هەواڵ

بۆچی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەئاست هێرشە بەردەوامەكانی ئێران و توركیا بێدەنگن؟

Mic
2022-10-01

بۆچی وەزارەتی ناوخۆ درەنگانێكی شەوی رابردوو راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕەتیكردەوە هێرشەكانی ئێران بەڕەزامەندی حكومەتی هەرێم  بووبێت، ئایا ئێران و توركیا بۆ لێدان لەسنوورەكانی هەرێم و بارەگای حزبە نەیارەكانیان لەگەڵ یەكێتی و پارتی رێككەوتوون؟
میدیكانی ئێران لە زاری گەورە بەرپرسانی ئەمنی ئەو وڵاتەوە ئاشكرایانكرد هێرشەكانی ئەم دوایەی سوپا بۆسەر هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی كۆمەڵە و دیموكرات بە ئاگاداری بەرپرسانی هەرێم بووە و لەچوارچێوەی رێكەوتنی ئەمنی نێوان هەردولا بووە.
بەرپرسانی ئێرانی ئاماژەیان بەوە شكردووە بەر لە سێ‌ رۆژ  لە ئەنجامدانی هێرشەكە سەركردایەتی پارتی و یەكێتی و پارێزگاری سلێمانی و هەولێریان ئاگادار كردووەتەوە لە ئەنجامدانی هێرشەكان، باسیان لەوەشكردووە هێرشەكی ئەم دواییە بە ئاگاداری حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە و لە چوارچێوەی رێكەوتنێكی ئەمنیدا بووە كە پێشتر بەناوی حكومەتی هەرێمەوە لە تاران لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم ئیمزا كراوە.
بەوووتەی بەرپرسانی ئێرانی،رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە ناوەراستی مانگی ئایاری ئەمساڵ سەردانی تارانی كردووە و لەو سەردانەدا رێكەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ ئێرانیەكان واژوو كردووە كە بەپێی رێكەوتنەكە حكومەتی هەرێم دەبێت رێگە لە هەر جموجوڵ و مەترسیەكك بگرێت كە لە هەولێرەوە دژی ئێران ئەنجام بدرێت،هەروەها دەستی بەرپرسانی باڵای ئێرانیش واڵا دەكات كە راستەوخۆ روبەرووی هەر هێرش و مەترسیەك ببنەوە كە لە هەرێمەوە ئاراستەی ئێران بكرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرەكەی هەرێم بەڵێنی سنورداركردنی چالاكی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانی داوە و تەنانەت بەڵێنی ئەوەش دراوە كە رێگە لە كردەی چەكداری ئەو حیزبانە بگیرێت لە ناوچە سنوریەكانی هەرێمی كوردستانەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رێككەوتنەكە لەزاری بەرپرسانی ئێرانەوە، شەوی رابردوو وەزارتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: نوێنەر و شاندە ئیرانییەكان لە كۆبوونەوەكان و لە ڕاگەیاندنەكانیش، بە ئاشكرا و بەردەوام هەڕەشەی لێدانی بنكەكانی ئوپۆزسیۆن و بنكەكانی ئەمریكایان كردووە، لایەنە ئوپۆزسیۆنەكانیش ئاگاداری ئەو ھەڕەشانە بوون، بەڵام هەرێمی كوردستان، بە هیچ شێوەیەك و ھیچ كاتێك، ڕەزامەندی لە سەر پێشێلكردنی سەروەری خاك و ئەنجامدانی ئەم هێڕشانە نەداوە و بە توندیش سەركۆنەیان دەكەین.
بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بەردەوام لەكاتی بۆردوومانەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، ئەمەش ترسی لای پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران و توركیا و هاوڵاتیانی هەرێمیش دروستكردووە كە رێككەوتنێكی ژێر بەژێر لەنێوان پارتی و یەكێتی بەناوی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران و توركیا كرابێت، هاوڵاتیان بەڵگەی ئەوەش دەهێننەوە كە لەكاتی هەر بۆردوومانێكدا بەرپرسانی هەرێم جگە لەئیدانەكردن هیچ هەڵوێستێكی كرداریان نییە.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.