ژیان

ئەوانەی بۆ بینینی مۆندیال دەیانەوێت بچنە قەتەر كێشەی نرخەكانیان هەیە

Mic
2022-10-09

وڵاتانی كەنداو گرەو لەسەر ئەو گەشتیارییە گەورەیە دەكەن كە بەهۆیەوە بەناوبانگن، كە ڕەنگە لەگەڵ هەندێك لە هاندەرانی تۆپی پێدا نەگونجێت كە كەمتر توانای خەرجكردنی پارەیان هەیە، بۆ ئەوەی مۆندیالێكی ناوازە لە قەتەر پێشكەش بكەن.
قەتەر یەكەم وڵات دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە 20ی ئەم مانگە تا 18ی كانوونی دووەم میوانداری یەكێك لە گرنگترین بۆنەكانی جیهان بكات و پێشبینی دەكرێت ژمارەی سەردانكەرانی لەم ماوەیەدا بگاتە  ملیۆنێك و 200 هەزار كەس، كە نزیكەی نیوەی دانیشتوانیەتی.
قەتەر خۆی بۆ مۆندیالێكی ناوازە ئامادە دەكات، كە كلتوری بیابانی بەدەوی و دامەزراوە مۆدێرنەكان و چێشتخانە جوانەكان نمایش دەكات.
"گرانبەها"
كۆمپانیای ئێكسپات سپۆرت كە بنكەكەی لە دوبەیە و خۆی وەك كۆمپانیایەكی پێشەنگی گەشتیاری وەرزشی لە كەنداو پیشان دەدات، پاكێجی جۆراوجۆر پێشكەش بە هاندەرانی مۆندیال دەكات، لەنێویاندا بلیتی فڕۆكە بۆ دۆحە.
سو هۆڵت بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: "لەناو ئامادەبوواندا كەسانێك هەن كە پێشتر ئەزموونی توخمەكانی سەرگەرمییان لەم بوارەدا نەكردووە"، ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمپانیاكە پاكێج لە دوبەی پێشكەش دەكات لە نێوان ١٥٠٠ دۆلارەوە بۆ چوار شەو تا پێنج هەزار دۆلار.
بە وتەی هۆڵت، ناوچەی كەنداو بە تایبەت دوبەی "ناسراوە" بە پێشكەشكردنی "خزمەتگوزاری كوالیتی بەرز"، بە تایبەت لە كەرتی هۆتێل و چێشتخانەكاندا، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو كڕیارانەی كە لە ئێستادا جێگا حجز دەكەن، بەقەد لە ئەوروپاوە دێن یان چین.یان هیندستان.
ئۆفەری سەرەكی كۆمپانیاكە بریتییە لە هۆتێلێكی نوێی مێگا لە دڵی دوورگەی دروستكراوی مرۆڤ لە دوبەی، كە لە مەلەوانگەی سەربانەوە دیمەنێكی پانۆراما دەبینرێت، بەڵام دەڵێت شوێنی نیشتەجێبوونی دیكە پێشكەش دەكات كە لەگەڵ "زۆربەی بودجەدا" بگونجێت.
بەپێی وتەی ڕۆنان ئێڤین بەڕێوەبەری یەكێتی هاندەرانی ئەوروپا، بەشێكی زۆر لە هاندەرانی تۆپی پێی ئەوروپا كە بلیتی یارییەكانیان كڕیوە، ڕووبەڕووی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی (گەشتەكانیان) دەبنەوە، چونكە توانای دابینكردنی ئەو جۆرە بودجەیەیان نییە”.
ئێڤین بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە "یان خەڵك ناتوانن خانووبەرە بەدەستبهێنن، یان خانووبەرە زۆر گرانە" پێدەچێت ئەمە لە قەتەر مەحاڵ بێت.
ئیڤین جەخت لەوە دەكاتەوە كە "لە ئێستاوە موكلیفی (دەوڵەمەند) هەن كە دێنە مۆندیال، بەڵام ئەوان ئەوانە نین كە یاریگاكان پڕ دەكەنەوە"، بە گاڵتەجاڕیەوە كە زۆربەی هاندەران "ئەو جۆرە كەسانە نین كە توانای مانەوەیان لە كەشتییە گەشتیارییەكان هەبێت بە هەفتانەی پێنج هەزار دۆلار”.
بۆ هەوادارانی ئاسایی، بژاردەی كەمتر گران بریتین لە جێگایەك لە ژوورێكی هاوبەش لە نزیك دۆحە بە 84 دۆلار بۆ شەوێك، یان شوێنی نیشتەجێبوون لە كەشتییە گەشتیارییەكان بە نێوان 179 بۆ 800 دۆلار بۆ شەوێك.
بەڵام رۆبەرت مۆگیلنیكی، توێژەر لە پەیمانگای وڵاتانی عەرەبی كەنداو دەڵێت:  بۆ قەتەر، رێكخستنی مۆندیال "بابەتێكی شكۆمەندییە" و رێگەیەك نییە بۆ "خۆشكردنی رێگە بۆ چاكسازیی هەمەلایەنە لە مۆدێلی گەشتیاری وڵاتەكەدا".

