هەواڵ

تونێلێكی 800 مەتری 31 ساڵە حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە نۆژەنی بكاتەوە

Mic
2022-10-03

بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی رایگەیاند رۆژی سێشەممە دەست بە نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەکەن، لێدوانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم دوای ئەوەدێت شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند دەست دەكەن بە نۆژەنكردنەوەی تونێلەكە.
 محەمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی سلێمانی بەمایكی وت: دوێنێ یەکشەممە ستافمان بۆ تونێلی دەربەندیخان ناردووە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە بکەن و لەگەڵ قایمقامییەت و هاتووچۆ گفتوگۆبکەن بۆ دیاریکردنی رێگەی جێگرەوە، هەموو شتێک تەواو بووە و بڕیارە سبەینێ دەست بەنۆژەنکردنەوەی بکەین.
وتیشی: نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە ئەگەر مانگێک زیاتر نەخایەنێت، کەمتریش نابێت.
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی سلێمانی کۆنکرێتی تونێلەکە، کارەبا، قیرتاوی نێو تونێلەکە و رێگەی پێش تونێل و ئەوەی هەبێت چاکی دەکەن.
دوێنێ سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان رایگەیاند: هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و بڕیارە لە سبەینێوە، ئۆتۆمبێلی بچووک لە رێگەی بەرانان و بارهەڵگرەکانیش لە رێگەی ناوتاق-وارماوا هاتووچۆ بکەن. 
 وتیشی: جیاکردنەوەی ئەو دوو رێگەیە بۆ ئەوەیە کەمترین رووداوی هاتووچۆ رووبدات، چونکە رێگەی بەرانان بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر قورسترە.
رۆژی یەکشەممە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: پێشتر لەسەر داوای دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەزارەتی دارایی لە 22/6/2022 رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی 187 ملیۆن و 828 هەزار دینار بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەربڕیوە.
 درێژی تونێلی دەربەندیخان نزیکەی 800 مەترە، تونێلەکە قەزاکانی کفری، کەلار و دەربەندیخان بە سلێمانییەوە دەبەستێتەوە.

یەكی ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەردانی تونێلەكەی كرد و رایگەیاند: ئەو چاكسازییەی ئێمە لەتونێلەكەدا دەیكەین بە پارەیەكی كەم دەیكەین، وتیشی پێویست بوو ساڵانە نۆژەن بكرێتەوە بەڵام 31 ساڵە نۆژەن نەكراوەتەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.