هەواڵ

كێشەكانی بزووتنەوە سەردەكێشێت بۆ سكاڵای یاسایی

Mic
2022-10-03

وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی رایگەیاند رابەری بزووتنەوە شەرعییە و بۆ پاراستنی شكۆ، مەركەزیەتی و مێژووی بزووتنەوەی ئیسلامی، هەموو رێگایەكی یاسایی دەگرنەبەر.
عەبدوڵڵا وەرتی، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەسلێمانی وتی: چەند كەسێك كە نەیانتوانیوە متمانەی كۆنگرەی 12 بەدەستبێنن و بە دەستلەملانێ لەگەڵ كەسانێك لە مێژووی بزووتنەوەی ئیسلامی هەمیشە سەرقاڵی دووبەرەكی بوونە لەناو ریزەكانی بزووتنەوەدا، جارێكی دیكە هەوڵی لێكترازان و دووبەرەكیان دایەوە لەناو ریزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان.
وتەبێژی بزووتنەوە وتیشی: ئەنجامەكانی كۆنگرەی 12 لە رووی شەرعی و یاسایی و سیاسییەوە قبوڵكراوە و كۆتایی پێهاتووە، ئەوانەی ئێستا بە بزووتنەوەی ئیسلامی رازی نین، رێگایەكە خۆیان هەڵیانبژاردووە، دۆخی بزووتنەوەی ئیسلامی سەقامگیرە و هەموو رێگایەكی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی شكۆ، مێژوو و مەركەزیەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان.
ئەو وتانەی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی شوورای حزبەكەیان بوو، دوای ئەوەی دوێنێ 2/10/2022، باڵێكی ئەو حزبە بە سەرۆكایەتی كامیلی حاجی عەلی، خۆیان وەك جێگرەوەی فەرمی بزووتنەوەكە‌ ناساند و رابەری نوێشیان دیاریكرد.
بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان ساڵی 1987 لە لایەن كۆمەڵێك پیاوی ئایینی بە سەركردایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە شاری سنە لەرۆژهەڵاتی كوردستان ڕاگەیەندرا،  بزووتنەوە یەكەم حیزبی ئیسلامیی چەكدارە كە لە هەرێمی كوردستان دامەزراوە و بە فەرمی ڕاگەیەندراوە.
پێشتر پەیوەندی ئیسلامی بە سەركردایەتی شێخ محەممەد بەرزنجی ھەبووە كە لە سەرەتای ھەشتاكان دروست بووە پاشان ھاتوونەتە ناو بزووتنەوەوە، لە ساڵی 2000 لەگەڵ بزووتنەوەی ڕاپەڕین یەكیان گرتووەتەوە كە مەلا سدیق سەركردایەتی دەكرد و بزووتنەوەی یەكبوونیان ڕاگەیاند،  بەڵام زۆری نەخایاند كە ئەم یەكبوونە بوو بەھۆی دابەش بوونی بزووتنەوە بۆ سێ پارتی ئیسلامی.
 بزووتنەوە وەك حیزبی دایك وایە بۆ حزبە ئیسلامیەكان بەڵام ئێستا ئەو حزبانەی لێی جیابوونەتەوە جەماوەریان لەو بەرفراوانترە، چەندین حیزبی ئیسلامی دی لێ دروست بووە وەكوو كۆمەڵی ئیسلامی بە سەركردایەتی عەلی باپیر، جوندولئیسلام بەسەركردایەتی ئەبو عەبدوڵڵای شافیعی، باڵی ئیسڵاح بەسەركردایەتی مەلا كرێكار كە دواتر یەكیان گرت ئەنسارولئیسلامیان بە سەركردایەتی مەلا كرێكار دامەزراند.
دوای ئەم جیابوونەوانە بزووتنەوە تووشی لاوازییەكی گەورە بوو پاش ئەم دابەشبوونانە و بڕینی مووچەكەیان لە لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە دوو ملیۆن فرانكی سویسری بوو پاش ڕێككەوتنی ئێران و واژوو كردنی ئاگر بەستی نێوانیان و ھەروەھا بەپێی ڕێككەوتنەكە بزووتنەوە بە دوو وەزیر بەشداری كابینەی سلێمانی یەكێتی نیشتمانیان كرد پاش ئەم بەشدارییە پارتی دیموكراتی كوردستان دوو وەزیرەكەی بزووتنەوەی لە ئیدارەی ھەولێری ئەوكات خانەنشین كرد، بزووتنەوە لە ھەڵبژاردنی 25ی تەممووزی 2009 توانی دوو كورسی پەرلەمانی كوردستان بەدەست بھێنن، بەڵام ئێستا هیچ ئەندامێكیان لەپەرلەمانی كوردستان نییە و لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش نەیتوانی هیچ كورسییەك بەدەست بهێنێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.