ژیان

لەعێراق %9 ی ژنان كاردەكەن، بەڵام لەهەرێم رێژەكە زیاتر لە دوو هێندەیە

Mic
2022-10-13

بەپێی ئەنجامی ڕاپرسیەك، كە بە هاوكاریی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەساڵی ٢٠٢١ ئەنجام دراوە دەركەوتووە، زیاتر لە %90 ی ژنانی عێراق لە دەرەوەی بازاڕی كارن، دەشڵێت ژمارەی دانیشتوانی عێراق لەئێستادا ٤١ ملیۆن كەسە، پێشبینی دەكرێت لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بگاتە زیاتر لە ٥٠ ملیۆن كەس.
ڕیتا كۆڵۆمبیا، نوێنەری سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق ڕایگەیاند: بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانان، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ئێستادا ٤١ ملیۆن كەسن، پێشبینی دەكەین ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بگاتە زیاتر لە ٥٠ ملیۆن كەس ئەگەر ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتووانی ئێستا، كە زیاتر لە ٢.٥% بەردەوام بێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ڕیتا كۆڵۆمبیا وتیشی: زیاتر لە ٥٩%ی دانیشتووانی عێراق تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵیدایە، ئەمەش بەو مانایەی زیاتر لە نیوەی دانیشتووانەكەی لەو تەمەندان، كە توانای كاركردنیان هەیە.
نوێنەرەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەشی خستەڕوو: بەپێی ئەنجامی ڕاپرسیی دووەمی ژنانی عێراق، كە بە هاوكاریی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجاممان داوە و لە ڕێگەیەوە نمونەی ماڵەكانمان لە سەرجەم شارەكانی عێراق وەرگرتووە، زیاتر لە %91ی ژنانی عێراق لە دەرەوەی بازاڕی كارن.
ریتا كۆلۆمبیا دەشڵێت: تەنها زیاتر لە ٩%ی ژنانی عێراق كاردەكەن، بەڵام ڕێژەكە لە هەرێمی كوردستان بەرزترە بەجۆرێك دەگاتە لە ١٤%.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەكگرتووەكان كاتێك ژنانی بێكاریان دواندووە، لە ٢١%یان ئامادەیی خۆیان بۆ كاركردن دەربڕیوە و لە ٧%یان مەرجیان هەبووە بۆئەوەی لەگەڵ بارودۆخی خێزانەكەیان بگونجێت.
لە كۆتای قسەكانیدا ڕیتا كۆڵۆمبیا ئاماژەی بەوەەشكردووە: تەنها لە ساڵی ڕابردوودا ٢٠ ملیۆن دۆلارمان خەرج كردووە بۆ بەرنامەی پشتگیریكردنی گەنجانی عێراق، كە ناوەڕۆكی بەرنامە و كارەكانمان لەسەر چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتی و پێداویستییەكانیان بوو، ژمارەیەكی زۆریان توانیان بە پرۆژەی تایبەت بە خۆیان بچنە ناو بازاڕی كارەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

وردەكاری دواخستنی دانیشتنێكی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان

Mic
2023-01-31

دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ حەوتی شوبات دواخرا، نوێنەرانی هەرێم پاساوی ئامادەنەبوونیان  خراپیی کەشوهەواوە بووە.
 بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە، 31-01-2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەک کۆببێتەوە کە لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، بەڵام رێبوار ئەوڕەحمان وتەبێژی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ئەمڕۆ لە دانیشتنی دادگای فیدراڵی تایبەت بە درێژكردنەوەی نایاسایی پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكان كە لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ تۆماركرابوو دواخرا بۆ حەوتی مانگی دوو كرایە دانیشتنێكی كراوە.
 بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی دوو سکاڵا کۆببێتەوە کە ئەوانیش یەكەمیان ئەو سكاڵایەی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوو، دووەمیش سکاڵا لەسەر هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق تۆمارکرابوو و سکاڵاکار داوا دەکات راسپاردنی محەممەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت هەڵبوەشێندرێتەوە.
 سکاڵای یەكەم بە ناوی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشکەشکراوە، لە پاش ئەوەی لەگەڵ سێ سکاڵای دیکەدا یەکخران، کە لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کرابوون و 18ـی کانوونی یەکەمی 2022، یەکەم دانیشتن لەبارەی سکاڵاکان کرا.
 سکاڵاکار لەو سکاڵایەدا داوای پووچەڵکردنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بەهۆی دژایەتیی لەگەڵ هەردوو ماددەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە: مافی دەستووریی دیاریکراو لە ماددەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات.
رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2022، پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی و بەشێك لەفراكسیۆنی گۆڕان و پێكهاتەكان تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانیان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان  هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تووڕەکرد و لەنێوان بەشدارینەکردن لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و بایکۆتکردنی و هەڵپەساردنی ئەندامێتی خۆیانهێشتەوە.