هەواڵ

ئەمریكا: بەكردار پشتیوانی خۆپیشاندەرانی ئێران دەكەین

Mic
2022-10-04

خۆپیشاندانی خەڵكی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان 18 رۆژە درێژەی هەیە كە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی كچە كوردی خەڵكی سەقز سەریانهەڵدا، ئەمریكاش پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران دووپاتكردەوە و رایگەیاند بەكردار پشتیوانییان دەكەن، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش خۆپیشاندەران بە گێرەشێوێن ناودەبات.
جەیك سولیڤان راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا رایگەیاند: بەردەوام دەبین لە ئیدانەکردنی دڕەندیی و سەرکوتکردنی هاووڵاتیانی ئازای ئێران، ژنانی ئازای ئێران، کە تەنها لە پێناوی ماف و شکۆی خۆیاندا و لە پێناوی بەدەستهێنانی دادپەروەریدا خۆپیشاندان دەکەن، بەردەوام شانبەشانیان ڕادەوەستین، نەک تەنها بە قسە، بەڵکو بە کردار. 
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا وتیشی: ژمارەیەک سزامان سەپاندووە بەسەر هەندێک لایەندا بەرامبەر ئەوەی ئەنجامیانداوە لە کوشتن و کردەوەی دڕندانە، وە بەڵێ بەردەوام دەبین لە گەڕان بۆ لایەنی ویستراوی تر تا سزایان بەسەردا بسەپێنین بەرامبەر ئەم پێشلکاریە دڕندانەیەی مافەکانی مرۆڤ.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەزار و 138 خۆپێشاندەریش برینداربوون و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون، لەسەرانسەری ئێرانیش بەپێی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران 141 كەس كوژراون و نزیكەی 12 هەزار كەسیش دەستگیركراون.
  شەوی رابردوو خۆپێشاندانەکان لە شارەکانی تاران، کەرەج، شیراز و ئیسفەهان بەردەوام بوون و خەڵک درووشمیان دژی رێبەری ئێران وتەوە.
 
ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دوای گیانلەدەستدانی ژیان ئەمینی دەستیانپێکرد.
 ژینا ئەمینی رۆژی 13-09-2022 لە تاران لە لایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستبەسەر کرا، لە بنکەی پۆلیس تەندروستیی تێکچوو و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا. 
 
خێزانەکەی دەڵێن، ژینا لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە سزادراوە، بۆیە گیانی لە دەستداوە، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی ئەمە رەتدەکەنەوە.
 
رۆژی دووشەممە عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانن و خۆپیشاندەرانیشی بە گێرەشێوێن ناوبرد.
هاوكات 15 رۆژە ئێران بەردەوام بارەگای حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆردوومان دەكات و تائێستاش بەهۆی بۆردوومانەكانی سوپای ئەو وڵاتە و درۆنەكانیان بۆ خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.