هەواڵ

ئەمریكا بۆ ماوەی پێنج ساڵ رێككەوتنێك لەبارەی پێشمەرگەوە لەگەڵ هەرێم دەكات

Mic
2022-09-21

وەفدێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بە سەرۆكایەتی سێلیست واڵەندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆدەبێتەوە.
 ئەمرۆ لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم رێككەوتنێكى واژۆ كرد، بەپێی رێككەوتنەكە ئەمریكا بۆ ماوەی پێنج ساڵ هاوكاری هێزی پێشمەرگە دەكات لەبەرامبەردا پارتی و یەكێتی هێزی پێشمەرگە یەكبخەن.
 لە رێككەوتنەكەدا ئەمریكا پابەند دەبێت كە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئەركی راهێنان و پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە لەئەستۆ دەگرێت لەبەرامبەردا دەبێت لەو ماوەیەدا هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخرێنەوەو هیچ هێزێك لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا نەمابێت. 
 لە ئێستادا ئەمریكاو هاوپەیمانان مانگانە بڕی (28 ملیار) دینار هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن بۆ موچەو سەرەرای هاوكاری لۆجستی و سوتەمەنی و خۆراك و پڕچەككردن.
لەبەیاننامەی هاوبەش لەسەر نوێکردنەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە ڕێکەوتی ٢١ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ هاتووە: سیلێست وۆڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا و شۆڕش ئیسماعیل عەبدوڵا، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، واژۆی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێکراوەی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیان کرد.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە: ئامانج لێی بەردەوامیدانە بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعشدا.  ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە نوێکراوەیە کە بۆیەکەمجار لە سالی ٢٠١٦ دا واژۆ کرا ڕەنگدانەوەی هەماهەنگی دوور مەودای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها پابەندی هاوبەشیشیانە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش، لەڕێگەی ئەم لێکتێگەیشتنەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندی خۆی بۆ پشیوانیکردنی ڕۆڵ و بەشداری هێزەکانی پێشمەرگە دووپات دەکاتەوە لە پرۆسەکانی تێکشکاندنی داعشدا وەک پێکهاتەیەکی هێزە ئەمنیەکانی عێراق.
یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە هەم دەستنیشانی ئەو بەرەپێشچوونانە دەکات کە لەبواری چاکسازی بنەڕەتی دامەزراوەکاندا بە دەست هاتوون و هەمیش پابەندی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی زیاتر بە ئامانجی زیاتر پرۆفێشناڵکردنی هێزەکانی لەخۆدەگرێت.
لەبەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شان بە شانی خەڵکی عێراق لە ناویشیاندا خەڵکی هەرێمی کوردستان دەوەستێت، لە کاتێکدا عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر و خاوەن سەروەری بنیاد دەنێن.

More News

Most Popular

هەواڵ

سوپای تورکیا لە سەنتەری شاری عەفرین دەکشێتەوە

Mic
2025-09-17

دوای حەوت ساڵ لە داگیرکردنی؛ بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، سوپای تورکیا لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەکشێتەوە.

سوپای تورکیا بەچەند قۆناغێک لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان کشایەوە و شارەکە رادەستی حکومەتی نوێی سوریا دەکرێتەوە.

تورکیا لە ناوەندی شاری عەفرین دەکشێتەوە


بە گوێرەی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان لە کاتژمێرەکانی رابردوودا یەکەکانی سوپای تورکیا و پۆلیسی تورکیا بنکە و بارەگاکانیان لە شاری عەفرین و شارۆچکەی جەندریس و دەروبەری حەلەب-یان رادەستی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا کردوەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، سوپای تورکیا چوار گۆشەی عەفرین و جەندریس و هەموو ئەو قوتابخانە و باڵەخانانەیان چۆڵکردوە کە پێشتر کردبوویانە بنکە و بارەگای سەربازیی.

سوپای تورکیا لە دەرەوەی شاری عەفرین چەند بنکەیەکی سەربازی هەیە، ئەوەش لە چوارچێوەی دابەشکردنەوەی هێزەکانی لەنێو رۆژئاوای کوردستان و خاکی سووریادایە بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا هەیەتی.

