هەواڵ

ئێران و توركیا بە درۆن و تۆپخانەكانیان بەردەوامن لە بۆردوومانكردنی چەند ناوچەیەكی هەرێم

Mic
2022-10-06

كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا گوندی بادانەیان لە سنووری ناحیەی ناڵپارێز لە قەزای پێنجوێنی هەرێمی كوردستان بۆردوومان كردەوە و ترس و دڵەڕاوكێی زۆری لەناو گوندنشینان بڵاوكردووەتەوە، ئەمەش سێیەم جارە لەدوو رۆژی ڕابردوودا توركیا ئەو سنوورە بۆردوومان دەكات و دوێنێش گوندی شێخەلمارێنیان لە قەزای شارباژێر بۆردوومانكرد و ئۆتۆمبێلێكیان كردە ئامانج كە بەهۆیەوە كەسێك برینداربوو.
لەلایەن خۆشیانەوە فەرماندەیی یەكینەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان – یەرەكە كە باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی كوردستانە ڕایگەیاند: لە ناوچەی پێنجوێن و شارباژێڕ كە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بۆردومان كراوە، هیچ هێزێكی ئێمە لەو ناوچانەدا نییە.
لە ڕاگەیەندراوەكەی یەرەكەدا هاتووە: لە ڕۆژانی سێ تا شەشی ئەیلول، فڕۆكەی چاودێری بەسەر ئاسمانی چوارتا و ئاسۆس و پێنجوێندا سوڕاوەتەوە، لە كاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان هێرشی كردە سەر ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی لە گوندی شێخەڵمارێن.
یەرەكە دەشڵێت: لەو ناوچانەی دەوڵەتی توركیا هێرشی تێدا ئەنجامداوە هێزی ئێمەی تێدانییە و هیچ بنەكەیەكمان لەو ناوچانەدا نییە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە هاوڵاتیان زیانیان پێگەیشتووه.
یەرەكە لەڕاگەیەندراوەكەدا دەشڵێت: هەندێك دەزگای ڕاگەیاندن بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بە هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بدەن، پەكەكە و ئێمە دەكەنە ئامانج، ئێمە داوا لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكەین، لەسەر ئەو هێرشانە ڕاستییەكان بگەیەنن.
هاوكات دوێنێ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە كە باڵی سەربازی پەكەكەیە ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر بۆردوومانكردنی ئۆتۆمبێلێك لە سنووری شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:لە هەندێك دەزگای ڕاگەیاندنی باشووری كوردستان بڵاوكرایەوە، كە لە چواری تشرینی یەكەمدا لە ناوچەی شارباژێڕی سلێمانی دەوڵەتی توركیا هێرشێكی ئاسمانی ئەنجامداوە و بانگەشەی ئەوە كرا، كە لە ئۆتۆمبێلێكدا كە هێرشی كراوەتە، سەر دوو كەسی سەر بە پەكەكە تێدابوون.
هەپەگە دەشڵێت: لەو شوێنەی هێرشەكەی تێدا ئەنجامدراوە هێزەكانی ئێمەی لێنییە و دەبێت بزانرێت، كە ئەوە هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە.
پێشتریش هێمن ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز رایگەیاند: بەهۆی مەترسی بۆردوومانەكەوە كە لەلایەن فڕۆكەوە ئەنجامدراوە، چەندین خێزان گوندەكەیان بەجێهێشتووە و روویان لە سەنتەری شاری سلێمانی كردووە.
خەڵكی ناوچەكە داوا دەكەن لایەنە پەیوەندیدارەكان بێنە سەر خەت بەهۆی مەترسیداری بۆردوومانی ناوچەكە و بەهۆی دژواری دۆخەكەوە خوێندن لە بەشێك لە ناوچەكانی سنوری پەروەردەی شارباژێڕ تا رۆژی یەكشەممە راگیراوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، ماوەی چەندین رۆژە بەشێوەیەكی بەردەوام فڕۆكە و درۆن بە ئاسمانی سنوری شارباژێرو پێنجوێن و چەندین ناوچەی دیكەی هەرێمدا دەسوڕێتەوە و بۆردوومانی چەندین ناوچەیان كردووە، تۆپبارانكردنی برادۆست و باڵەكایەتی لە سنووری ئیدارەی سۆرانیش لەلایەن ئێرانەوە پێینایە 13یەمین ڕۆژەوە.
بەیانی ئەمڕۆش تۆپخانەكانی ئێران لە سنووری برادۆست، كوێستانی ناوڕوبار و گوندی گۆڕێ سایە و گوندی كەتینەی تۆپباران كرد، هاوكات لە سنوری باڵەكایەتی، تۆپخانەكانی ئیران، گوندی بەردەخڕ و هاوینەهەواری بێرمەسارد و كوێستانەكانی سەرچاڵ و بناری هەڵگۆردی تۆپباران دەكەن.

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.