، بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ، بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاند: بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی هەموو ئەو گرێبەستانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان واژووی كردوون بۆ دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت پووچەڵن.
عەلا یاسری وتیشی: وەزارەتی نەوت رێكاری گرتووەتەبەر بۆ گواستنەوەی ئەم دۆسیەیە بەتەواوەتی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم هەنگاوەی لا پەسەند نەبوو، بۆیە وەزارەتی نەوت رێكاری یاسایی گرتەبەر.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ دەشڵێت: حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ناچارە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بكات.
بەوتەی عەلا یاسری كۆمپانیای سۆمۆ داوای لە هەموو كۆمپانیا جیهانییەكان كردووە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان نەكڕن.
بەوتەی بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ، ساڵی رابردوو هەرێمی كوردستان، رۆژانە نزیكەی 420 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە كردووە، بەڵام ئەمساڵ بڕی هەناردەی رۆژانەی دابەزیوە بۆ 355 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
عەلا یاسری ئەوەشی خستەڕوو: حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خاو بە نرخێكی كەمتر دەفرۆشێت بەراورد بە نرخی فرۆشتنی نەوت لە لایەن حكومەتی فیدراڵەوە، جیاوازیی نێوان هەردوو نرخەكە 16 بۆ 20 دۆلار دەبێت بۆ هەر بەرمیلێك.
دادگای فیدراڵیی عێراق لە 15-2-2022 بڕیاری دا كە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان نادەستوورییە، دادگاكە هەروەها بڕیاری دا كە دەبێ حكومەتی هەرێمی كوردستان تێكڕای نەوتی بەرهەمهێندراوی خۆی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات، هاوكات مافی دایە وەزارەتی نەوتی عێراق لە یاسایی، راستی و دروستی گرێبەستە نەوتییەكان و گرێبەستە گازییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان و كۆمپانیا بیانییەكان بكۆڵێتەوە.
لە بەرامبەردا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە سیاسی ناودەبات و رەتیدەكاتەوە، تائێستاش چەند جارێك ئەمریكیەكان هەوڵیانداوە دۆسیەی نەوت لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ چارەسەر بكەن.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.