پانۆرامای سەرەتای هێرشەکانی تورکیا و داگیرکردنی عەفرین

سوپای تورکیا لە 20ـی کانوونی دووەمی 2018 تۆپبارانی ناوەندی شاری عەفرین و گوندەکانی ڕاجۆ، شیێ، بلبلێ، شەرا، جندرێسی دەوروبەری کرد، ئامانجی تۆپبارانەکەش ڕێگەخۆشکردن بوو بۆ ئەوەی گرووپە میلیشیاکانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر عەفرین دەست پێ بکەن.

لەو هێرشانەدا خانووی هاوڵاتییانی سڤیل، قوتابخانەکان، دامەزراوە فەرمییەکان، نەخۆشخانەکان، مزگەوتەکان، شوێنە مێژوویی و پیرۆزەکان و ژێرخانی عەفرین  وێران کران.

بە هۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 300 هاوڵاتیی سڤیل شەهید و زیاتر لە 700 هاوڵاتی دیکەش برینداربوون. سەرەڕای ئەوەش نزیکەی 350,000  هاوڵاتیی لە زێدی خۆیان دەرکران، بەشێکی زۆریان لە گوندەکانی نێوان عەفرین و حەلەب نیشتەجێ بوون، بەشێکی دیکەشیان ئاوارەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەشێکیش لە هەرێمی کوردستان بوونە پەنابەر.

داگیرکردنی عەفرین

دوای 58 ڕۆژ لە شەڕ، سوپای تورکیا و گرووپە میلیشیاکان لە 18ـی ئاداری 2018 چوونە نێو شاری عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری، لەو کاتەوە ماڵ و دووکان و شوێنی کارکردنی هاوڵاتییانی کورد تاڵان کران.

هەروەها بەگوێرەی ئامار و زانیاریی چالاکوانانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە 8500 کوڕ و کچی کورد لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە لە پێناو وەرگرتنی سەرانە لە خێزانەکانیان ڕفێندروان، لە نێویشیاندا چارەنووسی زیاتر لە 2000 هاوڵاتی تا وەکو ئێستا نادیارە.

گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین

دوای دەرکردنی هاوڵاتییانی کورد لە زێدی خۆیان، هەزاران  عەرەبی دیمەشق و پارێزگای ئیدلیب و ناوچەکانی دیکەی سووریا لە عەفرین لە سەر موڵک و ماڵی هاوڵاتییانی کوردەکان نیشتەجێ کران، لەو کاتەوە دیموگرافیای عەفرین لە گۆڕاندایە. جیا لەوەی سەدان هەزار دار زەیتوون بڕدران و لە نێو بران، هەزاران دار زەیتوونی تر و داری بەری دیکە هەڵکەندراون و بەرەو ناوچەی دیکە بردراون.

لە دوای داگیرکردنی عەفرین تا وەکوو ئێستا زۆرینەی ناوچە شوێنەوارییەکانی عەفرین لەلایەن سەربازانی تورکیاوە هەڵکەندراون پارچەکانیان دزراوە.

بەگوێرەی زانیاریی چالاکوانان بواری شوێنەوارناس، پارچە شوێنەوارییەکانی گردی جندرێس، قەڵای نەبی هۆری، قەڵای سەمان و ئەشکەوتی دوو دەری دزراون لەلایەن گرووپە میلیشیاکان دزراون.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین بڵاوی کردووەتەوە، سوپای تورکیا و میلیشیاکان زیاتر لە 50 شوێنەواری مێژوویی و مەزارگە ئاینییەکانیان هەڵکەندووە و زیاتر لە 20،000 پارچە کەلوپەلی شوێنەواریان گواستویاننەوە بۆ تورکیا.

لە عەفرین چەندین شوێنی مێژوویی هەیە، جگە لە قەڵای هۆری، قەڵای سامان، ئەشکەوتی دودری، کەنیسەی مارمارۆن و دەیان شوێنی دیکە نزیکەی 25 گردی مێژووییان هەیە، کە زۆربەیان بە درێژایی ڕووباری عەفرین ڕیزکراون و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ بۆ 2000 ساڵ بەر لە زایین.