كامێرا نوێیەكانی تیژڕەوی لەسلێمانی دووجار تەقەی لێكراوە و جارێكیش سوتێندراوە، بەڵام حكومەت و كۆمپانیای جێبەجێكار هێشتا سورن لەسەر ئەوەی دایبنێن، لەكاتێكدا داواكاری گشتی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش ڕەتیانكردووەتەوە.
لەسەر رێگەی ناحیەی پیرەمەگروون كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی ئاگریان تێبەردرا، ئەمە دووەمجارە لەم مانگەدا كە هەوڵی تێكدانی كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی لەسەر رێگەی سلێمانی – دووكان دەدرێت و پێشتریش لەمانگی هەشتی ئەمساڵ تەقەی لێكرا.
لاوەند فەرەیدوون، پارێزەری كۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، كە خاوەنی كامێراكانە بە مایكی راگەیاند: كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی لە پیرەمەگروون ئاگریان تێبەردراوە و جگە لە سووتاندن تەقە لە كامێرای دیكەش كراوە.
پارێزەری كۆمپانیاكە سەبارەت بە تەقەكردنی چەند رۆژی رابردوو وتیشی: رۆژی دووشەممە سێی ئەم مانگە كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆ ئاگاداركراینەوە لەوەی چەند فیشەكێك نراوە بە كامێراكانی تیژڕەوییەوە لەسەر رێگای سلێمانی – دووكان، ئەوەش زیانی بە كامێراكان گەیاندووە، بۆیە جارێكی دیكە سكاڵا تۆمار دەكەین.
پێشتریش لە رۆژی 22ی ئابی 2022 دا لە سەر هەمان رێگە، تەقە لە كامێرا جێگیرەكانی تیژڕەوی كرا و كۆمپانیاكەش لەسەر دۆسیەكە سكاڵای تۆماركردووە.
لاوەند فەرەیدوون دەشڵێت: تا وەزارەتی ناوخۆ پرۆژەكە وەرنەگرێت و بەتەواوی رادەستیان نەكرێت، كامێرا جێگیرەكان ناخرێنەكار.
دانانی كامێرا جێگیرەكانی تیژڕەوی لە سنووری سلێمانی، ناڕەزایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكەی لێكەوتەوە و لە رۆژی 23ی ئابدا، بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەكەیان رەتكردەوە و داوایان كرد، وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستی دانانی كامێرەكان لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار هەڵبوەشێنێتەوە.
بەگوێرەی گرێبەستی نێوان كۆمپانیای جێبەجێكار و وەزارەتی ناوخۆ، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین، 225 كامێرای جێگیری تیژڕەوی دادەنرێت، كە بەشێكیان بەشێوەی سیستمی (پۆینت بۆ پۆینت) كاردەكەن.
پێشتر عەمید سەعدوڵا عەزیز، بەرێوەبەری كارگێری هاتووچۆی سلێمانی كە سەرپەرشتی جێبەجێكردنی گرێبەستی كامێرا نوێیەكانی هاتووچۆ دەكات بەمایكی وت: كاركردن تێیدا وەكو كۆمپانیا دەستیان پێكردووە، بەڵام وەكو هاتووچۆی سلێمانی تائێستا هیچ پێگەیەكیان لێ وەرنەگیراوەو هیچ كارمەندێكی هاتوچۆش بەپێی گرێبەستەكە لەگەڵیان دەستبەكار نەبووە.
وتیشی: تائێستا سیستەمی كامێرای پۆینت توو پۆینت بە سێرڤەری هاتووچۆی سلێمانییەوە نەبەستراوەتەوە و هیچ كارمەندێكی هاتووچۆش نەخراوەتەكار و هیچ كامێرایەكی نوێش كارناكات.
كۆمپانیای جێبەجێكاری سیستەمە نوێیەكەی كامێرای تیژڕەوی، وەك خۆشیان دانی پێدا دەنێن 403 ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێی 2022 ی داوە بەحكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەشێكیان نێردراون بۆ هەولێر تا رێگەخۆشكەر بێت لەوێش سیستەمەكە جێبەجێ بكرێت.
هەرچەندە فشارەكان بۆ راگرتنی سیستەمە نوێیەكە زۆربوون، بەڵام تائێستا كۆمپانیای جێبەجێكاری سیستەمی كامێرای پۆینت توو پۆینت لەكارەكانی بەردەوامە و ئەوەش ترسی لای هاوڵاتیان دروستكردووە كە بەجێبەجێكردنی بارگرانییەكی دیكەیان لەڕووی داراییەوە بۆ دروستبكات.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.