وتیشی: "ئەوەی قەتەرییەكان نایانەوێت ئەوەیە كە لە كۆتاییدا بە ژێرخانی گەشتیاری زۆر بۆ بەشێك لە گەشتیاران كۆتایی پێبهێنن كە بەدووری نازانرێت ئامادەیی بەردەوامیان لە وڵاتەكەدا هەبێت".
ئەو پێی وایە ئەگەری زۆرە میرنشینەكە بەردەوام بێت لە هەوڵی ڕاكێشانی گەشتیاران "لە بازنەكانی نوخبە".
بەڵام مۆگیلنیكی دەڵێت بەرپرسانی قەتەر دەبێت "هاوسەنگییەك لە نێوان پێداویستییە دەستبەجێیەكانی پەیوەست بە مۆندیال و ئامانجە درێژخایەنەكانی گەشتیاری" بدۆزنەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

ڤیدیۆی ناو زیندانەکانی عێراق وەزارەتی داد رووگیردەکات

Mic
2025-05-10


لەناو زیندانەکانی عێراقەوە ڤیدیۆی توندوتیژییەکانی تاوانباران بڵاودەبنەوە کە بەبێ ئاگاداریی ئیدارەی گرتووخانەکان، دەستدرێژیی دەکەنە سەر یەکتریی و بە مۆبایل وێنەی دەگرن و پاشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویدەکەنەوە.

کەسێک ناوی "باسمی نەجەف"ە، تاکێک پێڵاوی بەدەستەوەیە و دەیکێشێت بە شان و ملی زیندانییەکانی دیکەدا لە گرتووخانەی تاجی و بەجوێن و قسەی ناشرین سوکایەتییان پيدەکات.

ڤیدیۆکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگێک لەمەوبەر، کاتێک تۆمارکراوە کە توانراوە ئەو کەسە دەستگیربکرێت کە ویستویەتی ماددەی هۆشبەر بگەیەنێتە دەستی زیندانییەکان.

بەڕێوەبەرێتی چاکسازییەکان عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە لەکاتی خۆیدا روداوەکەیان بینیوە و سزای یاسایی ئەو کەسانەش دراوە کە مۆبایل و کەرەستەکانی بەنهێنی گەیاندووەتە دەستی زیندانییەکان.

هەروەها لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا، زیندانییەکان بەشێوەیەکی نائاکاریی پاڵکەوتوون و وا دەردەکەوێت کە سوکایەتی بە کەسێتیی یەکتریی دەکەن.

دیمەنەکان زۆر بەخێرایی بون بە ترێند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وەزارەتی دادی عێراقی ناچارکرد روونکردنەوە لەوبارەیەوە بڵاوبکاتەوە.

وەزارەتی داد، کە وەزیرەکەی کوردە و ناوی خالید شوانییە، ئەگەرچی ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە دیمەنەکان لە زیندانەکاندا تۆمارکراون، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە "زۆرینەی ئەو ڤیدیۆیانە کۆنن".

سەبارەت بە ڤیدیۆ تازەکانیش وەزارەتەکە دەڵێت: "دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانە".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی داد، 300٪ی زیندانەکانی عێراق پڕبون لە سزادراو، بە واتایەکی دیکە زیندانەکان سێهێندەی توانای ئاسایی خۆیان سزادراویان تێدا گلدراوەتەوە.